قەیرانی حكومەتی تەكنۆكرات عێراق ئیفلیج دەكات

13/04/2016 - 09:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

 

بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەنگدان بۆ كابینە بەناو تەكنۆكراتەكەی عەبادی خرایە سبەینێ‌ پێنج شەممەوە.
كورد رازی نییە دەستكاری ژمارەو وەزیرەكانی بكرێت، رەوتی سەدریش بەهۆی نیگەرانی لایەنە سیاسییەكان رازی نییە وەزارەتی لایەنەكانی تر وەربگرێت و هەریەكە لە كوتلەی نیشتمانی عێراقییەش رەتی دەكاتەوە بەشداری ئەو كابینەیەی حكومەت بكات و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیش بەهەمان شێوەی لایەنەكانی تر نیگەرانە، ئەوەش بووە مایەی ئەوەی دەنگدان لەسەر ئەو حكومەتە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران دوابخرێت.
لەنێو پێكهاتەی حكومەتە نوێكەی عەبادیدا سێ‌ وەزیر بۆ رەوتی سەدر داندراون كە پێكهاتوون لەوەزیرەكانی دارایی و نەوت و وەزارەتێكی تر، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنەكانی تر رازی نین، وەزیرەكانی رەوتی سەدریش جارێ‌ ئەم وەزارەتانە وەرناگرن.
لەلایەن خۆیەوە كورد رایگەیاندووە، ئەوان رازی نابن نەژمارەی وەزارەتەكانیان نە وەزیرەكانیشیان لەنێو ئەو كابینەیەی حكومەت بگۆڕدرێت.
بەپێی رای چاودێرانی سیاسیش ئەگەر بەم شێوەیە بێت، ئەوا زەحمەتە سبەینێ‌ پێنج شەممەش دەنگ بۆ كابینەی نوێی حكومەتە بەناو تەكنۆكراتەكەی عەبادی بدرێت.

 

ئـ . كـ