به‌ڵگه‌... سه‌باره‌ت به‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ كۆبونه‌وه‌ ده‌كرێت

10/02/2019 - 14:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان
وا بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنك كۆببێته‌وه‌، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش كارنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاشكراده‌كات، كه‌ گرنگترین خاڵیان پێشنیازێكه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌دیاریكردنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
هۆشیار ئیسماعیل ئه‌نجامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند: كارنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ (حسێن مه‌حمود ئیبراهیك) كه‌ به‌وه‌كاله‌ت قائیمقامی ڕانیه‌یه‌، ده‌نگی‌ له‌سه‌ر ده‌درێت و ده‌كرێته‌ هه‌میشه‌یی، هه‌روه‌ها به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ش ده‌نگدانه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی‌ ئه‌نجومه‌ن.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، یه‌كێكی دیكه‌ له‌كارنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێَشنیازده‌كرێت بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی، بۆ دیاریكردنی بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران پاشه‌كه‌وتكراوه‌، هاوكات ده‌مانه‌وێت پاشه‌كه‌وت هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، چونكه‌ نایاساییه‌.
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ی له‌موچه‌ كراوه‌، ده‌مانه‌وێت دڵنایی له‌حكومه‌ت وه‌ربگرین كه‌ نافه‌وتێت و له‌گه‌ڵ باشبونی دۆخی داراییدا بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران.
هۆشیار ئیسماعیل ئه‌وه‌شی بۆتۆری هه‌واڵی سلێمانی ئاشكرا كردوه‌، كۆتا خاڵی كارنامه‌كه‌ گفتوگۆكردنه‌ له‌سه‌ر پێشنیازه‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هاوڵاتیان سه‌باره‌ت به‌قه‌رزی سندوقی نیشته‌جێكردن.
 
ن.ش