نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی ئێران دەكات

20/03/2016 - 15:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

كوردیو -
بەبۆنەی نەورۆزەوە، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە گەلانی ئێران دەكات و ڕایدەگەیەنێت كە نەورۆز یەكێكە لە هاوبەشیەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئێران و دوپاتی دەكاتەوە كە قەیرانی دارایی تێ دەپەڕێنن.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەكەیدا نوسیویەتی " بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی و جەژنەپیرۆزە لە نەتەوەی كورد و هەموو ئەو نەتەوانە دەكەم، كە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، بەتایبەتی گەلانی ئێران كە نەورۆز یەكێكە لە هاوبەشییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئێران. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە جەژنی ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو ناوچەكەمان".

هەروەك دەڵێت " بەداخەوە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی؛ كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی دروست كردووە، بەڵام دڵنیایی دەدەینە هەموو گەلی كوردستان كە ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین، تیرۆر دەشكێنین و كوردستان لە پێشكەوتن بەردەوام دەبێت".

لە كۆتاییدا نوسیویەتی "بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردییەوە، هیوادارم هەموو لایەنەكانی كوردستان پێكەوە دابنیشن و هەموو كێشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن، چونكە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە یەكڕیزییەكی زۆرە بۆ ئەوەی بە تەواوی سەركەوین، كوردستان بپارێزین و دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان بەدەست بهێنین".

أ.م