هادی‌ عەلی‌: یەكێتی‌ و پارتی‌ پێیان وتین دەیانەوێت پێش كۆتایی ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت

سێ شەممە, 04 نیسان 2017 20:07

 

 

 

بەرپرسی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باس لە ناوەڕۆكی‌ كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ وەفدی‌ هاوبەشی‌ یەكێتی‌ و پارتی‌ دەكات و دەڵێت، یەكێتی‌ و پارتی‌ پێیان وتوون : دەیانەوێت پێش كۆتایی ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.
ئەو وتانەی‌ (د. هادی‌ عەلی)‌ لەمیانەی‌ چاوپێكەوتنێكیدا هاتووە لەگەڵ خەندان، كە لەرێگەی‌ تەلەفۆنەوە لەگەڵیدا ئەنجامدراوەو تێیدا بۆچوونی‌ حزبەكەی‌ لەبارەی‌ پرسی ریفراندۆمەوە روندەكاتەوە.
ناوەڕۆكی دیدارەكە :
لەكۆبوونەوەكەتاندا لەگەڵ وەفدی‌ هاوبەشی‌ یەكێتی‌ و پارتی‌ بۆتان دەركەوت كە پرسەكە تەنها ریفراندۆمە یان دەیانەوێت كێشە ناوخۆییەكانیش چارەسەر بكرێن ؟
(د. هادی‌ عەلی) ئەوان هەر باسی‌ ریفراندۆمیان دەكردو دەیانوت كە دەرفەتەكە گونجاوە پێویست بەوەناكات بەدیار شتی‌ دیكەوە بوەستین، بەو ئاڕاستەیە قسەیان دەكردو قسەكانیان لەو چوارچێوەیەدا بوو.
ئەی‌ چۆن باسی‌ كێشە ناوخۆییەكانی‌ هەرێم كرا ؟
(د. هادی‌ عەلی) ئێمە باسی‌ كێشە ناوخۆییەكانمان كرد، وتمان كە ریفراندۆم پێویستی‌ بە تەوافوقێكی‌ نیشتیمانی‌ و یەكڕیزی‌ و كۆدەنگی‌ هەیە، پێویستی‌ بەوە هەیە ئەم قەیرانە سیاسییە چارەسەر بكرێت و پەرلەمان كارابكرێتەوە، ئەوانەمان هەموو باسكرد كە ئێمە بەزەرووری‌ دەزانین هەنگاوی‌ جدی‌ بۆ بهاوێژرێت، لەهەمانكاتدا كە كار بۆ ریفراندۆم بكرێت، دەبێت هاوتەریب بەهەردوو ئاڕاستەكە كاری‌ جددی‌ بكرێت.
سەرنجی‌ ئەوان لەسەر ئەو قسانەی‌ ئێوە چی‌ بوو ؟
(د. هادی‌ عەلی) ئەوان پێیان وابوو ئەو پرسە بەجۆرێك گەیشتووە بە بنبەست، ناكرێت بەدیار ئەوەوە رابوەستین، دەبێت كار بۆ پرسی ریفراندۆم و ئەو مەسەلانەی‌ پەیوەندیان بە ئایندەی‌ هەرێمەكەیانەوە هەیە بكرێت كە كۆدەنگی‌ لەسەرە، بەڵكو لەو رێگەیەشەوە كەش و هەوایەك بڕەخسێت كە بتوانین كێشە ناوخۆییەكانیش چارەسەر بكەین، ئەوان بەو ئاڕاستەیە قسەیان كردو قەناعەتیان بەو ئاڕاستەیە بوو.
قەناعەتتان وایە پرسی ریفراندۆم ئەو كەشوهەوایە بڕەخسێنێت بۆ چارەسەركردنی‌ كێشە ناوخۆییەكانی‌ هەرێم ؟
(د. هادی‌ عەلی) ئێمە ئومێدی‌ ئەوە دەكەین، وەكو چۆن مەسەلەی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەكەركوك هەڵكراو دواتر ناڕەزایی لەبەغدا لێكەوتەوە، فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ هەموو جیاوازییەكانیان هاودەنگ و هاوهەڵوێست بوون، بەڵكو لەو رێگەیەوە دەروازەیەك بكرێتەوە، وەك ئەوەی‌ دەوترێت چۆن لەدەرگاوە نەمانتوانی‌ چارەسەری‌ كێشەكە بكەین، بەڵكو لەپەنجەرەوە بێینە ناو دۆخەكەو كێشەكە چارەسەر بكەین، ئومێدێك هەیە لەو بارەیەوە.
وەك ئەوەی‌ ئێوە گوێبیستی‌ بوون كەی‌ دەویسترێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت ؟
(د. هادی‌ عەلی) ئەوان بەجددی‌ تەئكیدیان لەوەكرد كە لەمساڵی‌ (2017) پێش كۆتایی ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.
بەڵام بەچی‌ میكانیزم و رێوشوێنێك ؟
(د. هادی‌ عەلی‌) ئێمە نەچووینە ناو وردەكارییەكانەوە، دەبێت دەستەیەك لە حزب و لایەنە سیاسییەكان پێكبهێنرێت و تاوتوێی ئەو پرسانە بكەن.
دەوترێت ئێوە لەكۆبوونەوەكەدا داواتان لە پارتی‌ كردووە نەرمی‌ بنوێنێت بۆ چارەسەری‌ كێشە ناوخۆییەكان بەتایبەتی‌ بەرامبەر بزوتنەوەی‌ گۆڕان، وەڵامی‌ پارتی‌ چی‌ بوو ؟
(د. هادی‌ عەلی) ئێمە باسی‌ ئەوەمانكرد كە پێویستە هەموو لایەنەكان نەرمی‌ بۆ یەكتری‌ بنوێنن، وتمان كە بەهەند وەرگرتنی‌ راو بۆچوونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان گرنگە. ئەوانیش وتیان : ئەوەی‌ بكرێت دەیكەین، بەڵام ئەوەی‌ ماوەتەوە ئەوەیە هەڵوێستی‌ ئەوان چییە.
قسەی‌ پارتی‌ و یەكێتی‌ لەكۆبوونەوەكەیان لەگەڵ ئێوە یەك قسە بوو، بەتایبەت لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی‌ هەرێم كە بەرپرسەكانیان دوێنێ‌ دوای‌ كۆبوونەوەكان هەندێ قسەی‌ جیاوازیان كرد لەو بارەیەوە ؟
(د. هادی‌ عەلی) لەكۆبوونەوەكەدا قسەكانیان نزیك بوو لەیەكەوە، لە هێڵە سەرەكییەكاندا وەك یەك وابوو دیاربوو بڕیاریان وەرگرتبوو.
ئامادەن بەتەواوی‌ پشتیوانی‌ لە پرۆسەی‌ ریفراندۆم بكەن، وەك ئەوەی‌ پارتی‌ و یەكێتی‌ ئێستا كاری‌ بۆ دەكەن ؟
(د. هادی‌ عەلی) ئێمە دوێنێ قسەی‌ كۆتاییمان نەكردووەو وتومانە تاوتوێی‌ ئەو پرسە دەكەین لەسەركردایەتی‌ بزانین ئاڕاستەی‌ دانووستانەكان و كۆبوونەوەكان بەرەو كوێ دەڕوات، ئەوكاتە قسەی‌ كۆتایی دەكەین.
هیچ كاتێك دانراوە بۆ پێكهێنانی‌ دەستەی‌ هاوبەشی‌ لایەنەكان لەبارەی‌ ریفراندۆمەوە ؟
(د. هادی‌ عەلی) نەخێر لەكۆبوونەوەكەدا هیچ باسی‌ دیاریكردنی‌ كات و وادەی‌ پێكهێنانی‌ ئەو دەستەیە نەكرا.