بەهۆی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانەوە مەزەندە دەكرێت نزیكەی ملیارێك دۆلار بگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت.

یژنەی شارەوانی‌و گەشتوگوزاری پەرلەمانی كوردستان، پێشبینی دەكات سەروو 300 هەزار خانووی زیادەڕۆ لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دروستكرابن.


پەرلەمانی كوردستان بەدەنگی 100 پەرلەمانتار پرۆژەیاسای تاپۆكردنی زەویە زیادەڕۆكانی پەسەندكرد. دوای واژۆكردنیشی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


هاوڕێ بەنا محەمەد، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی‌و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: پرۆژەكە رەنگە لەم هەفتەیەدا لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە واژۆ بكرێت‌و راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


بەپێی ئەو نرخانەی دیاریكراوە بۆ هەر مەترێك زەوی لە ناحیەكان لەنێوان پێنج بۆ هەشت هەزار دینار وەردەگیرێت‌و لە قەزاكانیش لەنێوان 10 بۆ پازدە هەزار دینار وەردەگیرێت‌و لە سەنتەری پارێزگاكانیش لەنێوان 15 بۆ 30 هەزار دینار وەردەگیرێت.


ئەگەر هەر زەوییەكیش رووبەرەكەی 200 مەتر بێت‌و بۆ هەر مەترێك نرخی 15 هەزار دینار وەربگیرێت، ئەوا كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەچێتە خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیار دۆلار دەبێت.


هەرچەندە ئەو ژمارەیە كەم‌و زیادی دەبێت بەهۆی ئەوەی كە تەواوی زەوییەكان بەیەك نرخ تاپۆ ناكرێن.


بەپێی یاساكەی پەرلەمان، دەبێت تەواوی ئەو خانووانەی بەشێوەی زیادەڕۆ لە هەرێمی كوردستان دروستكراون لەماوەی سێ ساڵدا مامەڵەی تاپۆكردنیان لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم جێبەجێ بكرێت.

له‌گه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا له‌ مانگی یازده‌داین به‌ڵام حكومه‌ت موچه‌ی مانگی هه‌شتی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش ده‌كات و له‌ دوای قه‌یرانی داراییه‌وه‌ش هه‌موو ساڵێك حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌ی سێ مانگ ده‌كاته‌ پاشه‌كه‌وت تایبه‌ت به‌ موچه‌ی سێمانگی ئه‌مساڵی وه‌زیری دارایی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

ئاوات جه‌ناب نوری، وه‌زیری دارایی و ئابووری رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ ساڵی 2019 مووچه‌ی سێ مانگ دواكه‌وتووه‌ و دابه‌شنه‌كراوه‌ ئەوه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ عێراق به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌. 

به‌پێی نوسراوێكی وه‌زیری دارایی كه‌ وەڵامی په‌رله‌مانتارێكی كوردستانی داوه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: حکومەتی عێراقی پارەی موچەی مانگەکانی (1 و2 و 3)ی ساڵی 2018ی ھەرێمی نەناردووە، ئەم دواکەوتنە ھاتۆتە ساڵی 2019 و عێراق پابەند نەبووە بە ناردنی پارەی سێ مانگەکەی 2018.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومه‌تى هەرێمی کوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، دەیان ملیار دیناری چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دابه‌ش ده‌كرێت.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومه‌تى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "سبەی پێنجشەممه‌ 21/11/2019، چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دابه‌ش ده‌كرێت، بڕى پاره‌كه‌ش 20 ملیار دیناره‌".

باسى له‌وه‌ش كرد: "ئاگاداری جووتیارانی پارێزگای سلێمانی دەکەینه‌وه‌، سبەی سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەی ئەو گەنمەی کە ساڵی 2019 ڕادەستی سایلۆیان کردووە، بڕیار وایه‌ بەم نزیکانە 4 ملیار دیناری جووتیاران بۆ هەولێر و 4 ملیاری دینارى دیكه‌ش بۆ جووتیارانی دهۆک خەرج بکرێت.

ناوبراو بۆ باسنیوز ئاماژەی بەوەش کرد، دابەشکردنی ئەو 28 ملیار دینارە تەواوی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی کوردستان بۆ ساڵی 2019 تەواو دەبێ کە بڕەکەی 186 ملیار دینارە.

په‌رله‌مانی عێراق پێشنیازی سه‌ندنه‌وه‌ی ئیمتیازاته‌ داراییه‌كانی به‌رپرسانی عێراقی په‌سه‌ندكرد.

د.جه‌مال كوچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عیراق به‌ سپێده‌ی ڕاگه‌یاند: له‌ دانیشتنى شه‌وى رابردووى په‌رله‌مانى عیراق پێشنیارى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئیمتیازاتى پله‌ بالاكانى عیراقى په‌سه‌ندكرا.

وتیشى، زۆرێك له‌ ئیمتیازاتى له‌ پله‌ بالاكان كه‌مكراونه‌ته‌وه‌، وه‌كو كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى لاى سه‌روكاتیه‌كانن، كه‌ پێشتر ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئۆتۆمبێل لاى سه‌روكاتیه‌كان بوون، به‌ڵام به‌ پێی پێشنیارى نوێ هه‌ر سه‌رۆكاتییه‌ك ته‌نیا 5 ئۆتۆمبێلى لا ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌روكى فراكسیونى یه‌كگرتوو ئه‌وه‌شى وت: ئه‌و پێشنیباره‌ى باس له‌ موچه‌ى پله‌ باڵاكان ناكات، چونكه‌ پێشتر به‌ یاسای ئیداره‌ى دارایی موچه‌ى پله‌ باڵاكان كه‌مكرابوون، دواى په‌سه‌ندكردنى پێشنیارى كه‌مكردنى ئیمتیازاتى پله‌ باڵاكان، هه‌ندێ په‌رله‌مانتار ناڕازى خویان نیشان دا.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ ، ده‌زگاكانى رایگه‌یاندنى حكومه‌تى سوریا ڕایانگه‌یاند ، دوو هاوڵاتى كوژراون و چه‌ند كه‌سێكى تریش له‌ ئه‌نجامى هێرشى فڕۆكه‌كانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر دیمه‌شق برینداربوونه‌ .

كه‌چى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ر گۆڕه‌پان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد ، به‌ هۆى هێرشى فڕۆكه‌كانى ئیسرائیل (11) كه‌س كوژراون و ، له‌ نێوانیان (7) ئێرانى بوونیان هه‌یه‌ .

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ باسیان له‌وه‌شكردووه‌ ، ئیسرائیل كۆگاكانى چه‌كى سه‌ر به‌ فه‌یله‌قى قودسى ئێرانى ، له‌ هه‌ردوو شاره‌دێرى (كسوه‌ ) و (قه‌دیسا ) له‌ پارێزگاى دیمه‌شق و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى تر كردووه‌ته‌ ئامانج ، له‌ نێوانیان بنكه‌ى (مزه‌)ى رۆژئاواى دیمه‌شق .

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ، دیمه‌شق رایگه‌یاند ، هێزه‌ به‌رگرییه‌كانیان رووبه‌ڕووى چه‌ند موشه‌كێك له‌سه‌ر دیمه‌شقى پایته‌خت بوونه‌ته‌وه‌ ، به‌ر له‌وه‌ى ئه‌و موشه‌كانه‌ ئامانجى خۆیان بپێكن .

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین رایگه‌یاند: ئه‌مشه‌و موقه‌ده‌م (ئه‌حمه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئه‌حمه‌د ئه‌لعزی) به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری فه‌وجه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین له‌ ناو خانوویه‌كی بۆمبڕێژكراوی داعشدا كوژرا.

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكرای كردووه‌: موقه‌ده‌م (ئه‌حمه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئه‌حمه‌د ئه‌لعزی) به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری فه‌وجه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین كاتێك چووه‌ته‌ ناو خانوویه‌كی چه‌كدارانی داعشه‌وه‌، خانووه‌كه‌ بۆمبڕێژكراوه‌و ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ دواى رووداوه‌كه‌ هێزێكی ئه‌منی گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌و ته‌رمی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌یان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ پزیشكی دادوه‌ری.

منداڵێکی تازە لەدایکبوو بەلانکەکەیەوە دۆزرایەوە کە لەلایەن کەسوکارییەوە لەیەکێک لەگەڕەکەکانی کەرکوک فڕێدرابوو.


سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی تشرینی دووەم ی رایگەیاند: لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتنەوە لەنزیک پێشانگەی ئۆتۆمبێلی عادل بەرامبەر بینای پارێزگا منداڵێکی تازە لەدایکبوو بە لانکەکەی و شیر و حەفازەکانییەوە دۆزرایەوە کە بەجێهێڵدرابوو.


وتیشی: "منداڵەکە رەوانەی بەشی نەبەکام کراوە و تەمەنی تەنها سێ رۆژە، رەگەزی نێرە".

چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى عێراقى له‌ ماڵپه‌ڕێكى بسویدیان وه‌رگرتووه‌ و ڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ ، كه‌ (نه‌جاح شه‌مه‌رى ) وه‌زیرى به‌رگرى عێراقى و هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى سویدى ، له‌وكاته‌ى له‌ سوید بووه‌ به‌ چه‌ند تاوانێك تۆمه‌تباركراوه‌ .


ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ عێراقییانه‌ له‌ " اخبار الیوم "ـى سویدیان گواستووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ " له‌ ساڵى 2015 ، نه‌جاح شه‌مه‌رى وه‌زیرى ئێستاى به‌رگرى عێراق ، تۆمه‌تباركرا به‌ چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كى په‌یوه‌ست به‌ كارى ساخته‌كارى ، به‌ڵام له‌ دواى یه‌كه‌م دانیشتن دۆسییه‌كه‌ى داخرا . له‌ ساڵى دواتر ، تۆمه‌تێكى مه‌ترسیدارترى خرایه‌پاڵ ، به‌ پێى ماڵپه‌ڕى " اخبار الیوم"یش كه‌ ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌ ، به‌ هۆكارێكى نه‌زاندراوه‌ دۆسییه‌كه‌ سڕایه‌وه‌ و له‌ دواییدا ئازادكرا .


ماڵپه‌ڕه‌ عێراقییه‌كان تیشكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر نه‌جاح شه‌مه‌رى ، كه‌ له‌ مانگى ته‌مموزى رابردوو پۆستى وه‌زیرى به‌رگرى عێراقى وه‌رگرت .


هه‌ر به‌ پێى زانیارییه‌كان ، شه‌مه‌رى ته‌مه‌ن (52) ساڵ له‌ وڵاتى سوید " مۆڵه‌تى نه‌خۆشى هه‌بووه‌ به‌ كاركردنى ته‌واوه‌وه‌ " ، ئه‌ویش به‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ كێشه‌ى له‌ یاده‌وه‌رى هه‌بووه‌ .حكومه‌تى سویدیش ده‌رماڵه‌ ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌هۆى ناته‌واوییه‌ك ناتوانن له‌ كاركردن به‌رده‌وامبن .


له‌ ساڵى 2009 ـش (نه‌جاح شه‌مه‌رى ) گه‌یشتووه‌ته‌ وڵاتى سوید و له‌ دواى سێ ساڵیش خانه‌واده‌كه‌ى په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردووه‌ ، له‌ ساڵى 2015 ره‌گه‌زنامه‌ى سویدى وه‌رگرتووه‌ . به‌ر له‌ یه‌ك ساڵیش له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانى حكومه‌تى سویدیدا ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كراوه‌ ، كاتێك به‌ زمانێكى ساده‌ى سویدى قسه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه‌چى شه‌مه‌رى له‌و زمانه‌ ساده‌یه‌ش تێناگات .

 

 


هەرێمی كوردستان بڕیارێكی نوێ لەبارەی كێشەی بڕوانامەی زانكۆكانی ناوچە كوردستانییەكان دەردەكات و ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستانی ئاشكرای كرد، لە ڕۆژانی داھاتوو كێشەی بەشێكی زۆر لەو دەرچووانە چارەسەر دەكرێت.

 

حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاند: ژمارەیەك زانكۆ و كۆلیژ ھەن كە زۆربەیان دەكەونە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، وەك دەوروبەری كەركووك و مووسڵ، بەڵام كێشەیەك بۆ قوتابیانی ئەو زانكۆیانە پەیدا بووە، وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی كوردستان ددان بە بڕوانامەكانیاندا نانێت.

 

ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا وتی: ھەر بڕیارێك دەربچێت، پێویستە ڕەچاوی قوتابیان بكرێت، كە پێشتر بڕیاری ددانپێدانەنانیان دەرچووە، پێویست بوو وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندنی ئەو قوتابییانە لەبەرچاو بگرێت، كە چەند قۆناغێكیان بڕیوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ژمارەیەكی زۆر لەو قوتابییانە دانیشتووی ھەرێمی كوردستانن و داوا دەكەن ددان بە بڕوانامەكانیاندا بنێن، چونكە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە ددانپێدانیان ھەیە و تەنیا لە ھەرێمی كوردستان كێشەیان بۆ دروست بووە.

 

حەسیبە گەردی دەڵێت: بڕیارە سبەی، یان سەرەتای حەفتەی دابێت، وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی كوردستان بڕیارێكی نوێ دەربارەی چارەنووسی ئەو دەرچووانە دەر بكات، كە تێیدا ددان بە بڕوانامەی ژمارەیەكی زۆریاندا دەنێت و لە ھەوڵداین ئەوانەی ئێستاش لەو زانكۆیانە بەردەوامن لە خوێندن، ددانیان پێدا بنێن و كێشەكە بە یەكجاری چارەسەر بكرێت.

هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ په‌سندكراو و كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 500 هەزار دینار دیاریكرا و تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەرانیش كەمكرایەوە.

 كە پەڕلەمانی عیراق یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵی پەسەند كرد، كە بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ كەمكراوەتەو و كەمترین مووچەش بە 500 هەزار دینار دیاریكرا.

 تەمەنی ئەو كەسانەی لەسەر خواستی خۆیان دەیانەوێت خانەنشین بكرێن لە 50 ساڵەوە بۆ 45 ساڵ كەمكراوەتەوە، بەمەرجێك 15 ساڵ خزمەتی وەزیفیان هەبێت.

جەختیشی كردەوە، كە لە 1ی 1ی 2020وە كار بە یاساكە دەكرێت، بەوپێیەش ساڵی داهاتوو ئەو كەسانەی تەمەنیان 60 ساڵ تەواو دەكات‌ و بەرەو سەرەوەن خانەنشین دەكرێن.

بەهۆی خانەنشینكردنی ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەرەوە، لەساڵی 2020دا هەلی دامەزراندن بۆ 202 هەزار كەس‌ و لەساڵی 2021دا هەلی دامەزراندن بۆ 59 هەزار كەس دەڕەخسێت.

پەڕەى 1 لەکۆى 5489 پەڕەدا