قائیمقامی سلێمانی لەسەر پشێوییەكانی چاڤی لاند ڕونكردنەوە دەدات

21/03/2016 - 16:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

كورديو -

لە بارەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئاھەنگی نەورۆزی چاڤی لاند، قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند: لەكاتی بەڕیوەچوونی ئاھەنگی نەورۆز لە چاڤی لاند گرژی و ئاڵۆزی كەوتۆتە نێوان ئامادەبووانەوە و لە ئەنمجامدا چەند كەسێك بە سوكی بریندار بوون.

بەختیار عەبدول ڕەحمان قائیمقامی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە، ڕایگەیاند:" پاش ئاگاداركردنەوەی لیژنەی ئەمنی لە ھەبوونی گرژی و ئاڵۆزی ئاھەنگەكەی چاڤی لاند و چوونی ھێزەكانی ئەمنیەكانی شاری سلێمانی بۆ شوێنی روداوەكە دەستبەجێ ئاڵۆزیەكان كۆنترۆڵ كراون و بریندارەكانیش لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنەوە لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆكراوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە، ھیچ كەسێكیان لە نەخۆشخانە نەماونەتەوە".

ھەروەھا ئاماژەی بەوەش كرد:" لەكاتی ئاڵۆزیەكەدا بەھیچ جۆرێك فیشەك نەتەقێنراوە بەڵكو ئەوەی بیستراوە لەلایەن ئامادەبوانەوە دەنگی تەقەی یارییە ئاگرینەكان بووە، ئەوەشی كە برینداربووە بەھۆی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ و ھاویشتنی بەردەوە بووە".
هـ ن