شاندێكی حەماس دەگەنە قاهیرە

14/03/2016 - 10:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی حەماسی فەڵەستینی ئاشكرای دەكات، لەحاڵی ئێستادا هەوڵێكی ناوبژیوانی كردن لەنێوان كەرتی غەززەو حكومەتی میسر لەئارادایە.
(ئەحمەد یوسف) سەركردەی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، عەرەبستانی سعودییە هەوڵێكی ناوبژیوانی دەست پێكردووە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی نائاسایی لەنێوان كەرتی غەززەو میسر.
ئەو سەركردەیەی بزووتنەوەی حەماس راشیگەیاند، دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆی میسر بزووتنەوەكەیانی تۆمەتباركرد بە كوشتنی (هیشام بەرەكات) ی داواكاری گشتی، جارێكی تر ناكۆكی كەوتەوە نێوانیان، بەڵام ئێستا هەوڵێكی میانگیری لەئارادایە.
هەروەها ئێوارەی دوێنێ‌ شاندێكی باڵای بزووتنەوەی حەماس كەرتی غەززەیان جێهێشتووەو لەڕێگەی شاندێكی تایبەتی سعودی كە ڕاستەوخۆ لەلایەن (سەلـمانی كوڕی عەبدولعەزیز) سەرپەرشتی دەكرێت دەگەنە قاهیرە.