سەدر لەنەجەفەوە دەگاتە بەغدا

27/03/2016 - 07:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

سەرۆكی رەوتی سەدر لەشاری نەجەفی باشووری عێراقەوە گەیشتۆتە شاری بەغداو لەنزیكەوە چاوی كەوتووە بەمانگرتووانی نزیك ناوچەی سەوزو راشیگەیاندووە، بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی مانگرتن و پەناگیری درێژەی دەبێت.
چەند هەفتەیەكە لایەگرانی رەوتی سەدر لەناوچەی سەوزی شاری بەغدا دەستیان بەمانگرتن و پەناگیری كردووەو داوا دەكەن حكومەتەكەی (حەیدەر عەبادی) چاكسازی بكات و گەندەڵیش بنەبڕ بكات.
بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی مانگرتووەكان، ئێوارەی دوێنێ‌ (موقتەدا سەدر) سەرۆكی رەوتی سەدر لەشاری نەجەفەوە گەیشتە شاری بەغداو چاوی كەوت بەهاوڵاتیانی مانگرتوو، پێشی راگەیاندوون، لەپێناو بنەبڕكردنی گەندەڵی لەنێو دامەراوەكاندا ئەوان درێژە بەكاروچاڵاكییەكانیان دەدەن.
پێشتر سەدر داوای لە (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیران كردبوو، حكومەتێكی تەكنۆقرات دروست بكات و بەدوور بێت بەهەڵپەی سیاسی و حزبی، ئەوەش دەبێتە مایەی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی.
 

 

ئـ . كـ