"زیاتر لە 200 هەزار كەس لەناو حكومەتدا دوو موچەیان هەیە"

27/02/2016 - 11:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 هەزاركەس لە ناو حكومەتدا دوو موچەیان هەیە .

گۆران ئازاد ، پەرلەمانتاری یەكێتی بەمیدیاكانی یەكێتی رایگەیاندوە ماوەیەكی زۆرە بەدواداچونیان بۆ ئەو بابەتە كردوە كە دەگەرێتەوە بۆ پێش ئەو قەیرانەی ئێستا و دەشڵێت ، بەپێی سیستمی داتابەیسی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 هەزار كەس دوو موچەیان هەیە .

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی رونكردەوە كە ئەو كەسانەی دوو موچەیان هەیە تیایدایە كە پێشتر خۆی خانە نشینكردوە و دواتر بە گرێبەست دەستبەكار كردۆتەوە ، یاخود لە هەرێمی كوردستان و لە بەغداش موچەی هەیە ، یان هەر لە ناوخۆی هەرێم دوو موچەی لە حكومەت هەیە كە ئەمەش لەرووی یاساییەوە رێگە پێنەدراوە .

گۆران ئازاد وتیشی هەركاتێك لێدوان لە بارەی دوو موچەییەوە دەدەم بە میدیاكان كەسانێك كە دوو موچەیان هەیە پەیوەندیم پێوە دەكەن و دەڵێن ئێمە دوو موچەمان هەیە چۆن كێشەكە چارەسەر بكەین ، ئایا توشی كێشەی یایاسی نابین؟ كەسانێكیش پەیوەندی دەكەن و ناوی ئەو كەسانەمان پێدەڵێن كە دوو موچەیان هەیە كە ئەمانەش بەڵگەی زیندوون كە دوو موچەیی لە ناو حكومەت بونی هەیە.