داعش وێرانكارییەكی تر دەنێتەوە

13/04/2016 - 09:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

 

گروپە چەكدارەكانی داعش لەشاری موسڵ دەستیان كردووە بەوێران كردنی دیواری كۆنی شارەكە كە یەكێكە لەسیما كۆنە شوێنەوارییەكانی عێراق.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی (لاستامبا) ی ئیتاڵی، گروپە چەكدارەكانی داعش لەشاری موسڵ وێرانكارییەكی تریان ناوەتەوەو دەستیان داوەتە وێران كردنی دیواری كۆنی شوێنەواری شاری موسڵ.
دیواری كۆنی موسڵ، یەكێكە لەشوێنەوارە كۆنەكانی عێراق و مێژووەكەی بۆ (704) ساڵ پێشی میلاد دەگەڕێتەوەو لەسەردەمی پاشا (سەنحاریب) بەناوبانگترین پاشای ئاشوورییەكانی موسڵ دروستكراوە.
هەروەها سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەداوە، داعش دەرگایەكی لەو دیوارە بەناوی دیواری (ماشكی) وێران كردووەو ئێستاش سەرقاڵی وێران كردنی دەرگایەكی ترە بەناوی دەرگای (سەقایە) كە شوێنی ئاوپێدانی ئاژەڵە ماڵییەكانە.
لەلایەن خۆشیەوە (پاولۆ برۆساسكۆ) شوێنەوارناسی بەناوبانگی ئیتاڵی و شارەزا لەشوێنەوارەكانی شاری موسڵ و مامۆستا لەزانكۆی پۆڵۆنیا رایگەیاندووە، ئەو دیوارە دێرینە شوێنەوارییە لەهەندێك شوێن درێژییەكەی دەگاتە (45) كیلۆمەترو بەدرێژایی مێژوو ئەو دیوارە ماوەتەوە، بەڵام ئێستا لەسەر دەستی داعش وێران دەكرێت.

 

ئـ . كـ