سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە پێكهاتەی هاوتەریب رایگەیاند: ''لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا هێزێكی لۆكاڵی و نیشتمانیی نوێی پۆلیس درووست دەكرێت كە نەك لەژێر فەرمانی ئەم كەس و ئەو پێكهاتەدا بێت بەڵكو لەژێر فەرمانی نیشتمان و گەلدا بێت، بەداخەوە درەنگ هەستمان بەو ستەمە كرد كە ئەم پێكهاتەیە لە گەلەمانی كرد''.

ئەردۆغان لە كۆشكی سەرۆكایەتی بەبۆنەی ١٧١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی هێزی پۆلیسی توركیاوە پێشوازی لە كارمەندانی پۆلیسی پارێزگاكانی توركیا كرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد كەسانێك بوونیان هەیە كە دزەیان كردووەتە نێو هێزەكانی پۆلیسەوە و خوازیارن كارمەندانی ئەو هێزە بكەنە ئامراز بۆ خواستە گڵاوەكانیان و لەمبارەیەوە گوتی: ''ئەم جۆرە هەوڵانە بەشێوەی بچووك لە رابردووشدا بوونیان هەبووە، بەڵام ئەو كێشانەی دوایینجار رووبەڕوومان بوویەوە، ئەوەندە گەورە بوو لەگەڵ ئەوانەی پێشوودا بەراورد نەدەكرا''.

سەركۆماری توركیا دواتر باسی لەوەكرد ئەو رێكخراوە خراپەكارە كە ناوی پێكهاتەی هاوتەریبی دەوڵەتی لێنراوە، لە ڕێگای ئەندامەكانیەوە لەناو دەزگاكانی ئاسایش و داد بەتایبەتی، وڵاتەكەمانی گەیاندووەتە رۆخی كەندەڵانێك.

ئەردۆغان لەسەر گوتەكانی بەردەوام بو و رایگەیاند: ''ئەگەر تەماشایەكی رابردوو بكەین، جێگای دەست و پێی ئەندامانی ئەو پێكهاتەیە لەپشت چەندین بەڵاوە دەبینرێت كە ئەم وڵاتە و ئەم گەلەی دووچاری سەرئێشە و گرفت كردووە، بەداخەوە ئێمە درەنگ هەستمان بەو ستەمە كرد كە ئەم پێكهاتەیە لە گەلەكەمانی كردووە، ئەو پێكهاتەیەی كە من بەم شێوەیە پێناسەم كردووە 'جەماوەرەكەی خواپەرست، چینی ناوەڕاستی بازرگان و لوتكەكەی كەسانی ناپاكن'. لەبنەڕەتدا رێوشوێنمان سەبارەت بەم پێكهاتەیە گرتبووە بەر، بەڵام لەدوای هەوڵەكانی كودەتا لە ١٢تاوەكو ٢٥ی كانوونی یەكەم، ئەو رێوشوێنانەمان بۆ هەڵمەتێكی راماڵینی تەواوەتی گۆڕی. لەم قۆناغەدا دەستمان بە پرۆسەیەكی نوێبوونەوە لەڕووی جەستەیی و بۆچوونەوە لە ریزەكانی هێزە ئەمنییەكاندا كرد. لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا هێزێكی لۆكاڵی و نیشتمانیی نوێی پۆلیس درووست دەكرێت كە نەك لەژێر فەرمانی ئەم كەس و ئەو پێكهاتەدا بێت بەڵكو لەژێر فەرمانی نیشتمان و گەلدا بێت. ئەو زیانانەی كە پێكهاتەی هاوتەریب بە هێزە ئەمنییەكانمانی گەیاندووە، بە داخەوە زۆر گەورەیە''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشكرد كە هێشتا كاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت و گوتی: ''تاوەكو كۆتایی لە خەباتی سەر لەنوێ كردنەوەی هێزە ئەمنییەكان بە هێزگەلێك كە لەژێر فەرمانی دەوڵەت و گەلدا بن و خزمەت بە دەوڵەتی یاساسەروەری بكەن، لەگەڵتاندا بەردەوام دەبم''.

لە كۆتاییدا ئەردۆغان كاردانەوەی بەرامبەر بە پەكەكە نیشان دا و گوتی: ''یەك نیشتمانمان هەیە، كە ٧٨٠ هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، تەنها یەك نیشتمان. رێگە نادەین هیچ كەسێك لەم نیشتمانەدا ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات. ئەوانەی كە ئازایەتی ئەوە دەدەنە بەر خۆیان ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، هاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت، باجەكەی دەدەن و بەردەوام دەبن لە دانی ئەو باجە. تاكە دەوڵەتێكمان هەیە و ئێمە جگە لە كۆماری توركیا دەوڵەتی دیكەمان نییە. نازانم ''دەوڵەتی هاوتەریب'' و ئەمە و ئەوە، شتێكی لەو جۆرە نە لەبەرنامەی ئێمەدا و نە لە دەزگای داوەریماندا بوونی هەیە. ئەم دەوڵەتە ئەو پێكهاتەیەیە كە ئێمە دامانمەزراندووە و درووستمان كردووە، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەداین بیژیەنینەوە''.

 

 

ڕێكخراوی فاوی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، لەمانگی ئازاری رابردوودا نرخی خۆراك لەسەر ئاستی جیهان بەرز بوونەوەی تۆماركردووە.
ئاژانسی خۆراك و كشتوكاڵی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ناسراو بە (فاو) راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا ئاشكرای كردووە، لەمانگی ڕابردوودا نرخی خۆراك بەرزبۆتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە نرخی خۆراك لانی كەم (1%) بەرز بووەتەوە، بەبەراورد بەمانگی پێشووتر، هەورەها باسی ئەوەشكراوە كە نرخی شەكرو زەیت لەناو هەموو كاڵاكاندا زیاتر بەرز بۆتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە كە تێكڕای بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا خۆراكییەكان (151) خاڵی تۆماركردووە، بەبەراورد بە (149.5) خاڵ بەبەراورد بە مانگی پێشووتری.
ئەو نرخە بەگوێرەی پێوەرێك دیاری دەكرێت كە پێنج كاڵای سەرەكی ڕەچاو دەكرێت كە بریتین لە: دانەوێڵە، زەیت، بەرهەمەكانی شیرو گۆشت، شەكر. جێگەی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو لەم كاتەدا بەهۆی زۆری بەرهەمی خۆراك، كەمی گەشەی ئابووری و توانای دۆلارەوە نرخی خۆراك دابەزی بوو.
ڕێكخراوی فاو ئاماژی بەوەشداوە كە لەساڵی (2016) بەرهەمی گەنمی جیهانی دەگاتە (2521) ملیۆن تۆن گەنم، واتە بەبەراورد بەساڵی رابردوو ڕێژەی (0.2%) كەمتر بۆتەوە.

 

ئـ . كـ


 

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كەش و هەوای ئەمڕۆ شەمەی ڕاگەیاند كە ئاسمان لە نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت و ئەگەری كەمی نمە باران لە تایبەت لە كاتەكانی درەنگدا.

 

 

حكومەتی هەرێم لەسەر پێشنیارێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەزارەتەكانی دیكەی حكومەت ئاگادار دەكاتەوە.
دوای ئەوەی رێكخراوی عەرعەر بۆ پرسی ئەنفال پێشنیارێكی خستە بەردەم وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان تایبەت بەیادكردنەوەی ئەنفال، بەشێك لەو پێشنیارانە بە نووسراوێك ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراو لەبەرواری (5/4/2016) ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر پێشنیارەكانداو بە نووسراو گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان نارد كەهەر یەكەو بەپێی تایبەتبەندی خۆی تاكو یادی رۆژی ئەنفال بكاتەوە بەم شێوەی خوارەوە.
بەمەبەستی رێزلێنان لەشەهیدانی ئەنفال داواكارین لە رێی فەرمانێكەوە گشتاندن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن كە لە خوارەوە ئاماژەی پێكراوە تاكو لە رۆژی (14/4) لەسەعات (9) ی سەرلەبەیانی بەم شێوەیە یادەكە بەرز رابگیرێت.
1. وەزارەتەكانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پەروەردە بە (8) خولەك قسە لەسەر قۆناغەكانی ئەنفال بكەن بۆ خوێندكار.
2. وەزارەتی رۆشنبیری بۆ سەرجەم كەناڵە میدیایەكان بەگشتی قسە لەسەر ئەو یادە بكرێت.
3. لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووچۆ بۆ ماوەی یەك دەقیقە رابگیرێت.
4. وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە رێگەی مزگەوت و كلێساكانەوە ئەم یادە بەرز رابگرن.
شایانی باسە، لەمەو بەریش وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێشنیارێكی تری ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد بۆ بەنیشتمانی كردنی یادەكان كە پێشنیاری ئەوەی تێدا كردبوو یادەكان دیاری بكرێت و بە شێوەیەكی فراوان ئەنجامبدرێت كە بریتیە لە (ئەنفال، كیمیاباران، شەهیدی زانكۆ، شەهیدانی شەڕی داعش).

 

ئـ . كـ


 

 

 

دوێنێ‌ نیوەڕۆ شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی شاری بەغدایان كردو كۆمەڵێك دیدارو چاوپێكەوتنیان ئەنجامداو هەر دوێنێش گەڕانەوە هەولێر.
شاندی هەرێم پێكهاتبوون لە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێم و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت و (فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و (سەفین دزەیی) وتەبێژی حكومەت و بە یاوەری كونسوڵی ئەمریكا لەهەولێر  سەردانی بەغدایان كرد.
لەسەرەتای سەردانەكەیاندا لەگەڵ (جۆن كێری) وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو ژمارەیەك لەبەرپرسان و دیبلۆماتكارانی ئەمریكی كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ناوچەكەو قەیرانی دارایی كە ڕووبەڕووی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بۆتەوەو ڕەوشی ئەمنی ناوچەكەو شەڕی گروپە چەكدارەكانی داعش و هەنگاوەكانی داهاتووی نێوان بەغداو هەولێرو هاوپەیمانان بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ لە دەستی چەكدارەكانی داعش و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان ئەمریكاو هەرێمی كوردستان خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
هەردوولا جەختیان لە پتەوتركردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا لە بوارە جیاجیاكاندا كردۆتەوەو (جۆن كێری) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕیوە كە هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی.
هەروەك بەردەوامی هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی لە شەڕی دژی تیرۆرداو لەمبارەیەشەوە ڕۆڵی خەڵك و حكومەت و هێزی پێشمەرگەی لە وەستاندنی مەترسیی تیرۆرو سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە بەسەر گروپە چەكدارەكانی داعشدا بەرز نرخاندووە.

هەروەها ڕۆڵی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی گروپە چەكدارەكانی داعش بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەو تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
هەروەها ئێوارەی دوێنێ‌ شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەت كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو قەیرانی دارایی و چۆنیەتی تێپەڕاندنی قەیرانەكەو شەڕی دژی گروپە چەكدارەكانی داعش و ئازادكردنەوەی شاری موسڵ لە داعش و هەمانگی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا لەوبارەیەوە گفتوگۆیان لەسەر كرا.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پێكهاتەی نوێی حكومەتی عێراق كراو لەمبارەیەوە شاندی هەرێم ڕاشكاوانە هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیان خستۆتە ڕوو كە پێویستە مافی دەستووری و یاسایی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەها شاندی هەرێم سەردانی هەریەكە لە (د. فوئاد مەعسوم) سەرۆك كۆمارو (عەمار حەكیم) ی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیان كردو باسیان لەدۆخی ئێستای ووڵات بەشێوەیەكی گشتی كردووە.

 

ئـ . كـ 

 

 

گەورە كۆمپانیای فەیسبووك  بەردەوامە لەسەر گۆرانكاریەكانی و ئەمشەویش بە فەرمی خزمەتگوزاریەكی نوێی ڕاگەیاند .

كۆمپانیای فەیسبووك ئاشكرای كردوە كە لە ئێستادا بەكارهێنەرانی ئەو تۆرە كۆمەڵایەتیە دەتوانن لە ڕێگای خزمەتگوزاری (live facebook map) ئاگاداری دواین گۆرانكاری و ڕووداوەكانی جیهان بن چركە بە چركە .

لەگەڵ ئەوەی ماوەی ٢ رۆژە ئەم خزمەتگوزاریەی راگەیاندوە , بەلام ئەمشەو بۆ تەواوی بەكارهێنەران فەراهەم كرا .

لە ئێستادا ئەندامانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كە لەسەر كۆمپیوتەر ئەو تۆرە بەكار ئەهێنن ئەوا دەتوانن سوودمەند بن لەو خزمەتگوزاریە و گلیگ لەسەر  map بكەن.

شایەنی باسە live facebook map خزكەتگوزاریەكی نوێی فەیسبووكە و تیایدا تەواوی رووداوەكانی جیهان چركە بە چركە بۆ ئەندامانی دەگوازیتەوە .

 

ئاماده‌كردنى : ئه‌ندام عومه‌ر


دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی بانگەشەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕەتدەكاتەوە لەمەڕ پێدانی فیزای ئەمساڵی حەجی سەرجەم عێراق لە ڕیی كونسوڵخانەی سعودیەوە لە هەولێر.


بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێكی حەسەن فەهد كەنانی وتەبێژی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق " وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بڵاوی كردۆتەوە كە ڕێكەوتن كراوە بۆ ئەوەی بەتەنها لە ڕێگەی كونسوڵخانەی سعویدە لە هەولێر فیزا حەجی ئەمساڵ بدرێت كە ئەمەش ڕەت دەكرێتەوە چونكە ڕێكەوتنێكی لەو جۆرە لەگەڵ سعودیەدا نیە".


ئاشكراشی كردووە" خالید عەتیە سەرۆكی دەستەی حەج لە كۆتا سەردانیدا بۆ وڵاتی سعودیە، داوای كردووە كە پێدانی فیزا بۆ حەج و  عومرە تەنها لە ڕێگەی باڵوێزخانەی سعودیەوە بێت لە بەغدا ئەمەش دوای ئەوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسیەوە فیزا وەردەگیرا".

 

 

 

a,m

 

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەشاری بەغدا لەگەڵ هەریەكە لەسەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراق كۆبوویەوەو پاشانیش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد.
(جۆن كێری) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رۆژنامەنووسان لەشاری بەغدا ووتی، (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای نەكردووە ووڵاتەكەی هێزی زیاتر رەوانە بكات بۆ شەڕكردن دژی گروپە چەكدارەكانی داعش.
هەروەها ئەو ووتیشی، سەرۆكی ئەمریكاو جێگرەكەی پشتیوانیان بۆ عێراق و ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەی كە بۆی دروست بووە دووپات كردۆتەوەو پێشی راگەیاندووە، ئەوەی گرنگە بەلای ئەوانەوە ئارامی سیاسییە.
 

ئـ . كـ

 

 

 

كەناڵی تەلەفزیۆنی عێراقیە بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ هەینی هێزەكانی سوپاو میلیشیا چەكدارەكان قەزای هیتیان لەژێر چنگی داعش دەرهێناوە.
قەزای هیت دەكەوێتە خۆرئاوای شاری روومادی و ماوەیەكی زۆرە كەوتۆتە ژێر چنگی داعش و ماوەی چەند هەفتەیەكیشە هێزەكانی سوپای عێراق و میلیشیا چەكدارەكان سەرقاڵی دەرهێنانەوەین لەژێر چنگی گروپە چەكدارەكان.
یەكێك لەفەرماندەكانی سوپای عێراقی رایگەیاندووە، بەشێكی زۆری قەزاكەیان لەژێر چنگەو ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی مەدەنیش بەهۆی پێكدادانەكان ئاوارەو دەربەدەربوونە.
هەروەها باسیش لەوەكراوە، كە بەڕزگاركردنی قەزای هیت، نزیك دەبنەوە لەرزگاركردنی تەواوی پارێزگای ئەنبار لەژێر چنگی گروپە چەكدارەكانی داعش.

 

ئـ . كـ


 

 

 

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لەعێراق لەدیدارێكی تەلەفزیۆنی پەردە لەسەر چەند نهێنییەكی تایبەت هەڵدەداتەوە.
(زەلـمای خەلیل زاد) باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەدیداری كەناڵی جەزیرەدا رایگەیاند، دانانەوەی (نوری مالیكی) وەك سەرۆك وەزیران بۆ جاری دووەم بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان واشنتۆن و تاران بووە.
زاد رایگەیاند، (نوری مالیكی) لەخولی دووەمی حوكم رانییەكەی بەشێوەیەكی زۆر مەزهەبگەرایی كاری دەكرد، ئەوەش بووە مایەی فراوان بوونی هەڵپەكانی ئێران لەعێراق.
ئەو دیبلۆماتكارە ئەمریكییە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو نیازی بڵاوكردنەوەی كتێبێكی هەیە بەناوی (نوێنەرایەتی، لەكابۆلەوە بۆ كۆشكی سپی، گەشتێك بۆ جیهانێكی ئاڵۆز) تێیدا چەندین نهێنی و پشت پەردە دەگێڕێتەوە سەبارەت بەكاركردنی سیاسی لەو ووڵاتانەدا.
هەروەها ئەو دیبلۆماتكارە باسیش لەوەدەكات، ئەو ئاگاداری پلانی كۆتایی پێهێنانی ڕژێمی (سەدام حوسێن) بوو، بۆیە هەرزوو داوای كرد نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی پێكبهێندرێت و ڕێگری بكرێت لەدەست تێوەردانی دەرەكی.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەڵەیەكی زەقی (پۆڵ برێمەر) لەعێراق ئەوەبوو كە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ واشنتۆن سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش ئەو كارەساتەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 

ئـ . كـ