كەمپینی مامۆستايانى زانكۆی سلێمانی لە میانەی ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ كوردیو نێردراوە وەڵامی فەرمان غەريبی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی دەدەنەوە و بە نا شەفاف تۆمەتباری دەكەن.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە"ئەگەر پرۆسەی دابەشكردنی زەوی پرۆسەیەكی نادادپەروەرو ناشەفاف بووبێت ئەوا پرۆژەكانی وەبەرهێنانی بواری نیشتەجێكردن غەرقی گەندەڵین و ئێمە وەكو مامۆستایانی زانكۆ بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین بەشداری لەم جۆرە پرۆژانەدا بكەین".
ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
لەبارەی لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنە، سایتی گەلی كوردستان وسایتی خەندان، كە دەڵێ مامۆستایانی زانكۆ پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون ڕادەگرن، بەپێویستی دەزانین چەند ڕاستییەك بۆ ڕای گشتی ڕوونبكەینەوە.
ماوەی ساڵ و نیوێكە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەی شەشەم، لەجیاتی زەوی پێدان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێناندا سەرقاڵی كاركردن بووین بۆ دروستكردنی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، لەناوچەی قولەرەیسی، بۆ ئەو مامۆستایانەی زانكۆی سلێمانی كە تاكو ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سودمەند نەبوون. سەرەرای ئەوەی دەستپێكردنی پرۆژەكە لە وادەی خۆیدا دەستی پێنەكرد، چەندین بەڵینیشمان پێدراو هیچیان جێبەجێنەكران. دواتریش لەدوای بێهیوابوون لە كاری بێئەنجام. مامۆستایان بڕیاریاندا واز لە پڕۆژەكە بهێنن و داوای ئەو پارچە زەوییە بكەن كە بۆ دروستكردنی پِڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو مامۆستایانە تەرخانكرابوو.
سەرەڕای ئەو هۆكارانەی لەسەرەوە باسكران، مەسەلەی نرخی خانووەكان و ئەو جیاوازییە گەورەیەی لەنێوان نرخی ڕاستەقینەی یەكەیەكی نیشتەجێ بوون (ئەگەر هاوڵاتیان خۆیان ئەنجامی بدەن) لەگەڵا ئەو نرخانەی وەبەرهێنان بۆ هەر یەكەیەك خەمڵاندویەتی، لەلایەكی تریشەوە ئەو مواسەفاتەی كە بۆ یەكەیەكی نیشتەجێبوون(خانوو) لەلایەن چەند ئەندازیارێكی زانكۆكەمانەوە دانراوە نزیكەی (60-75) هەزار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام بەڕێزیان بە نوسراوی فەرمی بە ئێمەیان ڕاگەیاند كە هەر یەكەیەك بە بێ خزمەتگوزاری، بڕی (90 -110) هەزار دۆلاری تێدەچێت.
واتە ئەگەر هاوڵاتییەك خۆی ئەم یەكەیە دروستبكات بە هەمان ئەو مواسەفاتەی كە پێشكەشی وەبەرهێنانمان كردووە و بڕی (212) مەتری زەوییەكەی بینا بێت چەندی تێدەچێت؟ بێگومان لە (75) هەزار دۆلار تێناپەڕێت. ئەی كەواتە بۆچی لەناو پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا ئەو یەكەیە بڕی (110) هەزار دۆلاری تێدەچێت؟ بەم پێیەش بۆ هەر یەكەیەكی نیشتەجێبوون پێویستە مامۆستایەكی زانكۆ، بە لایەنی كەمەوە، نزیكەی (30000) دۆلار قازانج بە كۆمپانیای جێبەجێكار بدات، تەنانەت ئەم جیاوازی نرخە جێی سەرسوڕمانی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ش بوو.
پاشان باسی راِگرتنی دابەشكردنی زەوی دەكەن ( كە لەڕاستیدا وا نییە و بە نووسراوی ژمارە (7888). لە بەرواری.(23/10/2011) كە تایبەتە بە پێدانی زەوی بە مامۆستایانی زانكۆی دهۆك پێچەوانەی لێدوانەكانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ،فەرمان غەریب، دەسەلمێنێت)، گوایە ئەم سیاسەتە نادروست بووە و چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوونی نەكردووە! لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین: ئایا پرۆژەكانی ئێوە چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوونی چەند خێزانی كەمدەرامەتی كردووە ؟ لەكاتێكدا لەساڵی (2006) ەوە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دەرچووە، بەڵام بەگوتەی خودی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو (بەڕێز د.بەرهەم) كەلەناو پەرلەماندا فەرمووی: " 76 هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستاندا كرێچین " ئەمە لە كاتێكدا (39) ملیۆن مەتردووجا زەوی بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون تەرخانكراوە. ئەی ئەمە فەشەلی سیاسەتەكانی، پڕۆژەكانی وەبەرهێنان نەبێت چیترە؟! بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، زیاتر لە (14 ملیار و 415 ملیۆن دۆلار) لە بواری وەبەرهێناندا خەرجكراوە، مافی خۆمانە بپرسین ئەمە چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوون و دامەزراندنی پڕۆژەی ستراتیجییە یان دەوڵەمەندبوونی خێرای كۆمەڵە كەسێك؟ ئەگەر سیاسەتەكانی وەبەرهێنان بەڕاستی فەشەلیان نەهێناوە ئەی بۆچی یەكەمین هەنگاوی چاكسازی سەرۆكی هەرێم لە بواری وەبەرهێنانەوە دەستپێدەكات ؟
هەربۆیە دەڵێین ئەگەر پرۆسەی دابەشكردنی زەوی پرۆسەیەكی نادادپەروەرو ناشەفاف بووبێت ئەوا پرۆژەكانی وەبەرهێنانی بواری نیشتەجێكردن غەرقی گەندەڵین و ئێمە وەكو مامۆستایانی زانكۆ بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین بەشداری لەم جۆرە پرۆژانەدا بكەین.
دواتر بەڕێزیان دەڵێت داوای وەرگرتنی زەوی دەرگایەكی خراپ دەكاتەوە، ئێمەش دەپرسین بەڕێزان ئەگەر ئەوانەی باسكران حاڵی پرۆژەكانی ئێوە بێت، ئیتر بۆچی كردنەوەی ئەم دەرگایە خراپە؟! كێشەی ئێوە كردنەوەی دەرگای دابەشكردنی زەوییە؟ یان داخستنی دەرگای بەهەدەردان و تەخشان و پەخشانكردنی زەوی هەرێمە - كە سامانێكی نیشتمانییە - بەناوی وەبەرهێنان و چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوونەوە؟!
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەڕێز سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم (هێرش موحەرەم) لە وەڵامی پرسیاری بەڕێز سەرۆكی حكومەت (نێچیرڤان بارزانی) دا: ئایا دەتوانین یەكەكانی مامۆستایانی سوودمەندنەبووی زانكۆی سلێمانی بە زەوی بیاندەینێ؟ بەڕێزیشی فەرمووی: بەڵێ دەتوانین و هەموو دەرئەنجامە كارگێڕی و داراییەكانیش لە ئەستۆ دەگرین.
دوایین قسەشمان دەڵێین، بەگوێرەی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ (1948) و مافە كۆمەڵایەتی و ئابووری و كلتورییەكانی ساڵی (1966) مافی هەبوونی شوێنی نیشتەجێبون وەك مافی هەموو هاوڵاتییەك پێناسەكراوە، ئیدی هاوڵاتی خۆی ئازادە چۆن ئەم شوێنی نیشتەجێبونە بۆخۆی بونیاد دەنێت، ئازادە خودی خۆی ئەم كارە بكات یاخود لەهەر ڕێگەیەكی دیكەوە بێت. پەیامیشمان بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنەی ئازیز.
تیبینی : زانیاری و ژمارەكان دەربارەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان،لە نامەی چاكسازی سەرۆكی هەرێم، و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی كەناڵی كەی ئێن ئێن وەرگیراون.
كەمپینی مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی
12/5/2012
أ.م