لەسەر بڕینەوەی دارێك، سێ‌ مانگ زیندانی دەكرێت

29/02/2016 - 15:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

هاوڵاتییەك لەیەكێك لەشارەكانی ووڵاتی توونس دارێكی گەورەو كۆنی بڕیوەتەوە، لەسەر ئەم كارەشی دادگا بڕیاریداوە ماوەی سێ مانگ زیندانی بكات و سەزای بدات.

هاوڵاتییەكە داری (ئۆكالیبتۆس) ی زەبەلاحی بڕیوەتەوە، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی بڕینەوە لەلایەنە پەیوەندیدارەكان وەربگرێت، ئەوەش بۆتە مایەی بەدەنگەوە هاتنی دەسەڵاتی دادوەری و بەندكردنی و سەزادانی لەسەر ئەو كارەی.

زانیارییە هەواڵییەكان باس لەوەدەكەن، ئەو هاوڵاتییە دارەكەی لەشاری (قرتاج) ی باكووری توونس بڕیوەتەوە، ئێستاش دادگا بڕیاریداوە ماوەی سێ مانگ بەندی بكات و بڕی (450) یۆڕۆش سەزای پێبژاردنی بدات.

لەبارەی هۆكاری بڕینەوەی ئەو دارە، هاوڵاتییەكە رایگەیاندووە، ئەو دوكانی شیرینی هەبووە، دارەكەش پێشی دوكانەكەی گرتبوو، بۆیە بڕیاری بڕینەوەی داوە، دواتریش هاوڵاتیانی ناوچەكە بەدەنگ هاتوون و داوای سەزادانی خاوەنی ئەو دوكانەیان كردووە.