بەمەبەستی تاوتوێ‌ كردنی چەند پرسێك، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێك گەیشتۆتە تاران.

سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، بەمەبەستی چارەسەركردنی گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

مەكتەبی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق (عادل عەبدولـمەهدی) بە سەردانێكی رەسمی گەیشتۆتە تاران.

پێشتریش (عادل عەبدولـمەهدی) رایگەیاندبوو، بەم نزیكانە سەردانی هەردوو وڵاتی تاران و واشنتۆن دەكات، بۆ گفتوگۆو چارەسەری كێشەكانی نێوان ئەو سێ وڵاتە.

 

 

هاوپەیمانێتی بەرەی عەرەبی لە شاری كەركوك لەلایەن سونەكانەوە دامەزراو لە یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی خۆیدا جەختی لەسەر عێراقی بوونی كەركوك كردەوەو بوونی پارێزگارێكی كوردی بۆ ئەو شارە ڕەتكردەوە.

ئەمڕۆ بە دروشمی (عێراقی بوونی كەركوك) بەرەی هاوپەیمانی عەرەبی لە هۆڵی ڤینیسا یەكەمین كۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، كەتایبەت بوو بە ڕاگەیاندنی بەرەكە، كە لە زۆربەی هێزە سونەكان پێكهاتووە.

كۆنگرەكە بە ئامادەبوونی زیاتر لە هەزار كەسایەتی و سەرۆك هۆزی عەرەبی سوونە دەستی پێكرد.

دواتر سەرۆكی بەرەی هاوپەیمانی عەرەبی (شێخ مەزهەر عاسی) ڕاگەیاند: بەرەی هاوپەیمانی عەرەبی ماڵی تەواوی عەرەبی شاری كەركوكە، ئێمە كار بۆ چەند ئامانجێك دەكەین لەوانەش برایەتی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك بە كوردو عەرەب و توركمان، دۆخی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبییەكان لە بەردەم هەڕەشەو چارەنووسێكی نادیاردایە بە گشتی لە عێراق و بە تایبەت لە كەركوك، بۆیە گرنگە هاوپەیمانێتیەك هەبێت سەرجەم عەرەبی ئەم شارە كۆبكاتەوە لە ژێر یەك چەتردا بڕیار بدەن، هەر بۆیە ئەمڕۆ هاوپەیمانی عەرەبیمان لە كەركوك ڕاگەیاند.

وتیشی: كەركوك عێراقییەو بە عێراقی دەمێنێتەوە، پەیاممان بۆ لایەنەكان ئەوەیە كە یاری بە چارەنووسی كەركوك نەكەن، وە هیچ بڕیارو فەرمانێك لە دەرەوەی ئیرادەی كەركوكییەكان قبوڵ ناكەین، ئەو كەس و لایەنانەی دەیانەوێت لە هەولێرو بەغدا كێشەی كەركوك چارەسەر بكەن ئەوا هەڵەیەكی كوشندە دەكەن، دەبێت كێشەی ئەم شارە هاوڵاتیان بە كوردو عەرەب و توركمانەوە چارەسەری بكەن، بۆیە هەر كەس لە هەولێرەوەو لە نێوان دوو حزبی كوردی بۆ پارێزگاری ئەم شارە دابنرێت جێگەی قبوڵ نیە.


بەڕیوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 71 كەس بە ڕوداوەكانی هاتوچۆ بونەتە قوربانی كە چوار كەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 


بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە ڕایدەگەیاند: لەسنوری قەزای چەمچەماڵ لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی ڕوداوەكانی هاتوچۆ چوار كەس گیانیان لەدەستداوەو 67 كەسیش بریندار بوون.

 


هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد: قوربانیەكان بەهۆی پێكدادان و وەرگەڕان و سەیارەلێدان بووەو بەراورد بە ساڵی 2018 ڕوداوەكان ڕوو لەكەمبوون بووە.

 

 

 

بەڕێوبەری گشتی چاودێری وگەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لەسلێمانی ڕایگەدەگەیەنێت: پرۆسەی پشكنینەوەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بەردەوامە و22هەزار كەم ئەندام لەم ساڵ دا تۆماركراوە. 

 

عومەرگوڵپی، بەڕێوبەری گشتی چاودێری وگەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پرۆسەی پشكنینەوەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بەردەوامەو تا ئێستا 4226 كەس لە كەم ئەندامی لادراون بە هۆی نەبوونی مەرجەكانی كەم ئەندامێتی تێیاندا.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: لەئێستادا ژمارە ی منداڵانی ئۆتیزم لەپارێزگای سلێمانی 250منداڵە و لەئەمساڵدا 27 منداڵ لەلایەن خانەكانی لەخۆگرتنی منداڵی بێ سەرپەرشت وەرگیراون.

 

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان هەموارکرایەوە و بڕیاردرا رۆژی 1-4-2020 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

رزگار محەممەد ئەمین، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، کەرکووکیش لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایانە دەبێت کە هەڵبژاردنی تێیدا بەڕێوەدەچێت.

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی لە دوای ساڵی 2013وە نفوس و پسوولەی خۆراکیان گواستبێتەوە کەرکووک، ناتوانن لەوێ دەنگ بدەن و خەڵکی کەرکووکیش ناتوانن لە هیچ شوێنێکی دیکە دەنگ بدەن.

رزگار محەممەد ئەمین دەشڵێت "ماددەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ماددەیەکی تایبەت دیاریکراوە کە هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک بە هەمان شێوەی پارێزگاکانی دیکە دەکرێت، بەڵام هەندێک تایبەتمەندی بۆ کراوە، یەکێک لەوانە وردبینییە لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک".

 


بەگوێرەی زانیاریه‌كان رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی هەرێم، لەكابینەی نوێی حكومەت، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری دارایی پێدەدرێت و پەرلەمانتارێكی گۆرانیش رایده‌گه‌یه‌نێت هەركاتێك فەرمانی دەستبەكاربوونی ئەو یاریدەدەرە بەشێوەیەكی فەرمی دەرچوو، قسەی خۆمان دەبێت.

جەلال محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان راگەیاند"هەر هەنگاوێك بزانین بەئامانجی خزمەتكردن و دەوڵەمەندكردنی حكومەتە، ئێمە پشتیوانی لێدەكەین."

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان بۆ سایتی سلێمانی زیاتر وتوویه‌تی "تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی فەرمانی دەستبەكاربوون بۆ رێباز حەملان وەك یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی دەرنەچووە، هەركاتێك فەرمانەكە دەرچوو، سەیری دەسەڵاتەكانی دەكەین و لەو روانگەیەشەوە قسەی خۆمان دەبێت".

نێردەی حەجی عیراقی رایگه‌یاند

یه‌که‌م حاجی عێراقی له‌شاری مه‌دینه‌ گیانی له‌ده‌ستدا که‌ خه‌ڵكی نه‌جه‌فه‌ و نه‌خۆشی درێژخایه‌نی هه‌بووه‌.

 

لە بەیاننامەیەكدا نێردەی حەجی عیراقی ڕایگەیاندووە "نێردەكەیان حاڵەتێكی گیانلەدەستدانی حاجییەكی ژنی دانیشتووی پارێزگای نەجەفی بە ناوی (مومتازە عەبدوڵڵا عوبێد) كە تەمەنی 74 ساڵە تۆماركردووە".

له‌به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌ "ئەو ژنە نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە و لە نەخۆشخانەی شا فەهد لە مەدینەی پیرۆز لە دوای سێ‌ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەكە، كۆچی دوایی كردووە".

ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌که‌م حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدانی حاجی له‌نێوان حاجیانی وه‌رزی ئه‌مساڵی حه‌جدا که‌ نێرده‌که‌ تۆماری کردووه‌.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی دەرگای بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزی، دوای ئەوەی بەیانی ئەمرۆ (100) دۆلار بە (120) هەزار و (350) دینار مامەڵەی پێوە كرا و نرخی دراوەكان بەم شێوەیە بوو :
(100) پاوەند (148) هەزار دینار 
(100)یۆرۆ (135) هەزار و (500) دینار 
(100) دۆلار (120) هەزار و (300) دینار 
(100) لیرەی توركی (21) هەزار و (500) دینار 
(100) هەزار تمەنی ئێرانی (10) هەزار دینار 
 

 

 
 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی مانگی هەشت، تاكو ئێستا حكومەت نەیتوانیوە مووچەی مانگی چوار دابەش بكات، دواكەوتنی مووچە هەر جارێك بە پاساوێك بەردەوامە، ئەمجارەش باس لەوەدەكرێت، كە وەزیری دارایی كە كوردە واژووی لەسەر ڕەوانەكردنی پارە نەكردووە لەبەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی خشتەیەكی نوێش، سبەینێ موچەی فەرمانبەرانی چەند فەرمانگەیەك دابەشدەكرێت.

 بەگوێرەی ئەو زانیارییانەكانی كوردیو  لە وەزارەتی دارایی دەستی كەوتووە ، كە سبەینێ  موچەی مانگی چواری  ئەمساڵی فەرمانبەرانی رەگەزنامەی گشتی هەرێم دابەشدەكرێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەڕێوە گشتیەكانی ئاو لەسنوری پارێزگای سلێمانی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی پێوەری ئاو كۆبونەوە.

 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیان سازكرد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئازاد محمد ڕایگەیاند: بەشێكی زۆری گرفتەكانی كەم ئاوی لەهەندێك گەڕەكی سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی دەوروبەری سلێمانی و سنوری پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبەستنی پێوەری ئاو یان گرفت لە پێوەرەكەدا.

 


دواتر مەسعود كاكەڕەش بەڕێەوبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ڕایگەیاند: بڕیارمانداوە پێوەری ئاو لەهەموو هەرێم ببەستین بۆ ئەوەی ڕێگری بكەین لەبەفیڕۆدانی ڕێژەی زۆری ئاوو ئەوەی پێشتر بەفیڕۆ دەچوو بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی ئاویان كەمتره‌.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند: پاڵپشتی هەموو ئەنجومەنەكان دەكەین بۆ دانانی پێوەرەكەو خوێندنەوەی پێوەرەكە لەسەرتاسەری كوردستان سەرەڕای هەندێك كەموكوڕی بەڵام كە هەوڵدەدەین چارەسەریان بكەین.

 

لای خۆشیەوە ڕێبوار ئەحمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردیوی ڕاگەیاند: لەكۆی 100هەزار ئامێری پێوەری ئاو كە هاتوەتە شاری سلێمانی 55 هەزاریان لەتێست دەرنەچووەو بۆ بەكارهێنان نابێت و ئەو ماڵانەشی پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە كۆمپانیاكە 7000 دیناری عێراقی زیاتری لێوەرگرتوون لەو نرخەی بۆیان دانراوە.

 


جێگەی ئاماژەیە بەهۆی سكاڵای زۆری هاوڵاتیان لە خراپی پێوەری ئاوو كەمئاوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەنگهێشتی بەڕێوەبەرە گشتیەكانی ئاوی كرد تا كێشەی كەمئاوی هاوڵاتیان چارەسەر بكەن.

پەڕەى 1 لەکۆى 5076 پەڕەدا