قوربانیانی دەستی جەنگ بەم شێوەیە ژیان بەڕێدەكەن

17/04/2016 - 08:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

ئەو ژن و پیاوانەی لە جەنگی ناوخۆی سووریادا بەهۆی پێكدادانەكان و هێرشە ئاسمانییەكانەوە هاوسەرەكانیان لەدەستداوە، بەمەبەستی درووستكردنی ژیانێكی نوێ لە توركیا پەنایان بۆ ئەو وڵاتە بردووە، رۆڵی دایك و هاوكات رۆڵی باوكیش بۆ منداڵەكانیان دەبینن.

ژمارەیەك لە ''بێوەژنانی جەنگ'' كە لە شارۆچكەی رەیهانڵی سەربە پاریزگای هاتای گیرساونەتەوە و لەپێناو منداڵە بێكەس و هەتیوەكانیاندا هەوڵی مانەوە لە ژیاندا دەدەن، گوزەرانیان لە رێگەی ئەنجامدانی كاری رۆژانەوە دابین دەكەن.

یەكێك لەو ژنانە ناوی ئایشێ جاسمە و تەمەنی ٣٩ ساڵە، ئەو لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی بەرمیلی لە سووریا، هاوسەرەكەی لەدەستداوە، لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە كرد كە لەدوای لەدەستدانی هاوسەرەكەیەوە، خوشكەكەشی لەدەستداوە و چوار ساڵ و نیو بەر لەئێستا پەنایان هێناوەتە بەر توركیا و لە شارۆچكەی رەیهانڵی گیرساونەتەوە.

ئایشێ وتی: ''هاوسەرەكەم لەسەرەتای شەڕی ناوخۆدا لەدەستدا. ژمارەیەكی زۆری دیكە لە كەسوكارمان لە رووداوە هاوشێوەكاندا گیانیان سپارد. ئێستا منداڵەكەی خۆم و ئەوەی خوشكەكەشم بەخێو دەكەم''.

هاوكات موهەنەد ئەحمەدی تەمەن ٣٥ ساڵ كە یەكێكە لەو كەسانەی هاوسەرەكەی چوار ساڵ لەمەوبەر لە رووداوێكی هاوشێوەی ئەوەی هاوسەرەكەی ئایشێدا گیانی لەدەستداوە، ئاماژەی بەوە كرد كە هێشتا بە دۆخەكە رانەهاتووە.

موهەنەد باسی لەوە كرد كە پێنج منداڵی هەیە و لەدوای مردنی دایكییانەوە بووەتە دایك و باوكیش بۆیان و گوتی: ''لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریادا بووینە ئامانجی بۆمبەكانی بەرمیلی، من و منداڵەكانم رزگارمان بوو، بەڵام هاوسەرەكەم بە سەختی بریندار بوو. لەبەر ئەوەی كە چارەسەری پێویستی پزیشكیی بۆ نەكرا، گیانی لەدەستدا''.