پزیشكانی ددانی شاری هه‌ولێر وه‌ك پشتگیرییه‌كی هاوپیشه‌كانیان بۆ دامه‌زراندنیان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، رۆژی سێشه‌ممه‌ی ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نۆرینگه‌كانیان داده‌خه‌ن و بڕیاره‌ له‌به‌رده‌م لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پزیشكانی ددان گردبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ن.

سه‌ندیكای پزیشكانی ددان له‌شاری هه‌ولێر به‌یاننامه‌یه‌كی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بڵاكردوه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتوه‌: "وه‌ك ئه‌نجومه‌نی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پزیشكانی ددانی كوردستان پاڵپشتی ته‌واوی داواكاریه‌ ره‌واكانی پزیشكانی ددانی دانه‌مه‌زراو ده‌كه‌ین بۆ وه‌رگرتنی كه‌مترین مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ یاساییه‌كانی خۆیان بۆ دامه‌زراندن و درێژه‌دان به‌ ته‌واوكردنی پێداویستی كاركردن به‌ بڕوانامه‌ی پیشه‌یی خۆیان، كه‌ به‌پێی یاسا دامه‌زراندنیان پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كی پیشه‌یی ته‌ندروستییه‌".

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا رونیشكراوه‌ته‌وه‌: وه‌ك پاڵپشتییه‌ك له‌ هاوپیشه‌كانیان داوا له‌ گشت پزیشكانی ددانی سنوری شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن رۆژی سێشه‌ممه‌ 19-11-2019 نۆرینگه‌كانیان دابخه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی گردبونه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م باره‌گای لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پزیشكانی ددان.

 

 

هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانو هاولاتیان دەكاتەوە كە سبەینێ یەك شەممە بۆماوەیەك تونێلی پێشرەو دادەخرێت.
دەقی ئاگاداریەكە:
ئاگادارییەك لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییەوە

شۆفێران ئاگادار دەكەنەوە سبەینێ‌ یەكشەممە تونێلی پێشڕەو لەكاتژمێر 9 ی بەیانی بۆ 12 ی نیوەڕۆ دادەخرێت، بەمەبەستی كاركردن تیایدا، شۆفێران دەتوانن ڕێگای شاخی ئەزمەڕ بەكاربهێنن.
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەك.

 

 

ژمارەیەك لەچالاكوانان و رۆژنامەنووسانی هەڵەبجە، كەمپینێكیان بۆرەتكردنەوەی ئەو برە پارەیەی كە لەچوارچێوەی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكاندا بۆ پارێزگای هەلەبجە دیاری كراوە راگەیاند.


ئەو چالاكەوانو رۆژنامەنوسانە رایدەگەیەننن ئەو برە پارەیەكە بۆ هەڵەبجە دیاری كراوە زۆر كەمەو لە ئاست قوربانیو كێشەوگرفتەكانی پاریزگاكەدا نیەو پیویستە زیادبكرێت.

ئەوچالاكەوانانە داواشیانكردوە ئەو بڕە بودجەیە هەڵبگیرێتەوە و پێشكەشی حكومەتی سەخاوەتمەندی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و ماڵی ئاوا بێت، داواش لەئیدارەی شار دەكرێت تا ئەو بودجەیە بۆنزیكەی ٥% زیاد نەكرێت، وەرنەگیرێت، ئەمەش لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری شارەكە، وەك پارێزگایەكی نوێ.
جێگەی ئاماژەیە لەو15ملیاردینارەی كە حكومەتی هەریم بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكان دیاركردوە تەنها 450ملیۆن دینار بۆ هەڵەبجە دیاركراوە ئەمەش بەنزیكەی لە2%ی كۆی پارەكەیەو هاوڵاتیانیش ئەوبرە پارەیە بەكەم دەزانن.

كه‌شناسیی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی سه‌رما هاووڵاتییان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و دەڵێت، پله‌ی گه‌رمی 3 تا 5 پلە نزم دەبێتەوە. 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16/11/2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانیی هه‌رێمی كوردستان لەئاگادارییەكدا رایگەیاندووە" له‌ ئه‌نجامی به‌رزه‌ پاڵه‌په‌ستۆی سیبیریا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، پێشبینی ده‌كرێت پله‌ی گه‌رمی 3 تا 5 پله‌ نزم بێته‌وه‌، له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سنوورییه‌كان ده‌گاته‌ ژێر سفری سه‌دی".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو" خێرایی با له‌ هه‌ندێك كات و شوێن چالاك ده‌بێت بۆ سه‌رووی 35 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا، به‌ تایبه‌تی له‌ سلێمانی و گه‌رمیان".

 

 

نه‌جاح حه‌سه‌ن عه‌لی شه‌مه‌ری، وه‌زیری به‌رگری عێراق ده‌ڵێت: "ئه‌و جۆره‌ گازه‌ فرمێسكڕێژه‌ی ئاراسته‌ی به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌رانی عێراق كراوه‌، له‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ له‌ ئاستی جیهانی رێگه‌پێدراوه‌ و لایه‌نێك بێ ئاگاداریی ده‌وڵه‌ت هێناویه‌تییه‌ ناو عێراقه‌وه‌".

وه‌زیری به‌رگری عێراق له‌ دیداریكی كه‌ناڵی فرانس 24 ووتی: "هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق ئه‌و جۆره‌ بۆمبه‌ فرمێسكڕێژه‌یان نه‌هێناوه‌ته‌، به‌ڵكو لایه‌نێكی دیكه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاوه‌. پاش ئه‌وه‌ی پشكنین بۆ جۆری ئه‌و بۆمبه‌ فرمێسكڕێژه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ سه‌ری خۆپیسانده‌ره‌ كوژراوه‌كاندا ده‌رهێنراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌و جۆره‌ نییه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌كاریده‌هێنن و بڕی گازه‌كه‌ی سێ به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره‌یه‌ كه‌ له‌ جیهیان ریگه‌یپێدراوه ".

دوای دیداره‌كه‌ی شه‌مه‌ری له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌، له‌ ئاستی سیاسی و جه‌ماوه‌ری له‌ عێراق گومانێك درووست بوو كه‌ مه‌به‌ستی شه‌مه‌ری له‌لایه‌نی سێیه‌م حه‌شدی شه‌عبی بووه‌. به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق روونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر قسه‌مانی وه‌زیر بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ په‌یجی سه‌ره‌كی وه‌زاره‌ت له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایانگه‌یاند: "كاتێك وه‌زیری به‌رگریی گوتوویه‌تی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌و بۆمبه‌یان به‌كارنه‌هێناوه‌ و نه‌یانهێناوه‌ته‌ عێراقه‌وه‌، مه‌به‌ستی (سوپا، پۆلیس، دژه‌ تیرۆر و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی)ـیش بووه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌ستیان له‌و كاره‌دا نییه‌ و ئه‌و جۆره‌ بۆمبه‌یان نه‌هێناوه‌ته‌ ناو عێراقه‌وه‌ تا دژی خۆپیشانده‌ران به‌كاربهێنرێت. به‌ڵكو لایه‌نی سێیه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییانه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاون".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ "وه‌زیری به‌رگری عێراق مه‌به‌ستی له‌ لایه‌نی سێیه‌م كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ چه‌كدارن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و ده‌یانه‌وێت له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌راندا ئاژاوه‌ درووست بكه‌ن".

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌ڵێت: "هێزه‌ چه‌كداره‌كان پابه‌ندی فه‌رمانی فه‌مانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقن و له‌سه‌ریانه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران نه‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ سه‌دان ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق به‌ ده‌ستی خۆپیشانده‌ران كوژراون و بریندار بوون".

 

ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی شه‌وی رابردوو له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ به‌غدا روویدا به‌هۆی بۆمبێكه‌وه‌ بووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی میدیا عێراقیه‌كان باسیده‌كه‌ن.

شه‌وی رابردوو (15ی تشرینی دووه‌م) ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ گۆڕه‌پانی حبوبی نزیك له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری ناوه‌ڕاستی به‌غدا روویدا.

پێشتر هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌هۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ میدیا عێراقییه‌كان له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ئاشكرایانكرد كه‌ به‌هۆی بۆمبێكه‌وه‌ بووه‌ كه‌ له‌ژێر ئۆتۆمبێلێكدا دانراوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ته‌قینه‌وه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی كه‌سێك و برینداربوونی 16ی تر.

ئاشكراشیكرد: هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌.

نرخی بەنزین له‌ "ئێران" گران ده‌كرێت و دابەشکردنیشی سنووردار ده‌كرێت و نرخی هەر لیتر بەنزین، کە 1000 تمەن بوو، لە کاژێر 00:00ی شەوی رابردووەوە کرایە سێ هەزار تمەن.

حکومەتی ئێران مانگانە بەشێوەیەکی سنووردار بە نرخی هەزار و 500 تمەن، بەنزین دەداتە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی، کە کارتی سووتەمەنییان هەیە.

 

ئۆتۆمبێلی تایبەتیش، کە تەنیا بە بەنزین کاردەکەن مانگانە 60 لیتر و ئەوانەیشی کە بە گاز و بەنزین کاردەکەن، مانگانە 30 لیتریان بە هەزار و 500 تمەن پێدەدرێت.

 

ئه‌و بڕیاره‌ش ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیانی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و جه‌ختله‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، گرانبوونی بەنزین، نرخی زۆر شت بەرزدەکاتەوە، هاكات لە شارەکانی ئەهواز، شیراز، بەندەرعەباس، ماهشەهر و چەند شوێنێکی تارانی پایتەختی ئێران خۆپیشاندان دژی زیادکردنی نرخی بەنزین بەڕێوەچوو.

 

جێی باسه‌، چەند رۆژێک پێش ئێستا وەزیری نەوتی ئێران دەنگۆی گرانبوونی نرخی بەنزینی رەتکردەوە و رایگەیاند، جارێ هیچ گۆڕانکارییەک روو نادات، بەڵام روویدا.

دیوانی شاهانەی سعودیە، كۆچی دوایی (میر توركی بن عەبدوڵڵا بن سعود بن ناسر بن فەرحان ئال سعود) ڕادەگەیەنێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ئاژانسی دەنگوباسی سعودیە (واس)ەوە بڵاوكرایەوە”لە دوای نوێژی عەسری ئەمڕۆ شەممە لە مزگەوتی ئیمام توركی بن عەبدوڵڵا لە شاری ڕیاز، نوێژی مردوو لەسەر تەرمی كۆچكردوو دەكرێت”، بەبێ‌ ئەوەی هۆكاریی مردنەكەی ڕابگەیەنێت.

میرەكانی خانەوادەی شاهانەی سعودیەش، لەڕێی ئەژمارەكانیان لە پێگە كۆمەڵایەتییەكاندا، پرسە و سەرخۆشی خۆیان بۆ كۆچی دوایی میر توركی دەربڕیبوو كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ ده‌كاته‌وه‌ و لەو بارەیەوە هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە.

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە: ئەو كەسانەی پێشتر یەك وەجبەی پارەی پێشینەی خانووبەرەیان وەرگرتووە، ئەوا تەنیا ئەو بڕە پارەیە دەدەنەوە.

ڕاشیگەیاند، "ئەو كەسانەی یەك وەجبە پارەیان وەرگرتووە و بەڵێننامەیان نەداوە كە پشكی دووەم وەرنەگرن و ئەو قیستە دەگەڕێننەوە بەپێی خشتەی گەڕانەوەی پێشینە وەك ئەوەی دابەش كراوە، لە داهاتوودا پشكی دووەمیش وەردەگیرێت بەبێ‌ هیچ گۆڕانكارییەك".

لە دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بە بڕیارێک پێدانی پێشینەی خانوبەرە ڕاگیرا.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن دەنگۆی فڕێدانی ژنێكی بەساڵاچوو لە هەولێر  بڵاوكرایەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێریش ڕوونكردنەوە دەدات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا رایده‌گه‌یه‌نن: بۆ جاری سێیەمە ئەو ژنە دەگەڕێننەوە ماڵی بە ساڵاچوان، بەڵام فێری سواڵكردن بووە و دەڕواتەوە سەر شەقامەكان ئەمەش لەگەڵ ڕێنماییەكانی ماڵی بەساڵاچوان ناگونجێت.

به‌رێوه‌به‌رایه‌یته‌كه‌ ئاشكراشی دەكات: شەوی ڕابردوو 15 تشرینی دووەمی 2019، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن بڵاوكرایەوە، بەساڵاچوویەك بەناوی “عەیشێ” فڕێدراوە لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر، ئەو ئافرەتە پێشتر هێنرایە ماڵی بەساڵاچوان، بەڵام دوای دوو مانگ ماڵی بەساڵاچوانی لەسەر داوای خۆی بەجێهێشت، دواتر بۆ جاری دووەم لە لایەن تیمی ماڵی بەساڵاچوان جارێكی تر هێنرایەوە بۆ ماڵی بەساڵاچوان، بەڵام جارێكی تر دوای مانەوەی بۆ ماوەی چوار مانگ ماڵی بەساڵاچوانی جێهێشت.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن: بەداخەوە ئەو ئافرەتە بەساڵاچووە فێری سواڵكردن بووە و دەیەوێت بۆ سواڵكردن بچێتە دەرەوەی خانەی بەساڵاچوان دواتر بگەڕێتەوە، ئەوەش لەگەڵ ڕێنماییەكان ناگونجێت و هەموو كاتێك كێشەی ئەوەی هەبوو لەگەڵ فەرمانبەرانمان كە ڕێگەیان پێنەداوە سواڵ بكات، وەكو ئەركێكی مرۆیی بۆ جاری سێیەم هێنرایە ماڵی بەساڵاچوان پێش پێنج مانگ بەبێ پرس ماڵی بەساڵاچوانی جێهێشت، هەروەها كاتژمێر 10ی شەوی ڕابردوو دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی فڕێدانی ژنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جارێكی تر لەلایەن تیمێكی ماڵی بەساڵاچوان ئەو ژنە گەڕێندرایەوە ماڵی بەساڵاچوان.

پەڕەى 7 لەکۆى 5475 پەڕەدا