(22) ساڵەی دەنگی یەكگرتوو – رادیۆی هەولێر پیرۆز دەكرێت

04/04/2016 - 09:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

كوردیو – هەولێر

بەبۆنەی (22) مین ساڵیادی دامەزراندن و دەسپێكردنی پەخشی رادیۆكەوە، مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بروسكەیەكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رادیۆی هەولێر دەكات، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی :-
بەڕێزان بەڕێوەبەرو كارمەندان و هاوكارانی ماندونەناسی دەنگی یەكگرتوو – رادیۆی هەولێر...
سڵاوو رەحمەتی خواتان لێ‌ بێت ...
بەسوپاسەوە ساڵرۆژی دەنگی یەكگرتوو – رادیۆی هەولێرتان لێ پیرۆز دەكەین، دەستی ماندووتان دەگوشین، هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنتان بۆ دەخوازین، لەسەر ڕێبازی ئیسڵاحخوازی و بنەماكانی راستگۆیی و هاوسەنگی و خزمەت بەگەل و نیشتمان، ئەم رادیۆیە لە ماوەی (22) ساڵی تەمەنیدا، لە زۆر بواری خزمەتدا، سەردەمێكی باش پێشەنگ و سەرمەشق بووە ... لە ئەركە میدیاییەكەیدا هەواڵ و زانیاری بەسوودو راستی گەیاندووە، لە بواری هۆشیاری و رۆشنبیری گشتیدا بە هەمان شێوە، هەروەها لە بواری پەروەردەو بانگەوازیی ئیسلامیدا، قوتابخانەیەك بووە، چەندین مامۆستای بە توانا پێشكەشكار بوونە تیایداو هەزاران هاوڵاتی لە چین و توێژە جیاجیاكان، لێی بەهرەمەند بوون .. لە بواری كۆمەڵایەتی و خێرخوازیشدا، دەزگایەكی چاڵاك و ئەمین بووەو لەسەردەمی قات و قڕی و ئابڵۆقەو قەیرانەكاندا، فریادڕەس بووە، بۆ نەخۆش و كەم دەرامەت و منداڵانی بێ‌ باوكیش، شان بە شانی كەناڵەكانی دیكەی راگەیاندنی یەكگرتوو،  پەناو هانایەكی دیاربووە ... بۆیە شیاوی پشتگیریی و هاوكاری هەموولایە.
لەم یادەدا وێرای سوپاس و دەسخۆشی بۆ گشت ئەو براو خوشكانەی كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لەم كەناڵەدا خزمەتیان كردووە، یان پاڵپشتی رادیۆكە بوون، پیرۆزبایی لە بیسەران و هۆگرانی رادیۆكە دەكەین و داوایان لێ‌ دەكەین هاوكارو پشتیوانی رادیۆكە بن، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت و خزمەتی باشتریان پێشكەش بكات ...

والسلام علیكم ورحمە الله
مەكتەبی راگەیاندنی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
   4\4\2016
 

 

ئـ .كـ