داعش بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی بۆ سەر ئەوڕوپا مەرجی هەیە

26/03/2016 - 21:15 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

لە دوای تەقینەوە خۆكوژییەكانی داعش لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، گروپی چەكدارانی داعش گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە، هێرشەكانی داعش بۆ تۆڵە بووە بەرامبەر بە هێرشی ئاسمانیی و زەمینی هاوپەیمان لە دژیان.

تۆڕی هەواڵی یورۆ نیوز ئەمڕۆ ٢٦ی ئازاری ٢٠١٦ بڵاویكردەوە، گروپی چەكدارەكانی داعش لە گرتە ڤیدیۆییەكدا كە بە زمانی عەرەبی و فەڕەنسی بڵاوكراوەتەوە و تیایدا خۆشی بۆ هێرشە خۆكوژییەكانی داعش لە شاری برۆكسل دەردەبڕن ڕایدەگەیەنن "بەهۆی ئەوەی بەلجیكا ئەندامی ناتۆیە و پشتیوانی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دەكات، ئەوا هێرشی زیاتر لە دژی بەلجیكا ئەنجام دەدەن".

ئاماژە بەوەشكراوە "چەكدارەكانی داعش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەكەن ئەگەر هێرشی ئاسمانی و زەمینیی هاوپەیمانان لە دژیان ڕابگیرێت ئەوا لە بەرامبەردا هێرشەكانیان بۆ سەر ئەوروپا ڕادەگرن".

ئەوەش لە كاتێكدایە پۆلیسی بەلجیكا دوێنێ هەینی ٢٥ی ئازاری ٢٠١٦ ڕایگەیاند، سێیەمین گومانلێكرا و پلانداڕێژەری هێرشە خۆكوژییەكانی داعشیان لە برۆكسل دەستگیركردووە.

بەپێی میدیاكانی بەلجیكاش، ئەو گومانلێكراوە كاتێك لە گەڕەكی ئەسكاربكی شاری برۆكسل لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێكراوە و قاچی برینداركراوە. لە ئەنجامدا پۆلیس دەستگیری كردووە و جانتایەكی پڕ لە تەقەمەنیی پێ بووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠١٦ پۆلیسی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو، گومانلێكراوكیان لە ناوچەی ئاڕژانتۆی لە ١٥ كیلۆمەتریی شاری پاریسدا دەستگیركردووە.

لە دوای دەستگیركردنی گومانلێكراوەكان لە فەڕەنسا و بەلجیكا، فڕانسوا ئۆلاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا ڕایگەیاند، تۆڕی ئەنجامدەرانی هێرشەكانی پاریس و برۆكسل بەرەو لە ناوچوون دەڕۆن، بەڵام هێشتا مەترسیی "تیرۆریزم" لە ئەوروپا هەیە.

ئەوانەش لە كاتێكدایە ڕۆژی ٢٢ی ئازاری ٢٠١٦ سێ خۆكوژی داعش لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی زاونتم و وێستگەی میترۆی مالبكی لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكادا خۆیان بە هاووڵاتیاندا تەقاندنەوە، كە بەهۆیانەوە ٣١ كەسی مەدەنی كوژراون و نزیكەی ٣٠٠ كەسی تریش بریندار بوون.

خۆكوژەكانی فڕۆكەخانەی برۆكسل دوو برا بە ناوەكانی خالید و ئیبراهیم بەكراوی و خۆكوژێكی تریش كە لە وێستگەی میترۆی مالبكی خۆی تەقاندبووە، ناوی نەجیم عەشراوی بوو.

ر.ع