بەوتەی سەرچاوەیەك بڕیارە  هەفتەی  داهاتوو، مووچەی مانگی سێی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە دابەشبكرێت كە تائێستا دابەشنەكراون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گەنجینەی هەرێمی كوردستان كە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمە رایگەیاند: لیستی مووچەی زۆربەی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە وردبینی تێدا كراوە كە تائێستا مووچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە، هەفتەی داهاتوو چەكی مووچەكانیان پێ دەدرێت و مووچەكانیان دابەشدەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی باس نیوز راشیگەیاندووە، هەفتەی  داهاتوو وەزارەتی دارایی، بەخشتەیەك دابەشكردنی مووچەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت كە مووچەیان پێ نەدراوە.
هەر لەو بارەوە عوسمان ساڵح بەڕێوەبەری گەنجینەی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لەهەفتەی داهاتوودا بەردەوام دەبن لەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەكەن، بۆ پێدانی چەكی مووچە بە فەرمانگەكان.

تائێستا، هەریەك لە  وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، ئاسایش، پەروەردە، تەندروستی، دارایی و ئابووری، كاروباری شەهیدان‌ و ئەنفالكراوان، سامانە سروشتییەكان و پلاندانان)، لەگەڵ (دەزگای مین، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی ژینگە، دەستەی دەستپاكی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان)، مووچەی  مانگی ئازاریان وەرگرتووە.


ڕێبین عه‌لی

هەڵسوڕاوێکى دەستلەکارکێشاوەى بزوتنەوەى گۆڕان هێرش دەکاتە سەر بزوتنەوەى گۆڕان و ڕێکخەرى گشتى و ڕایدەگەیەنێت، بزوتنەوەکە حیزبی تاکەکەسیە و ڕێکخەرى گشتى بۆ خۆی دروست کردووە.
محمد حاجى هەڵسوڕاوى دەستلەکارکێشاوەى بزوتنەوەى گۆڕان، لە هەژمارى خۆی لە فەیسبووک، نووسینێکى بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە "لەماوەی شەش ساڵی ڕابردووی تەمەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، هیچ کەسێک لەخوارەوە بۆ سەرەوە جورئەتی ئەوەی نەکردوە بپرسێ، ئایا کاک نەوشێروان بە چ شەرعیەتێک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە؟ لەلایەن کێ و چۆن هەڵبژێرراوە؟ بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە ڕێکخەری گشتی لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەوە هەڵببژێرێت. لەماوەی سێ ساڵ و نیوی تەمەنی جڤاتی نیشتیمانی تەنانەت بەیەک تاکە وشەش باس لە ڕێکخەری گشتی و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی نەکراوە".

حاجى ئاماژەى داوە بەوەى "بەشێک لە برادەرە کۆنەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، بێ هیچ شەرعیەتێک و سیفەتێکی فەرمی بونەتە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و بەشداری کۆبونەوەکانی جڤات دەکەن. تەنانەت هەندێکیان خۆشیان زۆر بە بەرزتر ئەزانن لە جڤاتی نیشتیمانی و ئیعترافیشی پێناکەن".

ناوبراو نووسیوێتى "ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دروستکردنی بڕیار و دەرکردنی بڕیار لای خودی نەوشێروان مستەفایەو دەزگا فەرمیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر بەکەمی ئاگادارن. ئەگەر جارجار باس لە پرسێکیش دەکرێت، ئەوا لە مەجلیسی چا خواردنەوەی بەیانیانەو ئەویش خۆت و بەختی خۆت ئەگەر لەوێبیت. زۆرجار ئەم مەسەلەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و لەگەڵ خودی نەوشێروان مستەفاش باسکراوە، بەڵام ئەو زۆر جار و لە زۆر بۆنەدا وتویەتی ئەوەی ڕازیە ڕازیە، ئەوەی ڕازیش نیە خوا حافیزی بێت".

ئەو ئەندامە دەستلەکارکێشاوەى بزوتنەوەى گۆڕان هەروەها دەڵێت "زۆربەی برادەران لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەی کە نەوشێروان مستەفا گۆڕانی بۆخۆی دروستکردوەو خۆیشی چۆن حەزبکات وادەکات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بزوتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانی سنوری حزبیە تەقلیدیەکانی ناوچەکە تەجاوزبکات و ببێتە حزبێکی دیموکرات بە پێوەرەکانی دیموکراسی، بەڵکو ئەمیش بوبە حزبی تاکەکەس".


ڕێبین عه‌لی

كوردیو - بەغدا

بارودۆخی بەغدا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و ئەمجارەیان تەقینەوە ترسێكیتر درووست دەكاتەوە بەجۆرێك كە ئەمرۆ هەینی لەبەردەم حوسێنیەیەك تەقینەوەیەك دەیان كەس دەكاتە قوربانی .

لەبەردەم حوسێنیەی ئیمام عەلی لەناوی رەزوانیەی باشووری خۆرئاوای بەغدا تەقینەوەیەكی خۆكوژی روویداو بەهۆیەوە دەیان كەس بوونەتە قوربانی .

بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان بەهۆی تەقینەوەكەوە نزیكەی 10 كەس مردوون و زیاتر لە 20 كەسیش برینداربوونە .

تەقینەوەكە بە پشتێنی مینڕێژكراو ئەنجامدراوەو تا ئێستا هیچ گرووپێك و لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی رانەگەیاندووە .

م. كانی


كوردیو - هەولێر
دوای ئەوەی تەقینەوەیەك لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان روویدا، هەرێمی كوردستان نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكانی دەخاتە ‌ئامادە باشیەوە بۆ وەرگرتن و چارەسەركردنی بریندارەكان .

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەوە هاتووە: رۆژی هەینی 22ـی 4ـی 2016، لەسەر فەرمانی مسعود بارزانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان خرانە ئامادە باشیەوە بۆ وەرگرتن و چارەسەر كردنی بریندارانی رووداوەكانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان .

ئەوەش هاتووە: گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان رادەسپێرێ كە ئەوەی پێویستە بیكەن بە مەبەستی هاوكاری و كارئاسانی بۆ بە هاناوەچوون و پێشوازییكردن لە برینداران و دەستەبەركردنی هەموو پێدوایستییەكانی چارەسەركردنیان .

م. كانی

هەینی, 22 نیسان 2016 16:58

نەوت گەیشته ٤٦$، حكومەتیشمان خەبەری نەبووەتەوه...!؟

نووسراوە لەلایەن:

 

ئەخلاقیاتی پەیماندانان گەورترین میساقی شەرەفه له جیاكردنەوەی رەش و سپیەكانی سەردەم، جا ئەمه له سەر ئاستی تاك دەبیت تا دەگاته حكومەت، هەر كەسێكیش پابەندی ئەم میساقه نەبێت بۆ زبلدانی بێ متمانەیی و، خالیبونی له هەموو واتاكانی ئابروچوون باشه....

لیرەدا مەبەستمه بیڵێم، ئەو بە ناو پاشەكەوتەی حكومەت، كە من ئەوەندە باوەڕم بە دانەوەی ئەو پاشەكەوته هەیه، گەر حوشتر به كونی دەرزیەوە بچێت...!؟
لە روی یاساییەوە، پاشەكەوت بۆ كەسی نەكامل و نەبالغ دەكرێت، دیاره حكومەت قیاسو لنەفس دەكات و، لە ساوایی خۆی و، نەبالغیەكەی خۆیەوەو، هەر به چاویلكه جوانەكەی خۆی سەیری هاولاتیانیش دەكات، هەرچەنده هەنگاوەكانی حكومەت له خانەی تەقەشوفه نەك چاكسازی؛ وەلێ تەقەشوفەكەش هەمدیس له سەر گیرفانی زەحمەتكێشانی ئەم میللەتەیه هەمیشه ...!؟

لە كوێی ئەم دونیایه هەیه باخەوانێكی بەرپرسێك موچەكەی دوو جا و نیوی مامۆستایەكی زانكۆ بیت، جارێ ماموستایه داماوەكانی تریش هەر باس مەكه....!؟هەر لۆیێ، ئێمه كاتێك هانی فێرخوازەكان دەكەین و، ئێستاش پیرۆزبایی دەرچوونیان لێدەكەین، دوو جار بەزەییمان دێتەوه، جارێكیان بۆ خۆمان و، ئەو سوكایەتیەی پێماندەكریت لە لایەن حكومەت و قسەكانیشمان بیستراو نابیت لە بەر ئەو حاله لای فیرخوازەكانمان، بەزەیی گەورەتریشمان بۆ داهاتووی ئەو شەپۆله هێزه له باربراوەی فێرخوازەكانمانه، كه داهاتوویان بە قەدەری كەسانی نا پرۆفیشنالەوه له ئیمه زۆر وێرانتر دەبیت...!؟

تا ئێستا، گەر به پەیژەكەی ماسلوۆش بیربكەینەوە، ئیمه تاهەنوكه هیچمان نەبریوەو، له پەیژەی یەكەمینین، ئەویش ئاسایشی خۆراكه، كه له ژێر مەترسیدایه لە سایەی بەلینە بێ بنەماكانی حكومەت...!؟

یاسای پاشەكەوت كاتیك دەرچوو، كه نەوت بە ٢٦$دولار بوو، هەر بە بەپێی قسەكانی وەزارەتی سامانه سروشتیەكان بێت گەر نەوت ببێت به ٤٠دۆلار ئەوا موچەی تەواو دەدرێت، هەر یەكێك لە وەزیرەكانی ئەندام لە لێژنەی قەیرانی دارایی لەم رۆژانەدا گوتی: گەر نەوت ببێت به ٥٠$دۆلار ئەوا موچەی مانگانەی تەواومان پیدەدرێت... خوا نەیبرێ، هەر وەزیرەو رەقەمێك لیدەدات ...جا بۆ رەقەم لێنایەن لە میللەتێكی خەوتوو...!؟
لە دوا دێردا پێویسته بگوترێت:
حكومەتی هەرێم دەبێت لە سوباتەكەی دەربێت و، خەبەری ببێتەوەو، بریاری لایەنی كەم كەمكردنەوەی رێژەیەكی زۆر كەمی باشەكەوت بدات. لۆ هەردەبی له كاتی خۆشیدا بەرپرسەكان های لایف بن و، حەپەلوشیان بێ حیساب بیت و، لە كاتی قەیرانیشدا دەبێ چینی فەرمانبەری فیعلی باجەكەی بداتەوە، با چاكسازی زیاتر له كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بەرپرسەكان بێت، سادەترینیان كۆرەك و ئاسیا، نەك قوتی برسیەكان...!؟

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمەصاڵح

پێنجەمین پرۆژەی چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە ئەنجامەكەی راگەیەندرا كە لە گرتوخانەكانی هەڵەبجەدا ئەنجام درابوو ئەگەرچی ئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەبووە مۆڵەتی پێ نەدراوە بەڵام بەپێی ئەنجامەكان: لە %76 زیندانیەكان ڕازین بە شوێنی دەستبەسەر كردنیان ,وە لە%52 زیندانیانیش دەڵێن لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ڕوبەڕووی ئەشكەنجەو ئازار نەبوینەتەوە  .

رۆژی پێنج شەممە 2016/4/21 بەئامادەبونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی فەرمانگە حكومیەكان و چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان ئۆفیسی هەڵەبجە بەهاوكاری ڕێكخراوی (  NED  ) گفتووگۆیەكی تایبەت بە (ڕەوشی مافی مرۆڤ و گیرو گرفتەكانی خەڵكی شار پاشان نمایشكردنی بەرەنجامی ڕاپرسیەكی تایبەتی بەڕەوشی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەكانی هەڵەبجەدا لە چوار چێوەی پرۆژەی ڕەوشی مافی مرۆڤدا سازكرد.

ئەرسەلان عابید، لێپرسراوی  سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان ئۆفیسی هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند : ئەوەی ئەمرۆ ئەنجام دەدرێت پێنجەمین پرۆژەی چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤە لە هەڵەبجەدا كەبەرەنجامی ڕاپرسیەكی تێدا ڕاگەیەنرا كەلە گرتوخانەكانی هەڵەبجەدا ئەنجام درابوو ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەبوو بەڵام بەداخەوە ئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەبوو مۆڵەت نەدرا سەردانی زیندانیەكانیان بكەین .

ڕاشیگەیاند: ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەبوو ڕاگیراوەكانە و سەردانمان كردوون و فۆرممان بۆ پڕ كردونەتەوە و دەرەنجامەكەشی ئەرێنی بووە بەڵام وەك شوێنی ڕاگرتنەكان و بیناكەیان وەك پێویست نییە پێویستە ئەوە بڵین بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە بە هەموو شێوەیەك هاوكاربوو بۆ سەركەوتنی پرۆژەكەمان بۆیەی زۆر سوپاسیان دەكەین .

لێپرسراوی  سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئێمە دەرەنجامی ڕاپرسیەكە دەنێرینەوە بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە و سلێمانی و هەندێك لە ڕێكخراوە بیانیەكان ،هەندێ لەكارەكان پەیوەندی بە قایمقایەتەوە  هەیە پێویستە ئەو ئەنجامی بدات وێنەیەكی بۆ دەنێرین بەهەمان شێوە وێنەیەك بۆ بەڕێوەبەرایەتی مافی مرۆڤی هەڵەبجە دەنێرین لەبەرئەوەی ئەوانیش لایەنی پەیوەندی دارن بە پرۆژەكە .

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد : لەم پرۆژەدا ڕێكخراوی (NED) كە ڕێكخراوێكی ئەمریكیە سپۆنسەری كارەكەمانە بەشێوەیەكی بەردەوام ،وەك لایەنی حكومیش هەرچەندە ڕێگری كەمە لەبەردەم ئیش و كارەكانماندا بەڵام وەك ئەوەی كە بەشاهیدی هەموولایەك بەردەوام لە خزمەت شارەكەداین بەداخەوە بەبەراورد بەچالاكیەكانمان كارەكانمان نە نرحێنراوە .

لە لایەكی ترەوە هەرچی پەیوەندی بە ئەنجامی ڕاپرسیەكانەوەیە تێیدا هاتووە كە : لە %76 زیندانیەكان ڕازییە بە شوێنی دەستبەسەر كردنیان ,وە لە%52 زیندانیانیش دەڵێن لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ڕوبەڕووی ئەشكەنجەو ئازار نەبوینەتەوە ,

م. كانی

لە ئێستادا نرخی 100 دۆلار بە 129 هەزار و 50 دینارە و نرخی دراوەكانی دیكە بەم شێوەیەیە:

١٠٠ پاوەن بە ١٨٣ هەزار دینارە.

١٠٠ یۆرۆ بە ١٤٥ هەزار دینارە.

١٠٠ هەزار تمەنی‌ ئێرانی‌ بە ٣٧ هەزار دینارە.

١٠٠ لیرەی توركی بە ٤٤ هەزار دینارە.

بەڕێوەبەرایەتى چاودێری و بازرگانى سلێمانى جۆرێک فستق قەدەغە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، خواردنى مەترسیدارە.


سۆران عبدالغفور بەڕێوەبەرى چاودێری و بازرگانى سلێمانى، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، ئێوارەى ڕۆژى پێنجشەممە 21/4/2016 و لە میانى بەدواداچوونیاندا، لیژنەکانیان دەستیان بەسەر جۆرێک فستقدا گرتووە کە بە کەڵکى خواردن نەماوە و کەڕوو و کرمى هەڵهێناوە.

ناوبراو ئاماژەى داوە بەوەى، ئەو جۆرە فستقە نرخەکەى 8 هەزار دینارە و لەسەر عارەبانەکانى ناو شار دەفرۆشرێت، دواى بەدواداچوونى لیژنەکانیان دەرکەوتووە، وشک بۆتەوە و ناوەکەى بۆتە کەڕوو و کرم.

بەڕێوەبەرى چاودێری و بازرگانى سلێمانى هەروەها جەختى کردۆتەوە لەوەى، تەنها ئەو جۆرە فستقە زیانى بۆ تەندروستى هەیە و لیژنەکیانیان بەدواداچوون دەکات بۆ دۆزینەوەى گەنجینەکەى، هەرکەسێکیش ئەو جۆرە فستقە بفرۆشێت، ڕێکارى یاسایی لە دژى دەگیرێتە بەر و سزا دەدرێت.


ڕێبین عه‌لی

سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین لە سەر پشوی یەکی ئایار ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دەوامی خوێند لە سەرجەم فاکەڵتی و کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆدا ئاسایی دەبێت.
سه‌رله‌به‌یانی ئەمڕۆ ٢٢/٠٤/٢٠١٦،  سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین لە ماڵپەڕی تایبەتی زانکۆ ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ڕۆژی ١ی ئایار کە هاوکاتە لە گەڵ جەژنی کرێکاران دەوام ئاسایی دەبێت.

لە ڕونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕیندا ئاماژە بەوشەکراوە ڕۆژی ٢٤ی نیسان کە هاوکاتە لەگەڵ  یادی " ٤٢ "هەمین ساڵیادی بۆردمانكردنی شاری قه‌ڵادزێ و ڕۆژی شەهیدی زانکۆ، لە کەمپەی ڕانیە دەوام ئاسایی دەبێت لەسەرجەم فاکەڵتی و کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆکە.


ڕێبین عه‌لی

ماوەیەكە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە رێگای مووشەكەوە ماددەی كیمیایی بەكاردەهێنن و بەڕێوەبەری گشتی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا جەیمس كلاپەر لە سەرەتای مانگی 2 بە كۆنگرێسی ڕاگەیاندبوو كە ئەو گرووپە توندڕەوە چەكی كیمیاییان لە عێراق و سووریاش بەكارھێناوە.

بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێر سیروان بارزانی ئاماژە بەوە دەكات كە لە میحوەرەكەی ئەوان، چەكدارانی داعش لە رێگای مووشەكەوە گازی كیمیاییان بەكارهێناوە و بەم هۆیەوەش چەند پێشمەرگەیەك بریندار بوون.

سیروان بارزانی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەكدارانی داعش هەفتەی رابردوو دووجار چەكی كیمیاییان بەكارهێنا دژی پێشمەرگە و ئێوارێ دوێنێش 12 مووشەكیان ئاراستەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و 6 پێشمەرگەمان بریندار بوون كە تەندروستی 5 پێشمەرگەیان باشە".

لەبارەی پێداویستییەكانی سەلامەتی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ خۆپاراستن لە هەر مادەیەكی هاوشێوە، بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێڕ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان پێداویستییەكانیان زۆر كەمە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێداوستییەكانی سەلامەتیمان زۆر كەمە بەڵام گازەكەش بەو شێوەیە نییە كە بڵێن زۆر مەترسیدارە".

سەبارەت بە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێر ئاماژە بە ژمارەی لیوایەكان دەكات و ئاشكرای دەكات كە هێشتا هاوكارییەكان نەگەیشتوون و لەمبارەیەوە سیروان بارزانی گوتی: "هاوكارییەكانی ئەمریكا هێشتا نەگەیشتووە و بڕیارە ئەو دوو لیوایەی پێشمەرگە پڕ چەك بكرێت بە چەكی نوێ و جگە لەوەش لە رووی دابینكردنی ئازووقەش هاوكاری پێشمەرگە دەكرێت".

لەبارەی بەشداریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، سیروان بارزانی رایدەگەیەنیت كە هێزەكانیان بڕیاری بەشداریكردنی كۆنترۆڵكردنەوە مووسڵیان داوە بەڵام ئاماژەی بە چۆنییەتی بەشداریكردنەكە كرد و گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە بڕیاری بەشداریكردنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵیان داوە بەڵام مەرج و پلانەكان دیارنییە كە لە كام میحوەر و چۆن بەشداردەبین".

سەبارەت بە هێز و توانای داعش لە ئێستاشدا، سیروان بارزانی پێی وایە كە داعش توانای كەم بووتەوە و بە بەراورد لەگەڵ پێشووتردا و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێمە دەیبینین توانای گرووپە تیرۆریستییەكانی داعش لاوازە و هێرشی گەورە ئەنجام نادەن بەڵام هەندێك جار لە رێگای مووشەكەوە بۆردومان دەكەن".

لەبارەی راوەستانی شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و تیرۆریستییەكانیش، بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێڕ پێی وایە هێزەكانی سوپای عێراق هەنووكە خەریكی گۆڕینی پلانی شەڕكردنن و ئاماژەی بەوەش كرد كە پێدەچیت كەشوهەوا لەبار نەبووبیت بۆ شەڕكردن و لەمبارەیەوە گوتی: "هێزەكانی سوپای عێراق لە ئێستادا بۆ شەڕكردن پلانەكەیان گۆڕیوە و دیارە پلانی یەكەمجاریان سەركەوتوو نەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا كەشوهەواش لەبار نەبووە بۆ چۆنیەتی شەڕكردنییان لەگەڵ تیرۆریستییەكانی داعش".

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، فیرقەی 15ـی سوپای عێراق ماوەی زیاتر لە 3 مانگە لە مەخموور جێگیركراون و لە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-3-2016 یەكەم هێرشی بەرفراوانیان لە باشووری رۆژئاوای مەخموور و بەرزاییەكانی سوڵتان عەبدوڵڵا دەستپێكرد و هەمان رۆژ گوندەكانی كەرمردی و كودیلەیان بەبێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەكی داعش كۆنترۆڵكردەوە و دوای سێ هەفتەش بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك توانییان بچنە ناو گوندی نەسڕ و دواتر لە ئەنجامی هێرشێكی داعش بۆ ئەو گوندە، لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراق ئەو گوندە چۆڵكرا و لە ئێستاشدا ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنترۆلكردنەوەی شاری مووسڵ راوەستاوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە رۆژی ١٢-٨-٢٠١٥ بۆ یەكەمجار چەكدارانی داعش نزیكەی ٤٥ گولـلەھاوەنی جیاوازیان ئاراستەی پێشمەرگە كرد و لەو ھێرشەی داعشدا كە تەنیا لەڕێگەی ھاوەنەوە بوو، چەند پێشمەرگەیەك بەھۆی ماددە كیمیاوییەوە جەستەیان سووتا، دەستبەجێش تیمێكی سەربازیی ئەمریكی و فەڕەنسی گەیشتنە میحوەرەكە و لێكۆڵینەوەیان لە ماددەكە دەستپێكرد و دواتر وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ھەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند كە پێشمەرگە بە چەكی كیمیایی ماددەی كلۆرین لەلایەن داعشەوە ھێرشی كراوەتەسەر.