سەدر هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ناوچەی سەوز دەكات

27/02/2016 - 12:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

سەرۆكی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر ئەمڕۆ هەینی بە توندی هێرشی كردە سەر حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی و بە پشتگوێخستنی گەلی عێراق تۆمەتباری كرد بەوەی بە دەست برسیەتی و ترس و مردن بەتەنها دەناڵێنێت و سەدر هەڕەشەی ئەوەشی كرد، كە هێرش دەكاتە سەر ناوچەی سەوز لە شاری بەغدا كە بارەگاكانی حكوومەت و پەرلەمانی تێدایە.

لە وتەیەدا كە لە بەردەم لایەنگرانی لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا پێشكەشی كرد سەدر وتی: "ئەمڕۆ من لێرەم و بە راشكاوانە رایدەگەیەنم، كە حكوومەت گەلەكەی بەجێهێشتووە تا بەدەم برسیەتی و ترس و مردن و بێ كاری و داگیركەری بناڵێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا، قەیرانی ئاسایش و ئابووری و خزمەتگوزاریی و سیاسی قۆڵتر كردووەتەوە."

سەدر ئەوەشی راگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ بە هۆی قەیرانەكانی ئێستاوە روودەدات، هۆكارەكەی هەر حكوومەتی پێشووە كە حكوومەتی ئێستای خستووەتە ناو گێژاوی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەكی".

لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆكی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشكرد: "بەسە ئیتر چۆكدادان و برسیەتی، هیچ جیاوازی لە نێوان عێراقییەكی موسڵمان یان مەدەنییەك یان غەیرە موسڵمانێك و سوننە و شیعەیەكدا نییە، چونكە هەموو بەم وڵاتە بریندارە بەستراوەتەوە".

موقتەدا سەدر گوتیشی: "سەرۆكی حكوومەتی عێراق حەیدەر عەبادی پاش ئەوەی دەسەڵاتی چاكسازی پێدرا، پێویستە لەسەری چاكسازی ریشەیی بكات" .

سەدر باسی لەوەشكرد، ئەوان ئەمڕۆ لە دەوری ناوچەی سەوزن و سبەی گەل دەچێتە ناوچەكە تا مافەكانییان لە ستەمكاری و گەندەڵكاران بەدەست بهێننەوە و داوای دەرچوونی ئەمریكای لە نێو شاری بەغدا كرد.

لە كۆتایی گوتەكەیدا سەدر راشیگەیاند ئەندامانی كوتلەكەی دەستبەرداری حكوومەت دەبن و گوتی: "هیچ یەكێك لە تاكەكانی ناو حكوومەت نوێنەرایەتی رەوتی سەدر ناكەن بەڵكو تەنها نوێنەرایەتی خودی خۆی دەكەن". بەیانی ئەمڕۆ هەینی بەهەزاران كەس لە لایەنگرانی سەرۆكی رەوتی سەدر لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور و ناوچە جیاجیاكانی شاری بەغدا گەیشتنە گۆڕەپانی تەحریر و بەشدارییان لە خۆپیشاندانی ناڕەزاییەكان كرد.

خۆپیشاندەران بە بەرزكردنەوەی ئاڵای عێراق و دروشمی جیا جیا داوای لەناوبردنی گەندەڵی و دادگاییكردنی گەندەڵكاران و دوور خستنەوەیان لە پۆستەكانی حكوومەت و حزبە سیاسییەكان دەكرد.

زۆربەی حزبە شیعەكان كە لە حكوومەتەكەی عەبادی بەشدارن، ئامادەیی خۆیان بۆ وازهێنان لە پۆستە وەزارییەكان پیشاندا و لە بەرامبەر ئەوەی عەبادی حكوومەتی تەكنۆكرات پێكبهێنێت.