مامۆستا سەڵاحەددین : هەموو ئاشتەوایی و رێكکەوتن و لێكتێگەیشتنێك شتێكی ئیجابییە

هەینی, 07 تشرینی یەکەم 2016 19:58

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە شێوازی رێكکەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر پڕۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هەروەها دۆخی سوننەكانی عێراق و ئایندەیان لە وڵاتدا، بوونی هێزەكانی توركیا و پێویستی بەشداریكردنیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵدا دەكات.

مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین كە ئەندامی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بوو لە سەردانی هەفتەی رابردوو بۆ بەغدا، سەرەتا لە بارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند و سەردانەكەوە دوا و گوتی: "هەموو ئاشتەوایی و رێكکەوتن و لێكتێگەیشتنێك شتێكی ئیجابییە و ئێمە لەگەڵیداین، سەردانەكە دوای ئەو دابڕانە دێت كە سێ تا چوار ساڵە لە نێوان هەردوولا هەیە و شتێكی نەخوازراو بوو كە زیانی زۆری دا لە هەردوولا، ئێستا بابەتی مووسڵ و بابەتی تریش لەوانە بابەتی دارایی و بابەتی سیاسی و ئایندەی عێراق و سەقامگیری عێراق و پرسی سەربەخۆیی هەرێم یان فیدراڵی و كۆنفیدراڵی ئەو قسانە هەمووی هەیە لە ئارادا، بۆ ئەو پرسانە بەباش زانرا وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات".

ئەو گوتی:" باسی خێرای قۆناغەكە باسی مووسڵ بوو كە شارێكی گەورەی عێراقە و گرنگی زۆری هەیە و پێكهاتەكانی زۆر جیاوازن لە رووی جوگرافیاشەوە كەوتۆتە نزیك سووریا و شەڕەكانی سووریا، هەروەها چەكدارێكی زۆر دەورەی داوە هەر لە ناوخۆی مووسڵ كە داعشی تیادایە لەدەرەوەش سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و چەكدارانی پەكەكەش لە ناوچەكانی شنگال و چەكدارانی حەشدی وەتەنی و سوپای توركیاش لە ناوچەی بەعشیقە، ئەوانە هەمووی پێكەوە ئەگەر بیانەوێت ئیشێك بكەن ئەگەر تەنسیقێك نەبێت لەنێوانیان ئایندەی خراپ دەبێت، بۆیە پێویستییەكی ئەو ئیشە ئەوەیە تەنسیقیان هەبێت و پێكەوە نەخشە دابنێن".

مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین ئەوەشی گوت: "هاوپەیمانان سوورن لەسەر ئەوەی بەكەمترین زیان و زووترین كات ئەو ئامانجە بێتەدی، بابەتی هاتنی توركیا باسێكە لەو باسانەی كە لە رووی یاساییەوە پێویستی بە رەزامەندی عێراق هەیە و لە رووی سیاسیشەوە مانای خۆی هەیە، بەڵام لە رووی واقیعیەوە توركیا وا دەزانێت پێویستە بەتایبەت لەكاتێكدا چەكداری تریش لە ناوچەكەدا هەیە و سنوورەكەی نزیكە لە سنووری توركیاوە ".

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی باس لەوەش دەكات "لە كۆبونەوەكان بڕیاردرا لەوەی لە كاتی هێرشەكاندا پێشمەرگە و حەشدی شەعبی نەچنە ناو سەنتەری شارەكەوە و لە دەرەوەی مووسڵ بمێننەوە، لە بەرامبەردا سوپای عێراق و حەشدی وەتەنی بچنە ناو سەنتەری شارەكە ".

ئەمینداری یەكگرتوو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات کە بەرنامەی چڕی بۆردومانكردنی شارەكە هەیە و پێشبینی مانەوەی داعش ناكەن لە مووسڵ، لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوەی پێشبینی دەكرێت داعش ناتوانێت لەناو شارەكەدا بمێنێتەوە مەگەر شارەكە مینڕێژ بكات، چونكە بەرنامەی بۆردومانكردنی شارەكە دانراوە، پێویستە دەرچەیەک بهێڵنەوە بۆ راكردنیان بەرەو سووریا".

راشیگەیاند کە باسی ئەوەش كرا کە لایەنە مرۆییەكەی جەنگەكە كە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی شارەكە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و پێویستی بە خۆئامادەكردن هەیە، پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان و حكوومەتی هەرێم و ناوەندیش بۆ ئەو مەبەستە خۆیان ئامادە بكەن.

مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین لە بارەی پێویستی بوونی سوپای توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و بڕیارەكانی عێراقەوە دوا و گوتی: "توركیا دەوڵەتێكی میحوەری گەورەیە و ناكرێت لە هەموو شتێك دەستی هەبێت لە ناوچەكەدا و لەوەدا بیسڕیتەوە، بەڵام شێوازی بەشداری كردنەكەشی لە شەڕەكەدا پێویستە بە لێكتێگەیشتن و بە خۆشی بێت، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە كە راستە توركیا پێشوەختە لەم هاوپەیمانێتییەدا نەبوو بەڵام ماوەیەكە چووەتە ناو هاوپەیمانێتییەكە و بە رەزامەندی ناتۆ و ئەمریكا و لایەنەكانی تریش چووە ناو سووریاوە، مانای وایە توركیا سیاسەتی گۆڕی لە بابەتی چوونە ناو شەڕەكانی داعش".

ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەگەر باسی داعش لە سووریا جائیز بێت لە عێراقیش هەیە و مووسڵ بەدەست داعشە، كەواتە هاتنی توركیا بە لێكتێگەیشتن و بە سنوورداری شتێكی ئاسایی دەردەچێت وەك ئەو هاوپەیمانێتییەی چەندەها وڵات بەشدارن بەشێوازی جۆراوجۆر لە رێگەی ئاسمانی و زەمینی و راوێژكاری سەربازی و شێوەی تریش، حەساسیەتێك هەیە لە بابەتی توركیادا كە پێویستە بەخۆشی چارەسەر بكرێت".

مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین لە بارەی دۆخ و ئایندەی سوننە لە عێراق نیگەرانە و باس لە پاشەكشەی گەورەی ئەوان دەكات لە وڵاتدا و لەو بارەیەوە دەڵێت "سوننە لە پاشەكشەیەكی گەورەدان لە بابەتی سیاسیدا سەرەتا گۆڕانكاری 2003 ەوە دەست پێدەكات، پاشان پاشەكشەی سەربازی و بوونی ئەوەی ناویان نابوو مقاوەمە و دواتریش ئەلقاعیدە چوونە ناویەوە و یارییەكە بەعسی و سووری و عێراقی تێكەڵ بوون و ئەو بەزمەیان لە ناوچەی فەللوجە و ناوچە سوننەكانی تری رۆژئاوای عێراق دروست كرد، هاتنی ئەمجارەی داعش و داگیركردنی مووسڵ و سەڵاحەددین و ئەنبار زۆر زیانی گەورەی لێكەوتەوە و ئەو هاووڵاتییانەی توانایان هەبوو شارەكانیان بەجێهێشت و كۆچ كردن و چۆڵ كردنیش جۆرێكە لە شكست، ئەوەی ئێستا رایكردووە و چووەتە توركیا یان ئەورووپا و هەرێمی كوردستان بەو ئاسانییە ناگەڕێتەوە جێی خۆیەوە".

ئەو لەو بارەیەوە زیاتری گوت "لەلایەكی ترەوە لە رووی سەربازییەوە كێیە ئەم شكستەیان پێدەهێنێت؟ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی-یە. بێگومان كەسێك شكست بخوات راستە هاووڵاتییان دەبنە قوربانی لەم بابەتەدا بەڵام باجی ئەو دۆخەش دەدەن، لەبەر ئەوە سوننەی عەرەب لە عێراقدا كەوتنە ناو گێژەڵوكێكی ناخۆش لە شكست و پاشەكشە، ئێستا سیاییەكانیان جیاوازی و ناكۆكییان زۆر تێدایە و یەك قسە نین لە بابەتەكاندا، هەروەها هاووڵاتییانی شارەكانیان زۆریان كۆچیان كردووە و شارەكان هەژارەكانی تێدا ماوە، سەیریش نییە لەماوەی ئەو دوو تا سێ‌ ساڵەشدا داعش هەندێك هێلانەی كردبێت و خەڵكی لێكردبنە داعشی، ئەوانەش هەموو زیان دەدات".

ئەمینداری یەكگرتوو داوای چارەسەرێكی دۆخی سوننەكان دەكات و دەڵێت "سوننە بەشێكی سەرەكی و پێكهاتەیەكی بنەڕەتی عێراقە و پێویستە بە دروستكردنی هەرێمێك بێت یان بەشێوەیەك لە شێوەكان پارێزگاكانیان دەكەنە ئیدارەیەكی خۆجێی لەسەر سیستەمی لامەركەزی فیدراڵی پارێزگاكان یان بەهەر شێوەیەك بێت پێویستە تەكبیریان بۆ بكرێت تاوەكو لەو دڵەراوكێ‌ و ترسەی كە هەیانە لە ئایندەی خۆیان چارەسەر بكرێت، چونكە بەم دۆخ و شكست و راكردنی دەستەبژێر وعەقڵەكانیان و وێرانكردنی شارەكانیان كە دواتر بیناكردنەوەی ئاسان نییە، هەمووی پاشەكشەیە بەداخەوە".