لەرۆژی جیهانی شانۆدا بایكۆتی هۆڵەكان كرا

27/03/2016 - 19:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

كوردیو – كۆیە

لەڕۆژی جیهانی شانۆدا سێ تیپی شانۆیی كۆیە بڕیاریاندا هیچ جۆرە چاڵاكیەك ئەنجام نەدەن بۆ لەمەودوا لەناو شارەكە، بەهۆی ئەوەی پێیان وایە خزمەت نەكراون و پێداویستیان بۆ پڕ نەكراوەتەوە، تیپەكانیش پێكهاتوون لەتیپی شانۆی كۆیەو تیپی شانۆیی حێدەو گروپی شانۆ بۆ شانۆ.

لەبەیاننامەیەكیشدا كە وێنەیەكی بۆ كوردیو نێردراوە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردوە هەمیشە لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حكومییەوە بەكۆیە ووتراوە، شاری رۆشنبیران و هونەرمەندان، بەڵام ئەوان پرسیویانە ئایا لەژێر ئەو ناوە خزمەت بەهونەر كراوە.
ئەوان دەڵێن، بەرپرسان هیچیان بۆ هونەری شانۆ نەكردوە نمونەش بە نەبوونی هۆڵ بۆ شانۆ دەهێنەوە. 
لەهەمان كاتدا نیگەرانی ئەوان تاكو ئێستا نەبۆتە رێگر لەبەردەمییان بە ووتەی خۆیان،  شانۆكانیانیشیان ئەگەر لەسەر شەقام و یان هۆڵە رووخاوەكانیش بووبێت بێت كردوویانە نەیان هێشتوە ڕەوتی شانۆ لە كۆیە بچیت بەرەو دواوە، بەڵام لە رۆژی جیهانی شانۆ  ئەم سێ تیپە شانۆییە بریاریان داوە لەناو شاری كۆیە هیچ چاڵاكیەكی هونەری ئەنجام نەدەن بایكۆتی هەموو چاڵاكیەكیش بكەن كە دەكرێت تاكو ئەم داواكارییانەیان بۆ جیبەجێ دەكرێت.
1. پێَویستە هۆڵی سەنتەری گەنجانی كۆیە چاك بكرێت و بۆ نمایشی شانۆیی بگونجێت و بێ بەرامبەریش بێت بۆیان.
2. لە بودجەی ساڵانەی ئیدارەی كۆیە بڕێك پارە تەرخان بكرێت بۆ چاڵاكی شانۆیی.
3. بەڕێوەبەرایەتی و رۆشنبیری و هونەری كۆیە چیتر شانۆكارو چاڵاكیە شانۆییەكان پەراوێز نەخات.
4. پێویستە ئیدارەی پەیمانگەی شەهید جەعفەر لە كۆی گشتی ساڵانەو رۆژی جیهانی شانۆدا گرنگی بە كارو چاڵاكیە شانۆییەكان بدات.
 
ئـ . كـ