مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ناوەڕۆکی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ و ئەردۆغان ئاشکرا دەکات.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، مایک پێنس رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ نیگەرانی زۆری خۆی لەبارەی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەربڕیووە و نیگەرانە لە داگیرکردنی سووریا و کاریگەرییەکانی داگیرکارییەکانی تورکیا لەسەر ناسەقامگییریی ناوچەکە.

راشیگەیاند، سەرۆک لەگەڵ فەرماندەی کورد و هەسەدە، مەزڵوم، قسەی کردووە، مەزڵوم کۆبانێ بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە، تورکیا تاکو ئێستا نەیتوانیووە لەو 30 کیلۆمەترەی ناوچەی ئارام کە دانرابوو تێپەڕ بکەن.

بە گووتەی قسەکانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، مەزڵوم کۆبانێ بە تایبەتی تیشکی خستووەتە سەر شاری کۆبانێ و بە سەرۆکی ئەمەریکای گوتووە، ئەوان نیگەرانی زۆریان لە بارەی شاری کۆبانێ هەیە و داوایان کردووە ئەو پرسە لەگەڵ ئەردۆغان باس بکات چونکە کۆبانێ گرنگی زۆری بۆ کوردەکانی سووریا هەیە.

دواتر ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان قسەی کردووە، سەرۆکی ئەمەریکا بە روونی داوای کردووە دەبێت هێرشەکان بوەستێنرێت و ئاگر بەست رابگەینرێت و دووپاتی کردووەتەوە دەبێت دانووستان هەبێت کێشەکان لەو رێگایەوە چارەسەر بکرێن.

مایک پێنس ئاشکراشیکرد، دۆناڵد ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە نابێت هێرشبکاتە سەر کۆبانێ و ئەردۆغانیش بەڵێنی داوە ئەو کارە نەکات.

لەگەڵ ئەوەی مایک پێنس دوپاتی کردەوە کە ئەمەریکا سزای تورکیا دەدات، ئاماژەی بەوەشدا، شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی مایک پێنس، سەردانی تورکیا و ناوچەکە دەکەن تاکو چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.

له‌به‌رامبه‌ر له‌شكركێشى وڵاتى توركیا بۆ سه‌ر كوردستانى رۆژئاوا سێ هونه‌رمه‌ندى بوارى گۆڕانى و سرودى ئاینى ، ره‌تیانكرده‌وه‌ به‌شدارى كۆنسێرتێك بكه‌ن كه‌ له‌ وڵاتى توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت .

هه‌ریه‌كه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندا بیلال كه‌یوانى و مه‌ڕوان حه‌مه‌ خوڕشید و ئه‌یاد محه‌ممه‌د ، به‌شداریكردنیان له‌ كۆنسێرتێكى گه‌وره‌ى هونه‌رى له‌ شارى (دیاربه‌كر )ى وڵاتى توركیا ره‌تكرده‌وه‌ ، ئه‌ویش به‌هۆى هێرشى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان و ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش هه‌ڵوێستى خۆیان به‌ به‌شدارینه‌كردن له‌م كۆنسێرته‌ ده‌ربڕیوه‌ .

بیلال كه‌یوانى رایگه‌یاند :" بەندە بانگهێشتی فەرمی کرام بۆ شاری دیاربەکر بۆ بەشداری کردن لە کۆنسێرتێکی گەورەی هونەری ، بەڵام وەک هاوسۆزیەک بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و بەشداری کردن لەخەم و ئازارەکانیان بەشداری کردنەکەم هەڵوەشاندەوە " .

باسى له‌وه‌شكردووه‌ " من بۆ ئازارەکانی ئێوە تەنها هەر ئەمەم لەدەست هات... بمبورە ڕۆژئاوا " .

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ له‌ په‌یجى فه‌رمى مه‌ڕوان حه‌مه‌ خوڕشید له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ :" لە بەرامبەر داگیرکاری پارچەکەی تری وڵات ھونەرمەندی دیاری ئیسلامی کورد ( مەروان حه‌مە خوڕشید ) بانگھێشتی کۆنسێرتی گەورەی لە تورکیا رەت کردەوە و ، ھاو خەمی بۆ برا و خوشکانی کوردی ڕۆژئاوا دەردەبڕێت و بڕیاری دا بەشداری ئەو کۆنسێرتەی تورکیا نەکات " .

 

ئەو نووسینەی جەنەراڵ مەزڵووم کە وای لەترەمپ کرد تەلەفۆنی بۆ بکا:

دەقی تەواوی وتارەکەی مەزلوم عەبدی

ئەگەر ناچاربین لەنێوان سازش و جینۆسایدا یەکیان ھەڵبژێرین، ئەوا ئێمە خەڵکەکەی خۆمان ھەڵدەبژێرین.

فەرماندەی سەربازی کوردەکان ڕوونیدەکاتەوە، بۆچی ھێزەکانی لە کۆتاییدا ئامادەبوون لەگەڵ ئەسەد و پۆتین دا ڕێک بکەون.

 

جیھان سەرەتا گوێی لێگرتین، ھێزە دیموکراتەکانی سوریا (‌ھە.دە.سە) لەناو جەرگەی کابوس لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەماندا. من وەک فەرماندەی بەرپرسیار خزمەتدەکەم، ھەدەسە ٧٠ ھەزار سەربازی ھەیە کە لەساڵی ٢٠١٥ەوە دژی جیھادیستییە توندڕەوەکان، دژی ڕقی نەتەوەیی و چەوسانەوەی ژنان خەباتیان کردووە.

ھەمیشە بە ھێزەکانمانم وتووە، ئەمە شەڕی ئێمەیە، جیھادییە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری دنیاوە ھاتن بۆ سوریا، ئێمە تاکە ھێزین دەبێت دژیان بجەنگین، لەبەرئەوەی وڵاتیان داگیرکردووین، گوندەکانمانیان تاڵانکردووە، مناڵەکانمایان کوشتووەو و ژنەکانیشیان بە کۆیلە گرتووە.

ئێمە ١١ ھەزار سەربازمان شەھید بووە، لە ھەرە باشترین سەرباز و فەرماندەکانمان، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکەکەمان لەم مەترسییە گەورەیە. من ھەمیشە ڕێنماییم داوەتە سەربازەکانمان ئەمریکییەکان ھاوپەیمان و ھاوبەشمانن، دەبێت ھەمیشە لەوە دڵنیابین کە زیانیان پێ نەگەیەنین.

لە چەقی ئەم شەڕە بێسەروبەرەدا، ئێمە ھەمیشە ئەخلاق و پرنیسپەکانی خۆمان پاراستووە، بەپێچەوانەی گروپەکانی ترەوە. ئێمە ئەلقائیدەمان بەزاند و دەوڵەتی ئیسلامیمان (داعش) تێکشکاند. لەھەمانکاتیشدا سیستمێکی بەڕێوەبەریمان لەسەر بنەمای حکوومەتی خۆجێی و فرەیی و جیاوازی سیاسی دامەزراند. خزمەتگوزاریمان لەڕێگای ئەم حکوومەتە خۆجێیانەوە بە ھاوڵاتیانی عەرەب، کورد، سوریانییە مەسیحییەکان پێشکەش کرد.

ئێمە داوای سوریایەکی فرەییمان کرد کە ناسنامەی نیشتیمانی ھەمووان بگرێتەوە. ئەوەش ڕوانگەی ئێمەیە بۆ داھاتووی سیاسی سوریا، کە فیدراڵی نامەرکەزی بێت و ئازادی ئاین دابین بکات و رێز لە جیاوازییەکان بگرێت.

ئەم ھێزەی کە من فەرمادەیم، ئێستا سێ لەسەریەکی خاکی سوریای دەپارێزێت لە داگیرکاری تورکیا و ھێزە جیھادییە بەکرێگیراوەکانی. ئەم ناوچەیە لە سوریا ناوچەیەکی ئارام بووە بۆ پەنابەران و خەڵکانێک کە ڕزگاریان بووە جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی کە تورکیا پێی ھەڵساوە دژ بە کورد، سوریان، ئاشووری و ئەرمەنەکان لە دوو سەدەی ڕابووردوودا.

ئێمە ئێستا پاسەوانی لە ١٢ ھەزار تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەین، و شانمان داوەتە بەر ئەرکی قورسی بەخێوکردنی ژن توندەڕەوەکان و مناڵەکانیان. ھەروەھا ئەم بەشەی سوریامان پاراستووە لە میلیشیا ئێرانییەکان.

کاتێک کەس لە جیھان پشتیوانی نەکردین، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی ھاوکاری بۆ درێژکردین، دەستمان گوشین و پێزانیمان پیشاندا بەرامبەر ئەو پشتیوانییە سەخاوەتیانە. لەسەر داوای واشینتۆن ئێمە ڕازی بووین چەکە قورسەکانمان لەسەر سنوورەکانی تورکیا بکشێنینەوە، سەنگەرەکانی بەرگریمان لەبەرامبەر تورکیا تێکبدەین، باشترین سەربازە ڕاھێنراوەکانمان بکشێنینەوە، لەبەرامبەردا تورکیا ھەگیز ھێرش نەکاتە سەر ئێمە ھەتا حکوومەتی ئەمریکا خاوەنی بەڵێنی خۆی بێت لەمبارەوە.

بەڵام ئێستا ئێمە بەسنگی ڕووتەوە بەرامبەر چەقۆی تورکیا وەستاوین.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەمێکە پەیمانی داوە ھێزەکانی بکشێنێتەوە، ئێمە لەوە تێدەگەین و ھاوھەستیمان ھەیە، باوکەکان ئەیانەوێت مناڵەکانیان بە خەندەی سەرلێوانەوە ببینن، خۆشەویستەکان دەیانەوێت گوێبیستی چرپەی دڵدارەکانیان بن، ھەموو کەس دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.

ئێمە داوای ناکەین ھێزەکانی ئەمریکا شەڕ بکەن، دەزانین ئەمریکا پۆلیسی جیھانی نییە، بەڵام دەمانەوێت ویلایەتە یەکگرتووەکان دان بەڕۆڵی گرنگی خۆیدا بنێت بۆ گەیشتن بە چارەیەکی سیاسی لە سوریا، ئێمە دڵنیان واشینتۆن بەشی ئەوە کاریگەری ھەیە نێوەندگیری بۆ ئاشتییەکی سەقامگیر لەنێوان ئێمە و تورکیادا بکات.

ئێمە بڕوامان بە دیموکراسی وەک چەمکێکی بنەڕەتی ھەیە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی داگیرکاری تورکیا و ھەڕەشە ھەمیشەییەکانی و ھێرشەکانی بۆ سەر خەڵکەکەمان، ناچارین چاوبخشێنینەوە بە ھاوپەیمانێتیەکانماندا، ڕووسیا و ڕژێمی سوریا دەستپێشخەرییان کردووە کە دەتوانن ژیانی ملیۆنان لە گەلەکەمان بپارێزن، ئەو خەڵکەی لەژێر پاراستنی ئێمەدان. ئێمە بڕوامان بەم پەیمانەی ئەوان نییە، ڕاستیتان دەوێت، زۆر قورسە بزانیت کە متمانە بەکێ بکەیت.

ئەوەی ڕوونە کە ھەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی ھێشتا ماوە، تۆڕ و شانە نووستووەکانیان توانای ئاژاوەنانەوەیان ھەیە. ژمارەیەکی زۆر لەم دیلە داعشانە لەزیندانگەلێکدان کە وەک پێویست نییە و ئەمانە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراون و لەھەرکاتێکدا ئەگەری تەقینەوەیان ھەیە.

ئێمە دەزانین کە ناچاردەبین سازشێکی بەئازار لەگەڵ مۆسکۆ و بەشار ئەل ئەسەد بکەین، ئەگەر بێت و بڕۆین لەگەڵیان کاربکەین. بەڵام ھەر ناچاربین لەنێوان سازش و جینۆسایدی گەلەکەماندا ھەڵبژاردن بکەین، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژیانی خەڵکەکەمان ھەڵدەبژێرین.

سوریا دوو چارەی لەبەردەمە: شەڕێکی توندڕەوی ئاینی و نەتەوەیی خوێناوی گەر ئەمریکا بکشێتەوە بەبێ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی. یانیش ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر بەڵام ئەمە لەکاتێکدا ئەمریکا دەسەڵاتی و پێگەی خۆی بەکاربھێنێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پێش کشانەوەی ھێزەکانی.

ھۆکاری ئەوەی کە ئێمە بووین بەھاوپەیمانی ئەمریکا، بڕوای تەواوەتیمان بوو بە دیموکراسی، ئێمە نائومێد و بێزارین لەم قەیرانەی ئێستا، گەلەکەمان لەژێر ھێرشدایە، ئاسایشی ئەوان نیگەرانی گەورەی ئێمەیە. دوو پرسیار پێویستیان بە وەڵامە: چۆن دەتوانین بە باشترین شێوە گەلەکەمان بپارێزین؟ ھەروەھا ئایا ھێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکان ھاوپەیمانمانە؟

داوا ده‌كرێت  ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هه‌رێم هاوتا بكرێت له‌ گه‌ڵ به‌غدا و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی زیندانییانی سیاسی عێراقیش مه‌رجی په‌سند كردنی ئه‌و داواكاریه‌ ئاشكرا ده‌كات.

 محه‌مه‌د پشده‌ری، یه‌كێك له‌ زیندانییانی سیاسی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی:"له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك زیندانی سیاسی، لیژنه‌یه‌ك دیاریی ده‌كه‌ین بۆ سه‌ردانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی زیندانییه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ی زیندانییانی سیاسی و شه‌هیدان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، تا ماف و ئیمتیازاتی هه‌رێم وه‌ك عێراقی لێ بێته‌وه‌".

وتیشی:"له‌ به‌غدا زیندانی سیاسی به‌ یه‌كجار 60 ملیۆن دینار و مانگانه‌یش ملیۆنێك و200 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، ده‌توانن 30 ملیۆن دینار بۆ زه‌وی و 5 ملیۆن بۆ حه‌ج و 5 ملیۆنیش بۆ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ربگرن، به‌ڵام له‌ كوردستان ره‌نگه‌ 5 تا 10 ملیۆن دینار و مانگانه‌یش 500 هه‌زار دینار به‌ زیندانیی سیاسی ده‌درێت".

به‌وته‌ی پشده‌ری، به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانییه‌ سیاسییه‌كان وه‌ك فۆرم پڕكراوه‌ته‌وه‌ نزیكه‌ی 40 هه‌زار زیندانیی سیاسی هه‌یه‌، به‌ڵام ناوی 22 هه‌زار گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی زیندانییانی سیاسی عێراق قسه‌ی كردووه‌ و پێیوتووه‌ ماف و ئیمتیاز به‌ زیندانییه‌ك ده‌ده‌ن كه‌ به‌ڵگه‌ی فه‌رمی هه‌بێت و بیسه‌لمێنێت زیندانیی سیاسییه‌، نه‌ك به‌ سوێند و دوو شاهید بووبێته‌ زیندانیی سیاسی". 

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ دوا وته‌یدا له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاره‌كه‌یان هاته‌ ده‌نگ.

له‌ تویتێكدا له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر دووپاتی كرده‌وه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی سوریایان له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌ركرد، ئێستا هه‌مان ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاره‌كه‌ ده‌ده‌ن و سه‌رسامی خۆی له‌و هه‌ڵویسته‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی راگه‌یاند و گوتی: "ئه‌مه‌ چه‌نده‌ دژیه‌كه‌!!".

به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی فه‌رمی توركیا، ئه‌ردوغان دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ داواشی لێ بكرێت، وڵاته‌كه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی بۆ بۆ سه‌ر باكووری سووریا پاشگه‌ز نابێته‌وه‌.

سه‌رۆكی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌ پاساوی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، به‌چاوی خۆمان ئه‌و هاوكاریانه‌مان بینی كه‌ پێشكه‌ش به‌ رێكخراوی "یه‌په‌گه‌" كران و له‌ 30 بارهه‌ڵگری پڕ له‌ چه‌ك پێكهاتبوون".

گوتیشی: له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌یان له‌ باكووری سووریا، تا ئێستا 700 گوللـه‌ تۆپ ئاراسته‌ی خاكی توركیا كراون، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ 18 كوژراو و 20 برینداریان هه‌یه‌.

ئه‌ردوغان جه‌ختی كرده‌وه‌، تا وڵاته‌كه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ نه‌پێكێت كه‌ له‌ پێناویدا له‌ناو خاكی سووریا ده‌ستی به‌ ئۆپه‌راسیۆن كردووه‌، له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی پاشگه‌ز نابێته‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 180 پەنابەری ڕۆژئاوای كوردستان، شەش ڕۆژ لە دوای دەستپێكردنی لەشكركێشیی سوپای توركیا و ڕۆژێكیش دوای بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد لە ڕۆژئاوا، گەیشتنە هەرێمی كوردستان.


لەمبارەیەوە ناوەندی ھەماھەنگی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند كە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی پەنابەران لە سوریاوە گەیشتنە ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیەن 180 کەسە.


ئاماژەشی بەوە داوە كە چاوەڕوان دەکرێ ژمارەکە لە ھەفتەکانی داھاتوودا زیاتر بێت.


هەروەها ئەوەی راگەیاندووە كە یارمەتی دارایی و پێداویستییە سەرەکییەکان زۆر پێویستن بۆ ئەوەی بتوانن ھاوکاری ئەم خەڵکە لێقەوماوە بکەن کە لەبەر ژیانی خۆیان ڕایانکردووە.

ده‌زگای كه‌شناسی كوردستان پێشبینی كه‌شو هه‌وای چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتووی بڵاو كرده‌وه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ن  شەپۆلێکی سەرتاسەری باران بارین كوردستان بگرێته‌وه‌ .

پێشبینی :

لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو رێکەوتی ١٩/١٠/٢٠١٩ وە شەپۆلێکی سەرتاسەری باران بارین و ھەورە بروسکە ھەرێمی کوردستان و ناوچەجیاجیاکانی عێراق دەگرێتەوە .

ژنێكی ئیماراتى له‌ دادگا له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكى نامۆ داوایی جیابوونه‌وه‌ى له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى كردووه‌، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی هاوسه‌ره‌كه‌ى زۆری خۆشده‌وێت و له‌هه‌موو كاروباره‌كانى ناوماڵ هاوكاری ده‌كات و به‌رده‌وام دیاری بۆ ده‌هێنێت.

له‌ سكاڵاكه‌ى ئه‌و ژنه‌دا هاتووه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى لێی توڕه‌ نابێت و هاوار ناكات به‌سه‌ریدا و هه‌میشه‌ نه‌رم و نیانه‌ له‌گه‌ڵیدا، دەشڵێت ژیانم له‌ دۆزەخ ده‌چێت و هاوسه‌ره‌كه‌م زیاده‌ڕۆی له‌ خۆشه‌ویستى ده‌كات بۆیه‌ داوای جیابونه‌وه‌م كردووه‌.

ژنەکە لە دادگا ئەوەشی وتووە: "هه‌ست به‌ خنكان ده‌كه‌م، هاوسه‌ره‌كه‌م ته‌نانه‌ت له‌ كاروباری ناو ماڵ و پاكردنه‌وه‌ش یارمه‌تیم ده‌دات بێ ئه‌وه‌ى پێی بڵێم نانیشم بۆ حازر ده‌كات و له‌ هه‌ڵه‌كانم ده‌بورێت، هه‌تا ئێستاش شه‌ڕمان نه‌بووه‌ و هیچ كاتێكیش توڕه‌ نه‌بووه‌ و نه‌ هاواری كردووه‌ به‌سه‌رمدا".

دەشڵێت: "له‌ ده‌سپێكدا كێشی هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر بووه‌ و دوای ئه‌وه‌ى پێم وتووه‌ ده‌بێت كێشت دابه‌زێنى یه‌كسه‌ر ده‌ستى كردووه‌ به‌ وه‌رزشكردن و سیستمى خۆراكی تایبه‌تى په‌یڕه‌و كردووه‌".

ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت له‌وانه‌یه‌ لای هه‌موان ئه‌مه‌ كارێكى نامۆ بێت چونكه‌ به‌م ئه‌زمونه‌ى مندا تێنه‌په‌ڕیوون و ژیانی خۆی بە ژیانێكى بێزار كه‌ر ناو دەبات.

هاوسه‌ری ئه‌و ژنه‌ داواكاری جیابوونه‌وه‌كه‌ى ره‌تكردووەته‌وه‌ و ده‌ڵێت نابێت له‌ ساڵى یه‌كه‌مه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ژیانى هاوسه‌رگیری بدرێت و مرۆڤ سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى خۆی وه‌رده‌گرێت و من ته‌نها ویستم هاوسه‌رێكى باش و نمونه‌یى بم.

بۆیه‌ دادگا داواكاریه‌كه‌ى دواخستووه‌ و هه‌لێكى تری به‌ دوو هاوسه‌ره‌كه‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

بەبۆنەی یادی مەڕاسیمی چلەی ئیمام حسێنەوە لە چەند پارێزگایەكی عیراق چەند ڕۆژێك كرا بە پشووی فەرمی، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەكو فەرمانبەران بەشداری ڕێوڕەسمەكان و پێشوازی میوانەكان بكەن.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بەبۆنەی یادی چلەی ئیمام حسێنەوە چوار ڕۆژ دەبێتە پشووی فەرمی، كە لە ئێوارەی ڕۆژی یەك شەممە 13ی تشرینی یەكەم دەستی پێكردووە و تاوەكو ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە 17-10-2019 بەردەوام دەبێت.

لای خۆشیەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كە لەمڕۆوە دوو شەممە 14-10-2019 تاوەكو ڕۆژی پێنج شەممە دەبێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان.

هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، كە لەمڕۆوە تاوەكو پێنج شەممە دەبێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان، بۆ ئەوەی فەرمانبەران هەلی بەشداریكردنیان لەو مەڕاسیمە بۆ بڕەخسێ‌.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای واست-یش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، بەبۆنەی مەڕاسیمی زیارەتی چلەی ئیمام حسێنەوە لە سنووری پارێزگاكەیان تەنها ڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە دەكرێتە پشووی فەرمی بۆ فەرمانبەران.

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ى تشرینى یه‌كه‌م یه‌كێتى ئه‌وروپا داواى له‌ وڵاتانى ئه‌ندامى یه‌كێتیه‌كه‌ كرد كه‌ بڕیارى به‌هێز بده‌ن له‌باره‌ى وه‌ستاندنى پرۆسه‌ى فرۆشتنى چه‌ك به‌ توركیا و داواى راگرتنى هێرشی سه‌ربازى توركیاشی كرد بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان.

یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داواى له‌ توركیا كرد هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌ رۆژئاواى كوردستان بكێشێته‌وه‌ و ده‌شڵێت:"ئه‌و هێرشه‌ نه‌هامه‌تى هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كاته‌ دوو هێنده‌ و رێگر ده‌بێت له‌وه‌ى هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانیان پێبگات ".

یه‌كێتى ناوبراو پێشی وابوو ئه‌و هێرشه‌ى توركیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى راسته‌وخۆیه‌ له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامى ناوچه‌كه‌ و ئاینده‌ى پرۆسه‌ى سوریاش ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

پەڕەى 13 لەکۆى 5378 پەڕەدا