|
|
|
| 2012/05/2 6:52AM | 263 جار خوێندراوهتهوه |
| مهكتهبی سیاسیی یهكێتی پیرۆزباییهك ئاراستهی ئهندامانی كۆنگرهی شهشهمی یهكگرتووی ئیسلامی دهكات |
| |
بەڕێزان.. ئەندامانی شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.. بەناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پیرۆزبایی بەستنی شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتووە تێکۆشەرەکەتان لێدەکەین و ئومێدەوارین لەسەرخستنی بەرنامەی کۆنگرەکەدا، سەرکەوتوو بن. بەڕێزان! کۆنگرەکەتان لە ھەلومەرجێکدا دەبەسترێ، کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی چواردەوری کوردستان و عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، رووبەڕووی روداوی چارەنوسسازو ئەگەری سیاسی جۆراوجۆر بونەتەوە. روداوەکان و ئەگەرە سیاسیەکان، ئەرکی ھەموولایەک ھەستیارتر دەکات؛ بۆئەوەی رۆژھەڵات و ناوچەکەمان، نەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی ستەمکاریەکانی سەردەستی حکومەتە دیکتاتۆرەکان، پێویستە تێبکۆشین ئاڕاستەی گشتی روداوەکان، بەقازانجی دیموکراسی و گەلان و مافە مەدەنیەکان، کۆتاییان بێ. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەم ھەلومەرجە ھەستیارەدا، پێی وایە ھێزە سیاسیەکانی کوردستان، ئەرکی سەرشانمانە، بەقوڵی روداوەکان لێکبدەینەوەو پێکەوەش لەچوارچێوەی لێکگەیشتنێکی گشتی دا، خۆمان بۆ ھەموو ئەگەرێکی سیاسی ئامادەبکەین و چی لە قازانجی گەلەکەمان و ئەزمونەکەمان و ستراتیژی ھاوبەشی دوورمانە لەسەری رێکبکەوین. ئەمەش وادەخوازێ، لەبەر رۆشنایی باری بابەتی روداوەکانی رۆژھەڵات و ناوچەکەو کێشمەکێشەکانی عێراق، خۆمان لە جەمسەربەندی ناوچەیی و ناوخۆیی دووربگرین، ئۆباڵی مێژوویی ئاوھاش، پێویستی بەوەیە ھەڵوێستی ھاوبەش گەڵاڵە بکەین و بەپێی پەرپرسیارێتیمان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا، ھەنگاوی بۆ ھەڵبھێنین. بەڕێزان! چاوەڕوانین، ئێوەی تێکۆشەر، لە شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتووی دۆستمان دا، بەھەڵسەنگاندنی ھەمەلایەنەی تاقیکردنەوەی یەکگرتووی ئیسلامی و ھەڵوێستەکردن لەسەر ھەلومەرجەکە، ھەم لە داڕشتنی بەرنامەی نوێی ئۆرگانەکانی یەکگرتوودا، سەرکەوتووبن، ھەم لە داڕشتنی سیاسەت و ھەڵوێستی پەیوەست بەقۆناغەکەش، ببنە مایەی ئومێدبەخشینی زیاتر، بۆ پەیوەندیەکی دیموکراسی و ھاوچەرخ، لەنێوان تەواوی لایەنە بەرپرسیارەکانی کوردستان و عێراق دا. لەگەڵ دووبارە ھیوای سەرکەوتنی شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی تێکۆشەرو دۆستمان دا، رێزو سڵاومان قبوڵ بفەرموون. مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 1/5/2012 ح.ج
|
|
|
|