سێ‌ سەرۆكایەتییەكە كۆدەبنەوە

11/04/2016 - 07:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

 

لەشاری بەغدا كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەگەڵ سەركردەی فراكسیۆنەكان و پارتە سیاسییەكان تایبەتبوو بەتاووتوێكردنی بەڵگەنامەی چاكسازی نیشتمانی بۆ دیاریكردنی رێچكەی دەربازكردنی ووڵات لەم قەیرانەی ئێستایی و قوڵكردنەوەی هاریكاری هەموو هێزە نیشتمانییەكان لەسەر بنەمای پرۆسەی سیاسی و كۆڵەكە دەستوورییەكانی.
كۆبوونەوەكە پەرۆشی سەرخشتنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەرپەچدانەوەی هەڕەشە ئەمنییەكان و دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییەكان و بەدیهێنانی ویست و خواستی عێراقییەكان بۆ بەئاكام گەیشتنی سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر تیرۆرستانی داعش دووپاتكردەوە، سەرباری زامنكردنی گەڕاندنەوەی ئاوارەبووەكان بەسەلامەتی و سەربەرزی و دەستپێكردنی پرۆسەی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوە، هاوكات رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی چاكسازییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەكانیشی تاوتوێ‌ كرد، بەپێی پلانێكی ستراتیژی گونجاو و لەئاستی داخوازی عێراقییەكان بێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكەی ئێستا.
كۆبوونەوەكە بایەخێكی تایبەتی خستە ریزی پێشەوە بۆ سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی و گەشەپێدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و بانگهێشتكردنی هەموو پێكهاتەو هێزە نیشتمانی و كۆمەڵایەتییەكان لەپرۆسەی چاكسازی چاوەڕوانكراودا.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە گفتوگۆیان كرد لەبارەی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیداكانی پێكهاتەی كابینەی ئایندە بەوجۆرەی پرەنسیبی شەراكەتی نیشتمانی زامن بكات و ئەوانە دەستنیشان بكرێن كە مەرجەكانی لێهاتوویی و پاكییان تیادایە هەروەك میكانیزمی كاندیدكردنی لێپرسراوانی كۆمیسیۆنە سەربەخۆكان و وەكیل وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییەكانیشیان خستە بەرباس و لێكۆڵینەوە دوور لەموحاسەسەی سیاسی و خزم و ناسیاوێتی.
لەتەوەرێكی تردا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەبارەی پێكهێنانی ئەنجومەنی سیاسی راوێژكاری بۆ تاووتوێكردنی ستراتیژە گشتییەكانی ووڵات و كۆتایی هێنان بەگرژییە سیاسییەكان و كاركردن بۆ بەئاكام گەیاندن و پەسەندكردنی ژمارەیەك قانون و رێسای گرنگ لەماوەیەكی دیاریكراودا.

 

ئـ . كـ