هەڵەدنی : دەسەڵاتدارانی هەرێم ئاگایان لە كەس و كاری ئەنفال نییە

15/04/2016 - 15:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

كوردیو – هەڵەبجە – حەیدەر حەمە ساڵح

 

لەساڵیادی پرۆسەی جینۆسایدی گەلی كوردا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو بەرامبەر بەسارێژنەبوونی برینەكانی ئەنفال، حكومەتی هەرێم بە كەمتەرخەم دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەندی لە خەمی بەهێزكرنی پێگەی خۆیانن ئاگایان لە كەس و كاری ئەنفالكراوەكان نییە.
(ئەبوبەكر هەڵەدنی) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ كوردیو ووتی، تاكو ئێستا برینی كەس و كاری ئەنفالكراوەكان ساڕێژنەبووەو حكومەتی هەرێمیش خەم ساردانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم كەیسەدا كردوە وەك كارەساتێكی مرۆیی، بەو پێیەی تاكو ئێستا خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال وەك پێویست خزمەت نەكراون، شارو گوندەكانیان ئاوەدان نەكراوەتەوە، كار نەكراوە بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدان لە ناوچەكانی باشوری عێراق، وەك پێویست نەتواندراوە ئەم كەیسە جەرگ بڕە بە دونیای دەرەوە بناسێنرێت.
ڕاشیگەیاند : حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی خەمەكانی ئەجێندای حزبین ئەوەندە نیشتیمانی نییە، ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی حزب كار دەكەن ئەوەندە خەمی هاوڵاتیانیان نیە، ئەوان ئەوەندی لە خەمی بەهێزكرنی پێگە خۆیانن ئاگایان لە كەس و كاری ئەنفال نییە، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی هۆكارێكی ترە كە حكومەتی هەرێم نەی توانیوە ئەو برینە گەورەیە سارێژ بكات.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تاكو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان نەیان توانیوە بەڵگەنامە پێویستیەكان بە دیكۆمێنت بكەن لەكاتێكدا كەدەبو ئێستە چەندین لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرایەو وەزارەتی ڕۆشنبیری چەندین فیلمی دۆكیۆمێنتاری بەرهەم بهێنایە چەندین دیبەیت و كۆڕو سیمینار سازبكرایە بەداخەوە ئەو دوو مۆنۆمێنتەش كە لە گەرمیان و چەمچەماڵ دروستكراوە زۆر بێنازن.
هەڵەدنی ئاماژەی بەئەوەشكرد: ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتی عێراقیشەوە هەیە نەك هەر هەنگاوی جدی بۆ نەنراوە بەڵكو ئەبوو داوای لێبوردنی لەگەلی كورد بكردایەو قەرەبوی كەسوكاری ئەنفالكراوەكانی بكردایەتەوەو ناوچە وێراكراوەكانی ئاوەدان بكردایەتەوە.

 

ئـ . كـ