ئەمڕۆ 500 كۆچبەری دیپۆرتكراو دەگەڕێندرێنەوە توركیا

04/04/2016 - 10:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

 

یەكەم كەشتی گواستنەوەی كۆچبەرە دیپۆرتكراوەكان لەیۆنانەوە گەیشتە بەندەری دیكیلی توركیا، ئەوەش دوای ڕێككەوتنی نێوان ئەنقەرەو یەكێتی ئەوروپا دێت.
ئاژانسی سكای نیوز بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ بەیانی كەشتییەكی یۆنانی كە (131) سەرنشینی كۆچبەری دیپۆرتكراوی لەسەر بووە گەیشتۆتە كەناری دیكیلی توركی.
لەلایەن خۆشیەوە ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، زۆرینەی ئەوانەی لەسەر كەشتییەكەن هاوڵاتیانی پاكستانی و بەنگلادیشین، هاوكات بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە دوورگەی (خیۆس) لەدەریای ئیجەوە كەشتییەكی تر بەڕێبكەوێت و كۆچبەرەكان دیپۆرت بكاتەوە.
لەلایەن خۆشیەوە وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی بكەن لە (500) كۆچبەر، لەنێو ئەو ژمارەیەشدا یۆنان ناوی (400) پەنابەری رادەستكردوون.
لەبەرواری (18/3) لەنێوان توركیاو یەكێتی ئەوروپا ڕێككەوتنێك ئیمزا كرا بۆ راگرتنی لێشاوی كۆچبەران، ئەوەش دوای ئەوەی لەساڵی رابردوو زیاتر لەیەك ملیۆن هاوڵاتی گەیشتنە ووڵاتانی ئەوروپا.

 

ئـ . كـ