ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پەیامێكی بڵاو كردەوە

20/03/2016 - 16:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

كوردیو-

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی كوردی و نەورۆز پەیامێكی بڵاو كردەوەو رایدەگەیەنێت بەرپرسیاریەتیەكی مێژوویی ڕووی لەهەمووان كردووە خوازیارین هەمووان چاوپۆشی لە ناكۆكیەكان بكەن.

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبانەوە

هاوڵاتیانی خۆشەویست ..

پیرۆزبایی سەری ساڵی كوردی و نەورۆز لە هەموان دەكەین و ئومێدەوارین بەهاری ئەم ساڵمان قۆناغێكی نوێی سیاسی بێت بۆ گەلەكەمان , هەروەك ئاماژەكانی لای رۆژئاوای كوردستانەوە دەركەوتووە, بەڕاگەیاندنی فیدڕالیەت لەرۆژئاوا , پیرۆزبایی گەرم لەخۆمان و هەموو كوردستانیان و بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا دەكەین , هیوادارین كوردانی پارچەكانی تریش لەساڵی داهاتوو دا بەخەون و ئاواتەكانیان بگەن , ئیتر ساڵی 2016 ساڵی كۆتایی هێنان بێت بەپارچە بوون و دابەش بوون كە لەسایكس بیكۆوە دەستی پێكردووە .

نەورۆزی ئەم ساڵ لە كاتێكدایە گەلی كوردستان لەبەردەم چەند هەڕەشە و فرسەتی گەورەدایە , گەورەترین هەڕەشەكانی شەری داعشە , كە قەبارە و مەترسیەكانی ئەو شەڕە ئەوەندە ترسناكە زلهێزەكانی دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە , كە لەسەر ئەرزی واقیع و لەمەیدانەكانی ئەو شەڕە نەگریسەدا پێشمەرگە پێشەنگە , هەر ئەم مەترسیە گەورەیە دەرفەتێكی مەزنیشی بۆگەلەكەمان هێناوەتە پێشەوە و نابێت ئەم دەرفەتە گرنگە لەدەست بدەین . هەر بۆیە دەبێت یادەكانی ئازار , بە نەورۆز و كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالەوە هاندەرێك و ڕاچڵەكێنەرێكی ویژدانی هەمووان بێت بۆ رێكخستنی ڕیزەكانی ناوخۆ و گوتار و هەڵوێستەكانمان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی ناوخۆ , و بۆ ڕووبەڕووبونەی هەڕەشە و قۆستنەوەی ئیجابیانەی دەرفەتەكانمان .

داواكارین لەسەرجەم هێزو لایەن سیاسیەكان لەهەموو پارچەكانی كوردستان ئامادەكاری بكەن بۆقۆستنەوەی دەرفەتەكان و كەڵك وەرگرتن لە هەڵ و مەرجە بابەتیەكان كەهاتۆتە پێش بۆ گەلەكەمان لەڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا , گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە دەرفەتی نوێ و فراوانتری بۆهەرێمی كوردستان هێناوەتە پێش پێویستی بەیەك ڕیزی و یەك دەنگی و یەكخستنی نێو ماڵی كوردی هەیە بۆ پەرەدان بەدەسكەوتەكانی هەرێم و سودمەندبوون لەئەگەری دابەشكردنەوەی نەخشەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست . بەرپرسیاریەتیەكی مێژوویی ڕووی لەهەمووان كردووە خوازیارین هەمووان چاوپۆشی لە ناكۆكیەكان بكەن , یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوانیان دواخەن بۆدوای تێپەڕبوونی ئەم دۆخەی كەدەرفەتەكانی هێناوەتە پێش بۆگەلەكەمان .

جارێكی تر پیرۆزبایی ساڵی نوێ و نەورۆز وبەهارتان ڵی دەكەین .

محەمەد فەرەج ئەحمەد

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

30ـی رەشەمێی 2715

هـ ن