سێرجیۆ رامۆسی ئیسپانی و بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی قوربانیانی رووداوە مەرگەساتەكەی عێراق كرد".

لە هێرشێكی چەكداری بۆ سەر كافتریایەك لە شارۆچكەی بەلەدی عێراق زیاتر لە (28) قوربانی لێكەوتەوە ، ئەمەش لەمیانی ئامادەبوونی هاندەرانی ریال مەدرید بوو لەم كافتریایە".

رامۆس لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر تویتێكی كردووە و نوسیویەتی : " هەموو مەدریدییەكانی جیهان پرسە بۆ هاندەرانی تیپەكە لە عێراق دادەنێن ، ئێمە لەیادی ناكەین ، هیوادارم بە ئاسوودەیی بخەون".

ئەمەو لەیاری ئەمرۆی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی دیپۆرتیفۆ لاكەرۆنیا وەك دەربرینی دڵتەنگی ، یاریزانەكانی ریال مەدرید پەڕۆی رەش لەدەست دەكەن".

رێكان عزیز

كوردیو -

رێكخراوی‌ تیرۆریستی داعش لەترسی‌ ئابڵوقەدانی‌ شارەكە، باری‌ نائاسایی لە شاری‌ رەقەی‌ سوریا راگەیاندووە.

كۆلۆنێل ستیڤ وارن وتەبێژی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژی‌ داش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند :داعش لە شاری‌ رەقە باری‌ نائاسایی راگەیاندووە و دەزانین ئەو دوژمنە هەست بە هەڕەشە دەكات.

سەرچاوەكانی هەوال باس لەوە دەكەن كە داعش دووبارە چەكدارەكانی‌ لە دەوروبەری‌ شاری‌ رەقە بڵاوە پێدەكات و هەوڵ دەدات چەند شوێنێكی‌ دیاریكراو لە ئەگەری‌ ئەنجامدانی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ و زەمینی‌ بپارێزێت.

كۆلۆنێل ستیڤ وارن وتی‌: "چەكدارانی‌ داعش هێزەكانی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ (كوردەكان) و هاوپەیمانی‌ عەرەبی‌ سووری‌ دەبینین كە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوایانەوە سەرقاڵی‌ جموجوڵن".

وتویەتیشی‌: هێزەكانی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ (كوردەكان) توانای‌ زیاتریان لە شەڕكردن لەو ناوچانەدا هەیە.

ناوبر او وتویەتیشی : "بەگوێرەی‌ راپۆرتەكانمان وەك ئامادەكارییەكان بۆ ئەوەی‌ لە سوریادا روودەدات، داعش دووبارە توانا سەربازییەكانی‌ خۆیان رێكدەخاتەوە"، ئاماژەشی‌ بەوەشدا كە داعش لەناو شاری رەقە و دەوروبەری‌ چەكدارەكانی‌ بڵاوەپێكردووە.


 

 

هونەر بانەگولانی

 

رۆژنامەیەكی بەریتانی هەواڵێكی چاوەرواننەكراوی بۆ هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڵاوكردەوە".

رۆژنامەی زەسەن لە ژمارەی ئەمرۆیدا بڵاوی كردەوە یانەی ریال مەدرید شوێنگرەوەی خامێس رۆدریگێزی كۆڵۆمبی لە ئینگلتەرا دۆزیوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد ریال مەدرید ئامادەیی خۆی نیشانداوە دەستبەرداری خامێس بێت و لەبەرامبەردا بۆند لەگەڵ (دیمیتری باییت)ی یاریزانی یانەی وێستهام یونایتد واژۆ بكات".

بایتی تەمەن (29) ساڵان لەم وەرزەی خولی یانە نایابەكانی ئینگلتەرا (38) یاری ئەنجامداوە و خاوەنی (12) گۆڵە و (12) گۆڵی بۆ هاورێیەكانی دروست كردووە و یاری بۆ یانەكانی (نانت و سانت ئیتیان و لیل و مارسیلیا) كردووە".


 

رێكان عزیز

شەممە, 14 ئایار 2016 11:04

گرنگيى توركيا ..

نووسراوە لەلایەن:


توركيا به‌چه‌ند هه‌نگاوێك پێشه‌نگى له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ گرتووه‌ ، سياسه‌تووانه‌كانيشيان تا ئاستێك كوڵاوترن له‌ سياسيه‌كانى وڵاتانى چوارده‌ور ، به‌ڵام هێشتا توركيا وڵاتێكى رۆژهه‌ڵاتييه‌ و پاشخانى رابووردو و سه‌رسمى سياسى و حه‌زى ديكتاتۆرييه‌تى نه‌په‌ڕاندووه‌ ، به‌ ئيسلاميى نوێ و عه‌لمانى قه‌ديميشيانه‌وه‌ .. بۆیه‌ هێشتا پێشکه‌وتنى توركيا جێى دڵخۆشی نييه‌..
توركيا دراوسێمانه‌ ، ئێمش كرێچى نيين ، له‌داخى دراوسێى خراپ بڕۆين سه‌رمان هه‌ڵگرين و بچين ببين به‌ دراوسێی ئه‌ڵمانيا يان كه‌نه‌دا ..تازه‌ قه‌ده‌رى ئێمه‌ وا ره‌نگڕێژكراوه‌ ، سه‌رنج دانمان له‌ بارودۆخى چوارده‌رومان ؛ مافێكى سرووشتييه‌ و خه‌مێکه‌ له‌جێى خۆيدايه‌ ؛ چونكه‌ پارچه‌يه‌ك له‌جه‌سته‌مان له‌ وڵاتانى چوارده‌وردايه ،‌ كه‌ ئێران كوردى رۆژهه‌ڵات سه‌ركوت ئه‌كات ، كرێنه‌كانى قامه‌تى گه‌نجه‌ كورده‌كانى پيا ئه‌شه‌كێته‌وه‌ ، كه‌ سووريا بووه‌ به‌ مه‌نجه‌نيق و شاره‌كوردييه‌كانمان بوونه‌ته‌ كه‌لاوه‌ ، كه‌ عێراق بووه‌ته‌ به‌رميلى بارووت و به‌رده‌وامن له‌ته‌قينه‌وه‌دايه‌ و داعش و حه‌شدى شيعه‌ و موخابه‌راتى نێوده‌وڵه‌تى ته‌راتێنى تيا ئه‌كه‌ن ..
كه‌ زۆرترين دانيشتوانى كورد و فراوانترين رووبه‌رى كوردستان له‌توركيادايه‌ ؛ ئه‌وه‌ش وه‌زعى توركيايه‌ و شه‌ڕى كۆڵانه‌ و كۆڵانه‌ ، ئيتر ناتوانين ئێمه‌ گوێی خۆمان بخه‌وێنين له‌چوارده‌ور و بڵێين خوا ئێران و توركيا و عێراق و سووريا وێران كات..چونكه‌ دوژمنى كوردن، چوونكه‌ يه‌كه‌مجار به‌سه‌ر كوردا وێران ئه‌بێت و به‌ئاگره‌كه‌ى ئه‌سوتێين ...
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌توركيادا ئه‌گوزه‌رێ به‌رهه‌مى ئه‌م چه‌ند مانگى رابووردووه‌ نييه‌ ..ئه‌مه‌ گڕكانێکه‌ ، له‌مێژه‌ تاوى سه‌ندووه‌ و خه‌ريكه‌ ئه‌ته‌قێته‌وه‌ ..
له‌توركيادا كورد به‌شێکه‌ له‌ رووداوه‌كان ، به‌بن به‌ست گه‌يشتنى پرۆسه‌ی ئاشته‌وايى كورد و توركيا هه‌موو چيرۆکه‌که‌ نييه‌ ، ده‌وڵه‌تى قوڵى ( گويله‌نييه‌كان ) و ( شه‌ڕى سووريا) و ( ملێونان ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌ ) و ( ئه‌ندامێتى توركيا له يه‌كێتى ئه‌وروپا ) و( سيسته‌مى سه‌رۆكايه‌تى )و( پێشکه‌وتنى سه‌ربازى و ئابوورى و پیشه‌سازى توركيا) و خۆده‌رخستنى توركيا وه‌كو ( وه‌لى ئه‌مرى موسڵمانان و وڵاتانى ناوچه‌که‌ ) و (په‌لهاويشتنى توركيا بۆ قوڵايى ئه‌فريقا و ئه‌مريكاى لاتين )و(ناكۆكيى قوڵى توركيا له‌گه‌ڵ ميصر و رووسيا و ئيسرائيل) و زۆرى تريش .. ره‌هه‌نده‌كانى ئه‌و ململانێى و يارييه‌ موخابه‌راتيانه‌ى ناوچه‌كه‌ و توركيايه‌ ..
له‌م سه‌روبه‌ندانه‌دا ئه‌وه‌ى ئێمه‌ پێی ئه‌ڵێی توركيا ، لاى خۆيان و خۆرئاوا ( ده‌وڵه‌تى عوسمانييه‌ ) و ئه‌وکه‌سايه‌تييانه‌ى ئێمه‌ به‌ بچووكى لێی ئه‌ڕوانين ، لاى خۆيان و خۆرئاواش ( عوسمانيه‌ نوێكان و سوڵتانى تازه‌ن)..
توركياى ئێستا ميراتگرى پێنج سه‌ده‌يه‌ له‌حوكمى سوڵتانه‌كان ..ئه‌وان ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێ ناتوانن ئه‌و راستيه‌ قبوڵكه‌ن كه‌ سنوورى توركيا زۆر بچووكتره‌ له‌ سنوورى سوڵتانه‌كان ، هه‌ژموونى توركيا وه‌كو جاران نييه‌ و ئاسانيش نييه‌ وه‌كو جارانى لێبێته‌وه‌ ...راستييه‌كى تريش هه‌يه‌ ، هێشتا ئه‌وروپا و خۆرئاواش له‌ فۆبياى سوڵتانه‌كان ده‌ربازنه‌بوون و خه‌مى ئه‌وه‌يانه ‌جارێكى تر سنووره‌كانى ڤییه‌ننا بكه‌وێته‌وه‌ به‌ر مه‌ترسى سوڵتان "بايه‌زيد و سوله‌يمان و سه‌ليم "ى هاوچه‌رخ..
مێژووى سوڵتان و بنه‌ماڵه‌ى پاشا و حوكمڕانه‌كان له‌دونيادا به‌ده‌ر نه‌بووه‌ له‌ ملانملان و شه‌ڕه‌كورسى و ده‌سه‌ڵات ، كه‌سانى نزيك و ده‌ربار رۆڵى كاريگه‌ريان دييوه‌ ..
ئێستاش بازنه‌يه‌كى ته‌سك له‌ده‌وروه‌به‌رى عه‌رشى ئه‌ردۆغاندا ئه‌خولێنه‌وه‌ ، ئاساييه‌ كه‌ كاريگه‌رييان له‌سه‌ر ئه‌ردۆغان هه‌بێت ، هه‌رچۆن ئه‌وانيش موتيعى حه‌ز و ئيراده‌كانى سوڵتان ئه‌ردۆغانن ...
"هاتنى سێ جارى مێركل و كه‌سايه‌تييه‌ ده‌سڕۆيشتووه‌كانى ترى جيهان بۆ لاى ئه‌ردۆغان ، ميواندارى گرووپى جى بست ، هه‌وڵدان بۆ خستنه‌ئاراى هێزى ناتۆ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى پۆتنى قه‌يسه‌رى نوێى رووسدا .. بوونى ئه‌سته‌نبوول به‌ ناوه‌ندى دامه‌زراوه‌ و پلاتفۆرمى كه‌لتورى و ئابوورى و گه‌شتيارى و نێونه‌ته‌وه‌يى و پێشکه‌وتوو له‌ئاستى جيهاندا..
بێ منه‌تى ئه‌ردۆغان به‌رانبه‌ر ئه‌ندامبوون له‌ يه‌كێتى ئه‌وروپا ، و هه‌ڵوێستى بێباك و سه‌ركه‌شانه‌ى ئه‌ردۆغان له ره‌خنه‌بارنكردنى به‌رده‌وامى سياسه‌تى جيهانى و زۆرى تريش " ، لاى توركه‌كان شانازييه‌ و خه‌ون بينينه‌ به‌ رابووردووى عوسمانييه‌كانه‌وه‌ .... لاى خۆرئاوا و ناحه‌زه‌كانى توركياشه‌وه‌ مه‌ترسى و دێوه‌زمه‌يه‌ ..
رووداوه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ئاشكرا دياره‌ كه‌ ئاماده‌سازييه‌ بۆ به‌جێهێنانى پیلانه‌كانى بێرنارد لويس ، بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ى ناوچه‌که‌ و درووستكردنى چه‌ندين ده‌وڵه‌تى بچووك و جێگرتنه‌وه‌ی سايكس بيكۆ ، ئه‌مه‌ش وايكردووه‌ ئه‌ردۆغان و شا سه‌لمان و خه‌ڵكانى تر بكه‌ونه‌ خۆيان و هه‌ندێ زه‌برى پێشوه‌خت بوه‌شێنن ، وه‌كو وتراوه‌ بيانكه‌ن به‌خوانى نيوه‌ڕۆ ، به‌رله‌وه‌ى ببنه‌ خوانى عيشا ..
پوخته‌كه‌ى ئه‌وه‌يه‌ ئه‌ردۆغان و حاشيه‌ى ده‌وروبه‌رى خه‌ريكى ريسكێكى گه‌وره‌ن ، ريسكيش سرووشتى وايه‌ يان كه‌وتنى توركيا و ئه‌سته‌نبوله‌كه‌ى ئه‌ردۆغانه‌ ، كه‌ده‌رگا له‌سه‌ر گۆڕانكاريى چاوه‌ڕوان نه‌كراو ده‌كاته‌وه‌
يان سه‌رده‌مى سوڵتان ئاردۆغانى يه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات ..
تــــاهــــا ســــۆڵــــــه‌يــــى
دوانزه‌ى پێنجى شانزه‌
دارولمولكى بابان


ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شەڕی سوریا دەبێتە خۆرەی سوپای پاسدارانی ئێرانی و حیزبوڵای لوبنانی بە هۆی بەشداری كردنی ڕاستەوخۆیان لە شەرەكاندا و ڕۆژانەش دەیان سەركردە و سەربازیان لێ دەكوژرێت، كە دیارتیرینیان سەركردەی باڵای حیزبوڵا بوو لە دیمەشق، هەڵویستی نامۆی دوای ڕوداوەكەش ماتەم و نیگەرانی لایەنە شیعیەكانی عێراق بوو لە ڕووداوەكە.


حیزبی دەعوەی دەسەڵاتدار وەك گەورەترین لایەنی شعیە لە عێراقدا بە فەرمی بەیننامەیەكی بڵاوكردەوە بە بۆنەی كوژرانی ( مستەفا بەدرەیدن) سەركردەی باڵای سەربازی حیزبوڵای لوبنانی كە لە شاری دیمەشق لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە كوژراوە.


حیزبی دەعوە ڕایگەیاندووە كە كوژرانی مسەفا بەدرەدین هاندەرە بۆ زیاتر بەرەنگاربونەوە بە دژ سیاسەتەكانی ئیسرائیل و سعودیە لە ناوەچەكەدا.


هەروەك ڕەوتی سەدر و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و پێگە و سایتە شیعیەكانی بە جیا ماتەم بۆ كوژرانی ئەو سەركردەیەی حیزبوڵا دەگیڕن.


حیزبوڵای لوبنانی كە بە دەستی ڕاستەوخۆی ئێران داجەنرێت لە ناوچەكەدا، هەزاران چەكداری لە سوریا بڵاوەپێكردووە بۆ سەركەوتكردنی شۆڕشی سوریا و ڕۆژانەش تەرمی دەیان چەكداری بۆ لوبنان دەگەڕێتەوە.

 

AM

 

لە شارۆچكەی بەلەد ژمارەیەك چەكدار هێرشدەكەنە سەر كافتریایەك و بەمهۆیەوە (28) كەس دەبنە قوربانی

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سەڵاحەدین رایگەیاندووە، درەنگانی‌ شەوی‌ رابردوو، ژمارەیەك چەكداری‌ نەناسراوە كە پێدەچێت سەر بە رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش بن، هێرشیان كردووەتە سەر كافتریایەك لە شارۆچكەی‌ بەلەد و بەوهۆیەوە هەشت كەس كوژراون و 20ی‌ تریش برینداربوون.

ئەو كافتریایە كە هێرش كراوەتە سەری بە ناوی كافتریای ڕیاڵ مەدریدەوە بووە و هاندەرەكانی ڕیاڵ مەدرید لەو كافتریایەدا سەیری یارییەكانی ئەو تیپەیان دەكرد.

ئەمەو یانەی ڕیاڵ مەدرید بەفەرمی لەسەر ئەو رووداوە هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو روداوەوە هەموو یاریزانانی یانەی ڕیاڵ لە یارییەكەی ئەمرۆ بەرامبەر دیبۆرتیڤۆ لاكارۆنا پەڕۆی ڕەش لە دەستیاندا دەبەستن.


رێكان عزیز

 

زێنەدین زێدانی فەرەنسی و راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی باس لەیاری یەكلاكەرەوەی ئەمرۆی بەرشلۆنە و غەرناتە دەكات كە رەنگە پاڵەوانی تێدا دەربكەوێت".

زێدان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان دەڵێت : " ئێمە تەنها بیر لەیاری خۆمان دەكەینەوە چونكە دواین یاری ئەم وەرزەیە و پێویستیمان بە بردنەوەی یارییەكە هەیە".

راهێنەرە فەرەنسییەكە ووتی : " بەدەستهێنانی سێ خاڵ بۆ ئێمە لەهەموو كارێكی گرینگترە و دەتوانین بە سەربڵندی كۆتایی بەم وەرزە بهێنین".

زیزۆ دەڵێت : " گرینگی بە یاری بەرشلۆنە و غەرناتە نادەم ، هەرچەند من دوودڵم بەڵام دوو دڵییەكەم پەیوەندی بەم یارییە نییە بەڵكو بیر لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكەی خۆمان دەكەینەوە".

راهێنەرەكەی ریال مەدرید لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ تیپەكەی دەڵێت : " نازانم ئەگەر شتێكم كردبێت ببێتە هۆكار بۆ ئەوەی لەو تیپە بۆ وەرزێكی دیكەش بەردەوام بم".


 

رێكان عزیز


دوای چەند ڕۆژێك لەسەردانی شاندێكی باڵای حیزبی دەعوەی دەسەڵاتدار لە عێراق بۆ سلێمانی و كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە شاری سلێمانی، حیزبی دەعوە ڕەتی دەكاتەوە شاندەكە نوێنەرایەتی حیزبەكەیان بكات و ئاشكرای دەكات كە ئەو كەسانە نوێنەرایەتی حەیدەر عەبادی دەكەن.


بەگوێرەی بەیاننامەیەكی حیزبی دەعوە " حیزبی دەعوە ڕەتی دەكاتەوە كە ئەو شاندەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و پێكهاتوون لە ( عەلی عەللاق و عامر خەز عەلی) بەهیچ سیفەتێكی حیزبی سەردانیان نەكردووە بەڵكو نوێنەرایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دەكەن و هیچ دۆسیەیەكی گرنگیان پێ نیە".


هەروەك ئاماژە بەوە كراوە كە هیچ نوسینگەیەكی حیزبی دەعوە ئاگاداری سەردانی ئەو دوو كەسایەیتە نیە.


جێگای ئاماژە بۆكردنە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا میدیا كوردیەكان هەواڵی سەردانی شاندێكی باڵای حیزبی دەعوەیان بڵاوكردەوە كە گوایا بۆ تكا كردن لە كورد هاتبوون و داوای گەڕانەوەی نوێنەرانی كورد دەكەن بۆ بەغدا بەڵام سەراپای هەواڵەكە لە لایەن حیزبی دەعوە ڕەتكرایەوە.

 

AM

 

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەكارییەكانی خۆی دەستپێكرد بۆ یاری كۆتایی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە بڕیارە لە (28) ئەم مانگە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئەنجامبدرێت".

ریال مەدرید لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ یاری كۆتایی چامپیۆنس لیگ دەرگاكانی خۆی بۆ هاندەران دەكاتەوە".

وەك لە بەیاننامەكە هاتووە هاندەرانی ریال مەدرید دەتوانن لەنێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لەرێگای شاشەی تەلەفزۆنی گەورە سەیری یاری كۆتایی بكەن ، هاوشێوەی یاری كۆتایی ساڵی (2014)".

یاری كۆتایی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە ووڵاتی ئیتاڵیا و لەیاریگای (سانسیرۆ) لەشاری میلان ئەنجامدەدرێت".


 

رێكان عزیز

كوردیو - سلێمانی
بەڕێوبەری پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ 14ی ئایار تاقیكردنەوەكانی پۆلە ناكۆتاییەكان دەست پێدەكات و لە ماوەی دە ڕۆژدا كۆتای دێت.

 

مامۆستا كەمال نوری بەڕێوبەری پەروەردەی سلێمانی بە كوردیو ڕاگەیاند: ئەمڕۆ 14ی ئایار لە سەرتاسەری كوردستاندا تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاییەكان واتە جگە لە پۆلی 12 دەست پێدەكات و بڕیارە دە ڕۆژ بخایەنێت.

 

هەروەها وتیشی: ئەو ڕێنماییانەی كە لە وەزارەتی پەروەردە دابەزیوە گەیشتۆتە سەرجەم قوتابخانەكان و وە كاتژمێر8:30 بە پێی داواكاری قوتابیان خۆیان لە بەشێك لە قوتابخانەكان دەست پێدەكات ووە ئەو كاتە دیاری كراوە و قوتابخانەكان سەربەست بن لە دیاری كردنی كاتت تاقیكردنەوەكان و ڕێكخستنی خشتەكەی وانەكان.


جێگای ئاماژە پێدانە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار قوتابی دەست پێدەكات كە لە كاتی خۆیدا بوو، بە هۆی خۆپیشاندان و وەستانی پرۆسەی خوێندن تاكی تاقیكردنەوەكان دوا نەخرا.

 

 

سەلام بێستانسوری