"حكومەتی هەرێم وەك پیشەی هەمیشەیی درۆی لەگەڵ كردین"

27/02/2016 - 12:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

ئەندامێكی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رەتیكردەوە بایكۆتكردنی دەوام شكابێت و، رایگەیاند" حكومەتی هەرێم وەك ئەو بەڵێنانەی دابووی بەمامۆستایان جیبەجێی نەكردوو، وەك پیشەی هەمیشەیی درۆی لەگەڵ كردین".

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەروونكردنەوەیەكدا دەڵێت" لە كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بەڵێندرا، تا ڕۆژی پێنجشەممە (2016/2/25) حكومەت ئاگادارمان دەكاتەوە بە دیاریكردنی كاتی پێدانی نیو موچەی مانگی (9) و پێدانی لەماوەیەكی نزیكدا، هەروەها بەڵێن درا كە پێداچوونەوە بكرێت بەخشتەی نوێی موچەی مامۆستایان، بەڵام هیچیان جێبەجێنەكرا".

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی و سەرجەم مامۆستایان:

مامۆستایانی خۆشەویست، قوتابیان، خوێندكاران، باوكان دایكانی بەڕێز.. وەك ئاگادارن ئێمەی مامۆستایان لە (2016/1/26) بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنمان ڕاگەیاندووە، پەیام و داواكاریەكانمان لەڕێگەی چەندین كەناڵەوە گەیاندۆتە حكومەت، دوا هەوڵیشمان دانیشتنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بوو لەگەڵ یەكێی مامۆستایان و وەزیری پەروەردە و بەشێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی پەروەردە.

دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە بەڵێن درا:

1- تا ڕۆژی پێنجشەممە (2016/2/25) حكومەت ئاگادارمان دەكاتەوە بە دیاریكردنی كاتی پێدانی نیو موچەی مانگی (9) و پێدانی لەماوەیەكی نزیكدا.

2- بەڵێن درا كە پێداچوونەوە بكرێت بەخشتەی نوێی موچەی مامۆستایان .

بێگومان ئەم بەڵێنە لەلایەن سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی درا بە مامۆستایان و لەلایەن وەزیری پەروەردە و سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان ڕاگەیەندرا و ئێمەش وەك مامۆستایان هەرچەند متمانەمان بەم جۆرە بەڵێنانەی حكومەت نەبوو، بەڵام لەهەمان كاتیشدا پێمان وابوو كە ڕەنگە حكومەت تێگەیشتبێت لە گرنگی پرۆسەی پەروەردە و پیشەی مامۆستایان، هەر بۆیە ئۆمێدێكمان لەسەر ئەم بەڵێنە هەڵچنی و هەموو لایەك پێیان وابوو كە دەكرێ لەڕۆژی یەكشەمەوە دەوام ئاسایی بكرێتەوە.

بەڵام بەداخەوە حكومەت وەك پیشەی هەمیشەیی جارێكی تر درۆی لەگەڵ كردین و هەوڵیدا لەم ڕێگەوە مامۆستایان بگەڕێنێتەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، لەكاتێكدا هیچ یەك لەو بەڵێنانەی دابووی نەك نەیبردە سەر، بەڵكو بێدەنگی هەڵبژارد و بێ منەتی خۆی نیشاندا بەرامبەر مامۆستایان.

لێرەوە سەرجەم مامۆستایان ئاگادار دەكەمەوە كە:

1- بایكۆت بەردەوامە و بەهیچ شێوەیەك ئێمە داوامان نەكردوە بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن.

2- سەبارەت بەوەی ڕۆژی شەممە یاخود یەكشەممە دەوام دەستپێدەكاتەوە، ئەمە تەنها پڕوپاگەندەی حیزبییە و دەیانەوێت وای نیشان بدەن كە ئەمە بۆچوونی سەرجەم مامۆستایانە.

3- مامۆستایانی خۆشەویست، بە سوربوونی ئێوە لەسەر بایكۆتكردن، حكومەت درەنگ یا زوو دەكەوێتە سەرچۆك، بەپێچەوانەوە گەڕانەوەتان بۆ هۆڵەكانی خوێندن حكومەت پێمان فێردەبێت و بێ منەت ئەبێت لە جێبەجێ نەكردنی هەر داوایەك.

4- ئێمەی مامۆستایان دەبێت زۆر لەوە گەورەتر بین كە حیزب ئاراستەمان بكات، بەڵكو دەبێت پرسیار لە خۆمان بكەین، كام داواكاریمان جێبەجێ كراوە؟ سەركەوتوبێت ئیرادەی بەرزی مامۆستایان.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان