ڕوناكبیرێكی كەركوك: ڕیفراندۆم لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم شكست دەهێنێت

دوو شەممە, 17 تەمموز 2017 10:10

 

دیدار: نیاز فاروق


ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كە ئێستا ناوەندە سیاسی و ئەكادیمی و نێودەوڵەتیەكان و لایەنە سیاسیەكانی كورد و عێراقیشی بەخۆیەوە سەرقاڵكردوە لە چاوپێكەوتنێكی كوردیودا، لەتیف فاتیح فەرەج ڕۆژنامەنوسی دیاری شاری كەركوك بۆچوونی خۆی سەبارەت بەو پرسە دەخاتەڕوو و بە پێویستی دەزانێت لە پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكە دوو ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و پێی وایە بەم حاڵەی ئێستەوە كورد لە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا شكست دەهێنێت.



لەتیف فاتیح فەرەج، ڕۆژنامەنوس و ڕوناكبیری دیاری پارێزگای كەركوك سەبارەت بەپرسی ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆكوردیو دواو لەوەڵامی پرسیاری ئایا ڕیفراندۆم لەپارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم سەركەوتو دەبێت ووتی:" لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پارێزگای كەركوك و بەشێك لە ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم كورد زیانی گەورە دەكات لەبەر ئەوەی پێشتر بە پێی ماددەی 140 ئەو ناوچانە یەكلا نەكراونەتەوە"


كوردیو: تا چەند زەمینەسازی كراوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركوك؟
لەتیف فاتیح فەرەج : تاوەكو ئێستا هیچ زەمینەسازی و ئامادەكاریەكی بۆ نەكراوە و تا ئێستا نازانرێت بازنەكانی هەڵبژاردنەكان چۆنە وحكومەتی عێراق و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی قبوڵیان نیە.


كوردیو: ئەگەر ڕیفراندۆمەكە بكرێت كورد یەك دەنگە یان وەك هەرێم ناكۆك و ناتەبا؟
لەتیف فاتیح فەرەج: مەسەلەكە ئەوەنیە كە كورد لە كەركوك یەكدەنگ نیە و پێدەچێت لایەنگرانی سەرجەم لایەنە ناكۆكەكانی هەرێم دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ نمونە لە ڕابردودا كادیرانی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ ستەمیان لە دەسەڵاتی كوردی بینیوە و ستەمیان بەرامبەر خەڵك بینیوە بەڵام گرفتی دیكەی وەك گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكان و هەڵمەتەكانی تەعریب و فشاری زۆر لەسەر كورد كراوە و دەسەڵاتی كوردی كەمتەرخەمانە گوێی بەو پرسانە نەداوە بۆ نمونە لە حەویجە هەزار و 150 خێزانی كورد دەركراوە و ئێستا تازە خورماتوو تەنها 35% ی كوردی تیا ماوە و ناوچەكانی دیكەش هەروا.


كوردیو: ئایا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ كەركوك لەلایەن كوردەوە كتوپڕیە؟
لەتیف فاتیح فەرەج: ئەم دەسەڵاتەی كە ئێستا بانگەشەی ڕیفراندۆم دەكات دەبوو بەر لە هەرشتێك لە 2005 بەدواوە كاتێك كورد دەنگی بە دەستووری عێراقدا ماددەی 140 جێبەجێ نەكرا نەیتوانی لەسەر پێشێلكردنی دەستوور (مەحمود مەشهەدانی ) و هەموو ئەو بەربرسە باڵایانەی حكومەتی عێراقی بداتە دادگا.


كوردیو: تا چەند باوەڕت وایە ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت؟
لەتیف فاتیح فەرەج : من بڕوام وایە بەم بارودۆخەوە لە 25-9 هەڵبژاردن ئەنجام نادرێ ، ئەگەر حەویجەش ڕزگاربكرێت كورد لە كەركوكدا ناگاتە ئاستی زیاتر لەو ڕێژەیەی پێویستیەتی بۆ سەركەوتن لە ڕیفراندۆم و شكست دەهێنێت.


كوردیو: وەك ڕوناكبیرێكی كەركوكی چ چارەسەرێكی گونجاو بۆ دۆخی كەركوك دەبێنیت؟
لەتیف فاتیح فەرەج :پێویستە لە كەركوك دوو ڕیفراندمی تیادا بكرێ یەكەمیان بۆ گەڕانەوەی بێت بۆسەر هەرێمی كوردستان یاخود نا و دووەمیشیان پاش سەركەوتنی كوردە لەو ڕاپرسیە دێت ئەویش بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.

 

 

 

 

 

س ب