وەك ئاشكرایە لە 20ئازاری 2003دا ئەمریكا یەكەم گورزی سەربازی دا لە عێراق و لە9ی نیسانی هەمانساڵدا پەیكەری دیكتاتۆریەت تێك شكێنرا و هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئۆمێدیكی زۆرەوە بۆداهاتووی خۆیان دەروانی و هەموولایەكیش باسیان لە دەوڵەتی دیموكراسی و دامەزراوەیی و دەوڵەتی بەمەدەنی دەكرد.
وەك دەوترێت ئەوكات كە دیكتاتۆرێك بۆماوەی 35ساڵ حكومی عێراقی دەكردو وڵاتەكەی بەرەو چەندین شەڕی خوێناوی و كارەساتی جەرگبڕی وەك كیمیاباران و ئەنفال‌و سەركوتكردنی هاوڵاتیان و چالاكانی سیاسی  بردبوو ، بە ڕوخانیشی هەمووان دڵخۆش بوون كە ئیتر دیكتاتۆریەت كۆتایی پێك هات بەڵام دەڵێن لە ئێستادا بە ئەندازەی پارچەكانی پەیكەرەكەی صەدامی دیكتاتۆر ،  دیكتاتۆر لە عێراقدا دروست بووە و هەریەكەو لە ژێرناوێكدا  دژەكانی خۆی پاكتاو دەكات و لەناویان دەبات و لە دوای ئەو 13 ساڵەش چەندین دەركەوتە لە هەرێم و عێراق رویانداوە.

ئەگەر بەخێرایی لە13 ساڵی حكومرانی عێراقدا چاوێك بگێڕین ئەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی كەیەكێك لەو دەركەوتانەی كە ڕویداوە ئەوەیە ئەو سیاسیانەی  كەباسیان لە دیموكراسیەت و دەوڵەتی مەدەنی دەكرد ئەوە بەو شێوەیە دەرنەچوو بەڵكو لەگەڵ ڕوخانی دیكتاتۆریەدا ئیتر چوزەی دیكتاتۆرەكانی تر وەك قارچ سەریان لە خاك دەرهێناو جارێكی تر وەڵاتەكەیان بەرەو كاولكاری و وێرانەبوون بردوە و ئەوانەی حكومرانیان كەوتە دەست  بەتایبەتی  شیعەكان دەستیان بە پاكتاوكردنی سونەكان كردو ئەو ڕەقەی كە بەدرێژایی 14 سەدەیە لەناخیاندا حەشاریانداوە  بەرامبەر بەسوننە ئیتر هەلیان بۆرەخساو دەستیانكرد بە جێبەجێكردنی بەرنامەكەیان.
سەرەتا بە تیرۆركردنی كەسایەتیەكان و پاشانیش بە تۆمەتباركردنیان بە گەندەڵی و دروستكردنی دۆسیەی تایبەتی بۆیان و پاشانیش لەژێر فشارو هەڕەشەكردندا و وڵات پێ چۆڵكردنیان و لەبەرامبەریشدا سوننەكان چەندین كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بە حكومەتی بەغداد نواندو ئەو نوخبەحكومرانەشی كە ئێستا حكومی عێراق دەكات نەك هەنگاوەكانی بەعسی دووبارە كردوە بەڵكو ئەم ئەمجارە شێوازی نوێی گرتە بەر بۆ سڕینەوەی  دژەكانی خۆی و هاوڵاتیەكانی وڵاتەكەی  وەك بڕینی قوتی هاوڵاتیانی هەرێم و تەسلیمكردنی ناوچە سوننە نشینەكان بەداعش و دواتریش لەژێرناوی بەرگریدا كاولكردن و خاپۆركردنەوەی ئەو ناوچانە و دەربەدەركردنی هاوڵاتیەكانی.
  دواجاریش حكومەتی عێراق هەستا  دروستكردنی  هێزێك بەناوی حەشدی شەعبی كە ئەم هێزەش وەك چاودێرانیش باسی دەكەن بە سوپای شیعەكان دادەنرێت و مەترسیەكانی هیچی لە داعش كەمتر نیە وەك دەبینرێت  ئەوەی لەسەر دەستی ئەم هێزە لە دووز خورماتو چی بە كورد و لە ناوچەكانی دیالەش چی بە سوننەكان دەكرێت.
یەكێكی تر لە دەركەوتەكانی دوای ڕوخانی دیتاتۆریەت  ئەو گەندەڵیە زۆرەیە كە ئەو بەرپرسانەی ئێستای عێراق كردویانە و بردنی سەدان ملیار دۆلاری ئەم وڵاتە بۆبانكەكانی دەرەوە و دەیان دۆسیەی تری گەندەڵی كە ڕۆژنامەباناوبانگەكانی جیهان باسیان لێوە كردوە و لەسەر دەستی كەسانی وەك مالیكی و هاو پیشەكانی ڕویانداوە.
ئەگەر بێنە سەر هەرێمی كوردستانیش دەركەوتەكانی دوای ڕوخانی صەدام  ئەوا جگە لە لایەنە تائیفیەكەی عێراق هیچی لە بوارەكانی تردا كەمتر نەبێت بەڵكو لە هەندێ ڕووشەوە زیاتریشە لە چاو بەرپرسانی بەغداد.
لەدوای رزگاركردنی عێراق بەرپرسانی هەرێم باسیان لەوە دەكرد كە سیستی دیموكراسی هەرێم دەگوازنەوە بۆ عێراق بەڵام نەك ئەوەیان نەكرد بەڵكو لە هەرێمی كوردستان بەرپرسانی كورد دیموكراسیان لەخاچدا و دەزگا شەرعیەكانیان لەكار خست و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانی زیاتریان بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دروست كرد وەك قەیرانە بەردەوامەكانی  ئاو كارەبا و سوتەمەنی و دواجاریش دروستكردنی قەیرانی دارایی و برسیكردنی هاوڵاتیانی هەرێمەكەی خۆیان وداهێنانی سیستمی نیو موچەو چارەكە موچە و نەبونی شەفافیەت لە دامو دەزگاكاندابەتایبەتی لە سیستمی دارایی و دۆسیەكانی نەوت و قوڵبونەوەی كێشەی نێوان لایەنەكان و دروست كردنی كەشێكی نائارام  بۆهاوڵاتیان كە لە هەموكاتێكدا هاوڵاتی هەست بە دڵە ڕاوكێ و بێ متمانەیی و دروستبونی نائۆمیدی بكات.
لەلایەكی ترەوە دوای 13 ساڵ لەم هەرێمەدا بەتازەی هاوڵاتیان بیر لە كۆچكردن و جێهێشتنی ئەم هەرێمە دەكەنەوە وەك لە چەند مانگی ڕابردوشدا بینیمان سەدان هاوڵاتی ئەم هەرێمە چۆن لە دەریای ئیجەدا خنكان و بەرپرسانی هەریمەكەش هیچ باكێكیان نەبوو.
دەركەوتەیەكیتری هەریم لە دوای روخانی دیكتاتۆریەت ا نەبونی كاروسەرهەڵدانی گرفتی بێكاری لای هاوڵاتیان و پەراوێزخستنی سیستمی پەروەردەو فێركردن و گوێ نەگرتن بۆ داوكاریەكانی هاوڵاتیان لەلایەن حكومەتە خۆماڵیەكەیانەوە نەبونی چاودێری و لێپرسینەوە لە بەرپرسان وئەمانەو چەندین كێشەی تر  لە ئێستادا رویان لەم هەرێمە كردوە و ئەوەندەی تر دۆخەی بەرەو نائۆمێدی بردووە.
لە كۆتایشدا ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا دەگوزەرێت لە دوای 13 ساڵ دەتوانین بڵین لە ئێستادا  لەعێراق پەرلەمان كارایەو دەزگاكانی چاودێر و لێپرسینەوە دەستەی نەزاهە بە فیعلی دەست بەكارن  و هەندێ جار گەندەڵكاران دەبرینە بەردەم یاسا وحكومەتێك هەیەو موچەی هاوڵاتیەكانی دابین دەكات و وەك دەوترێتیش پاشەكەوتیشی هەیە و هاوڵاتیەكانیشی زیاتر وشیارترن و دێنە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانی ملیۆنی رێك دەخەن.
بەڵام ئەوەی كەلە هەرێمی كوردستان هەیە لەدوای ئەو 13 ساڵە  لە ئێستادا پەرلەمان پەكخراوە و هیچ چالاكیەی نیەو كوردستان جارێكی تر بۆسەردەمی فیفتی بەفیفتی دابەش كراوەتە ئەگەر بەقسە ئەمەنەبێت ئەوا لەروی واقعیە ئەوە بونی هەیەو لە هەمانكاتیشدا دەزگاكانی چاودێر و لێپرسینەوە دەستەی نەزاهە ئیفلیج كراون  و حكومەتیش تەنها وەك ناو ماوەتەوەو هەنگاوەكانی چاكسازیش هیچ جۆرە ئۆمێدێكیان پێوە دیارنیە.
ئەوەندەش هەیە لە هەردوولا بۆپەرپرسەكان ڕزگاركردنی عێراق گرنگ بوو چونكە ئەوان كەجاران پەنابەر بوون لە وڵاتان ئێستا حكومی میللەت دەكەن و ئەوەشی كە زەرەمەندی یەكەمە چ سەردەمی پێش 2003 و چ سەردەمی دوای ئەو بەروارە  تەنها هاوڵاتیە و هەر ئەویشە بوەتە سوتەمەنی سیاسیەكان.
 

 

كوردیو - محمد عمر كانی

هەڵسوڕاوێكی گۆڕان ئاشكرای كرد، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداریداوەتە سەركردەكانی بزووتنەوەكەی لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ كوردستان كەسیان نەچنە فڕۆكەخانە بۆ پێشوازی و هیچ مەراسیمێكیشی بەو بۆنەیەوە بۆ رێكنەخەن >

ڕۆژی 18/4/2016 ڤیزای گەشتی نەوشێروان مستەفا رێكخەری گۆڕان بۆ بەریتانیا كۆتایی دێت .

سێوە خدر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی گۆڕان لەلاپەرەی فەرمی خۆی نوسیویەتی : به پێی زانیاریەكان ، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران هەفتەی داهاتوو دەگاتەوە هەرێمی كوردستان و ئەوەش پێش تەواوبوونی وادەی ڤیزەكەی بەریتانیای دەبێت كەلە 18ی ئەم مانگە كۆتایی دێت .

ئەوەش باسكراوە: نەوشیروان مستەفا بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانی ئاگاداركردوەتەوە كە هیچ سەركردەیەكی ئەو بزوتنەوەیە نەچنە فرۆكەخانە بەدوایداو كار بۆ كۆبونەوەی جەماوەری نەكەن لە كاتی گەڕانەوەیدا .

جێی باسە نەوشیروان مستەفا لەمانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥ ەوە بەمەبەستی سەردان و گەشتكردن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەرێكەوت و لە ئێستادا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە .

 

م. كانی

 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە هۆشداری دەداتە هاوڵاتیە ئەمریكیەكانی ئەو وڵاتە لەوەی مەترسیەكی توند هەیە هێرشی تیرۆرستی بكرێتەوە سەر شارەكانی ئەستەنبوڵ و ئەنتاڵیا .

پێشترو لەچەندین هۆشداریتری باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا رووداوەكان راست دەرچوونەو هێرشی تیرۆرستی ئەنجام دراون ، لە تەقینەوەكەی مانگی رابردووی ئەستەنبولیش هۆشداری دابوو ، دواجاریش تەقینەوە روویدا .

جێی باسە رۆژانەی 19 و 13ی مانگی رابردوو تەقینەوە لەشارەكانی ئەستەنبول و ئەنقەرەی پایتەختی توركیا روویداو بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیان لەدەستداو سەدانی تریش برینداربوون .

 

 

م. كانی


كوردیوـ سلێمانی
بریارە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی هەریمی كوردستان بەسەردانیك بگاتە ئەمریكا و لەبارەی قەیرانی دارایی  ئێستای هەرێم و شەری داعش و  پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكاو هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا گفتوگۆبكەن.
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە" سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەردانیك دەگاتە ئەمریكا ولەبارەی چەند پرسێكەوە گفتوگۆدەكەن"
وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕاشیگەیاندوە" ئەو بابەتانەی كە گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت بریتین لە قەیرانی دارایی  ئێستای هەرێم و شەڕی داعش و  پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكاو هەرێمی كوردستان و هەروەها بارو دۆخی عێراق و پرسی ئاسایش و چەند بابەتێكی تر گفتۆگۆوە لەگەڵ كۆنگرێس وناوەندە گرنگەكانی ئەمریكادا"
أ.س

كۆردیوـ كۆیە
شەوی ڕابردوو خویندكارێكی قۆناغی دووەم لەبەشی ئەندازیاری لە زانكۆی كۆیە هەڵدەكوتێتە سەر مامۆستایەك و بەچەقۆ برینداری دەكات و مامۆستاكەش بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت.
بەپێی ئەوزانیاریانەی كە دەستی كوردیو كەوتووە " شەوی رابردوو خوێندكارێك كە پێشتر كێشەیەكی كۆن لەنێوان ئەو مامۆستایە و خوێندكارەكەدا هەبووە،  هەڵدەكوتێتە سەر ماڵی مامۆستاكەو چەند چەقۆیەكی لێدەدات و دواتر هەڵدێت"
هەربەپێی زانیارییەكان " دواتر خوێندكارەكەلەلایەن پۆلیسی كۆیەوە دەستگیركراوە و لە ئێتاشدا لە ژێر لێكۆڵینەوەدایەو دۆسیەی تایبەتی بۆكراوەتەوە  مامۆستاكەش بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی رۆژئاوی هەولێركراوە نەشتەرگەری بۆركراوە ولە ئێستادا لەژێرچاودێری تەندروستیدایە"
أ.س


كوردیو - محمد عمر كانی

بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات: كوردەكانی ناو داعش رێژەیان كەمبۆتەوەو لەژێرچاودێری و گومانی سەركردەكانی داعشن و دوو رێگەیان لەبەردەمە .

بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بەهۆی هەڵاتنی چەكدارە كوردەكانی ناو داعش و كەمبونەوەی رێژەیان لەناو ئەو گروپە تیرۆرستیە "ئێستا ئەو رێژە كەمەی كوردەكانی ناو داعش لەسوریا و عیراق لەژێرچاودێری و گومانی سەركردەكانی داعشن"  دوو  رێگەشیان خستۆتە بەردەمیان بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بكەنەوە .

لەبارەی دوو رێگاكەشەوە مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندیە ئاینیەكان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوەدەكات: یان دەبێ پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەعیراق و یەپەگە لەسوریا بدەن و بەئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو خۆیان بتەقێننەوە ، یان ببنە سەربڕ و ئەو كەسانەیان پێ سەردەبڕن كە لەلای داعش دیلن و دەیانەوێت لەبەردەم كامێرادا ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن .

دەشڵێت: لەناو داعشە عەرەبەكانیشدا چەكدارە كوردەكان بەترسنۆكترینیان سەیر دەكرێن بەو پێیەی زۆر كەم لەچەكدارە كوردەكانی ناو داعش ئامادەیە خۆی بتەقێنێتەوە یان لەبەردەم كامێرا دیل سەرببڕێت .

م. كانی

كوردیو - هەولێر

دوای ئەوەی وێنەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەر تابلۆی زەردی پێوەیە كە تابلۆی زەرد تابلۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە) قسەی زۆری لەسەر كراو، بەڵام پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند:‌ ئەم جۆرە تابلۆیە دراوە بە چەند كۆمپانیایەكی ئیسعافی ئەهلی و ‌ساختە نیە .

فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بۆ كوردیو رایگەیاند: چەند رۆژێكە لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و لەهەندێك كەناڵی راگەیاندن وێنەی ئۆتۆمبێلێكی لاندكرۆزەر بڵاوكراوەتەوە كە گوایە تابلۆكەی ساختەیەو هی بارهەلگرە، ‌بۆ هەموو لایەك رونی دەكەینەوە كە ئەم تابلۆیە ساختە نیە و تەواوە .

لەبارەی چۆنیەتی پێدانی ئەو تابلۆ بارهەڵگرانە بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەڵێت: ‌ئەم جۆرە تابلۆیە دراوە بە چەند كۆمپانیایەكی ئیسعافی ئەهلی و ‌بەشیوەیەكی یاسایی پێیان دراوە و ‌لەبەر ئەوە نیە كە پۆلیسی هاتووچۆ خەوتبیت وئاگای لەم سەرپێچی نەبێت .

م. كانی


چاوەروان دەكرێت یاریزانی هێلی ناوەراستی كۆڵۆمبی و یانەی ریال مەدرید خامیس رۆدریگز لە هاوینی داهاتوو یاریگای سەنتیاگۆ برنابیۆ جێبهێلێت .
رۆژنامەی میترۆی ئینگلیزی ئاشكرای كردوە یاریزانی كۆڵۆمبی نزیكە لە جێهێشتنی ریال مەدرید بەتایبەت دوای دابەزینی ئاستی لەگەڵ یانەكەی ، لەبەرامبەردا دەستەی كارگێری مێرەنگی بیر لەوە دەكاتەوە دەست بەرداری تواناكانی بێت .
رۆژنامەنوسی ئیسپانی دیگۆ تۆرێس رۆمانۆ ئاشكرای كردووە رۆدریگز نزیك بۆتەوە لە جێهێشتنی ریال مەدرید و چەند دەستەوارەیەكی پێگەیشتووە لەوانە مانچستەر یونایتد و چێلسی .
لەم وەرزە یاریزانی تەمەن (24)ساڵ توانیوەتی پێنچ گۆل تۆمار بكات و شەش گۆل بۆهاورێكانی درووست بكات لە (19)یاری   .

 ن.ش 


یەكێتی تۆپی پێ‌ ئیسپانیا لەبەیانێكدا سوور بوونی خۆی لە سەر بەشداری كردنی هێرشبەری وڵاتەكەی و یانەی بەرشلۆنە نیمار داسێلفا راگەیاند لە هەردوو پاڵەوانیەتی كوبا ئەمەریكا و ئۆڵمبیادی ریودی جانیرۆ .
یەكێتی تۆپی پێ‌ بەرازیل لە بەیانێكدا ئاشكرای كردووە هەموو كارێك دەكەین لە پێناو بەشداری كردنی نیماری (24)ساڵ لە هەردوو پاڵەوانیەتی .
لەبەرامبەردا بەرشلۆنە ئامادەیە دەست بەرداری نیمار بێت بۆ یەك پاڵەوانیەتی ، لەبەرامبەردا هێرشبەرەكەی سامبا دەیەوێت لە هەردوو پاڵەوانیەتی كوبا ئەمەریكا و ئۆڵمبیاد یاری بكات .
بەگوێرەی یاساكانی یەكێتی تۆپی پێ‌ جیهان فیفا بێت لەسەر یانەكان پێویستە دەست بەرداری یاریزانەكانیان بێت بۆبەشداری كردن لە یاریە كیشوەریەكان ، بەڵام بۆیاریەكانی ئۆڵمبیاد نا ، چونكە بەشداری كردن لەم پاڵەوانەتیە بۆیاریزانانی خوار تەمەن (23)ساڵە و تەنیا سێ‌ یاریزانی سەرووی ئەم تەمەنە دەتوانن بەشداری بكەن .

ن.ش 

بەلەمێكی پەنابەران نوقوم دەبێت و 5كۆچبەر دەخنكێن و 4 تریش بێ سەرو شوێن دەبن و 5 كۆچبەریش ڕزگار دەكرێن.
ئەمڕۆ شەممە لە كەناراوەكانی یۆناندا بەلەمێكی پەنابەران كە كە 14 كۆچبەری هەڵگرتبوو زۆرینەشیان لە ژن و منداڵ پێكهاتبون ، نقوم دەبێت و بەوهۆیەشەوە 5كۆچبەر دەخنكێن و 4 تریش بێ سەرو شوێن دەبن و 5 كۆچبەریش ڕزگار دەكرێن.
سەرچاوەكانی هەواڵ ئەوەشیان بڵاو كردوەتەوە بەلەمەكە لە توركیاوە بەرو دوورگەی سیسامی یۆنانی بەرێكەوتووە  دواتر نقوم بووە و  تا ئێستاش تیمەكانی فریاكەوتن بەدوای بێسەرو شوێنبووەكاندا دەگەڕێن.

جێگەی ئاماژەیە بەهۆی ڕێكەوتنی نێوان توركیا وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە  ئەو كۆچبەرانەی كەبەڕێگەی نایاسایی لە توركیاوە دەچنە وڵاتانی ئەوروپا دیپۆرت دەكرێنەوە  بۆتوركیا و تا ئێستاش 500كۆچبەر دیپۆرتكراونەتەوە.
 

أ.س