ئەنجومەنی ئاسایش هێرش دەكاتە سەر لاهوری شێخ جەنگی و هۆشداری پێدەدات

26/03/2016 - 17:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

كوردیو - هەولێر
دوای ئەوەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی دژە تیرۆر راگەیەندراوێكی لەسەر كەناڵی كوردستان 24 بڵاوكردەوەو بە كەناڵی مەسرور بارزانی ناوی بردو ھێرشی توندی كردە سەر لە ئێستادا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە لاهوری شێخ جەنگی دەڵێت: لە قەبارەی خۆت دەررچوویی و هەستاوە بە ئەنجامدانی زێدەڕۆیی بەرامبەر بەرپرسەكەی .

لە راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەوە هاتووە: دەبوایە ئەوان داوای ڕوونكردنەوە لە كوردستان٢٤ و رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بكەن و یاخود تەنیا بڵێن ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نیە، بەڵام زۆر نابەرپرسیاریانە لاهوری جەنگی لە قەبارەی خۆی دەرچووە و هەستاوە بە ئەنجامدانی زێدەڕۆیی بەرامبەر بەرپرسەكەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش، كە هەر خودی ئەم كارە ناوبراو ڕووبەڕووی رێكاری ئیداری و یاسایی دەكاتەوە، ئەمەشیان یەكەمجار نیە ناوبراو بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات بەڵام بەداخەوە دۆخی سیاسیی هەرێم رێگر بووە لە هەر رێكارێك.

دەقی راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان:

رێكەوتی ٢٣/٣/٢٠١٦، سایتی میللەت پرێس كە لاهووری شێخ جەنگی بە بودجەی وەرگیراو لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەڕێوەی دەبات، راگەیەندراوێكی بە ناوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی دژە تیرۆر بڵاو كردۆتەوە كە سەر لە بەری هەڵچوونی هەرزەكارانەیە.

ئەم راگەیەندراوە گوایە وەڵامی هەواڵێكە كە لە سایتی كوردستان٢٤ بڵاو كراوەتەوە، بەڵام لە جیاتی وەڵامێكی لۆجیكی ئەو دەزگایە بدەنەوە ئەو نووسینەیان پڕ كردووە لە رق و كین و وشەی بازاڕی كە دەرخەری ئاستی ئەو كەسانەیە كە خاوەنی نووسینەكەن.

دەبوایە ئەوان داوای ڕوونكردنەوە لە كوردستان٢٤ و رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بكەن و یاخود تەنیا بڵێن ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نیە، بەڵام زۆر نابەرپرسیاریانە لاهوری جەنگی لە قەبارەی خۆی دەرچووە و هەستاوە بە ئەنجامدانی زێدەڕۆیی بەرامبەر بەرپرسەكەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش، كە هەر خودی ئەم كارە ناوبراو ڕووبەڕووی رێكاری ئیداری و یاسایی دەكاتەوە، ئەمەشیان یەكەمجار نیە ناوبراو بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات بەڵام بەداخەوە دۆخی سیاسیی هەرێم رێگر بووە لە هەر رێكارێك.

لاهور بەردەوام تاكڕەوانە هەڵسوكەوتی كردووە و ئەو دەزگایەی بۆ مەرامی شەخسی و بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی حیزبەكەی بەكار هێناوە و ئامرازێك  بووە بۆ تۆقاندنی نەیارانی. ئەم گلەییەش بەردەوام لە ناوخۆی حیزبەكەی و دەرەوەی حیزبی هەبووە.

لە بارەی بودجەی ئەو دەزگایەشەوە زۆر ئاشكرایە كە قەیرانی دارایی هەرێم كاریگەریی لە سەر رێژەی بودجەی ئەنجوومەنی ئاسایشیش هەبووە، بەڵام لاهور لەو بودجە كەمكراوەی ئێشتاش بەردەوام بەشەكەی خۆی وەرگرتووە و دڵنیاین ئەگەر بۆ كاری لابەلا بەكار نەهێت ئەوا بەشیان دەكات.
زۆر ددنمان بەخۆدا گرت كە وەڵامی كارە هەرزەكارییەكانی لاهور نەدەینەوە بەڵام ناوبراو هەموو سنوورێكی بەزاندووە بۆیە ئاگاداری دەكەینەوە كە ئەگەر بەردەوام بێت لەم هەڵسوكەوتانە ئەوا بە خستنەڕووی هەموو سەرپێچیی و خەراپەكارییەكانی ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.

نووسینگەی راگەیاندن
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

 

م.كانی