ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ڕەخنەی توند لە نێچیرڤان بارزانی دەگرێت

21/04/2016 - 09:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان


دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمی پلانی ستراتیژیی پەرەپێدانی هەولێر بۆ سێ ساڵی داهاتوو بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی  ڕەخنە لە سەرۆكی حكومەت دەگرێت ڕایدەگەیەنێت دەبوو پلانە ستراتجیەكە بۆ شاری سلێمانی بوایە چونكە سلێمانی مەغدورە و دەبێت تۆش بەرامبەر بەم شارە خۆت بە پەرپرسیار بزانیت و دەشلێت ئێمەی پارتیەكانی سلێمانی كۆیلە نین.


ئاری هەرسین لە میانەی نوسینێكی لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیس بوك دەڵێت"  هەمیشە دژی ناوچەگەری و تایەفەگەری بوم. چونكە بست بە بستی سەرزەمینی كوردستان و سەرجەم تایەفە نیشتیمان پەروەرەكانیم وەك یەك خۆش ئەوێت. بەڵام پێم وایە دەبو نمایشكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیجیەی ئەمڕۆ لە هەولێر ئەنجام درا، لە سلێمانی بوایە. چونكە كلیلی یەكڕیزیەكەمان لەوێیە. خەڵكی هەولێر نیشتیمانپەروەر و، میوان دۆست و زۆر بەڕێز و متەوازیعن. وابزانم لە هەرێمێ كوردستاندا هەولێر بەهێزترین فاكتەری پێكەوەژیانە. بەڵام سلێمانی مەغدورە و، جەنابیشت دەبێت بەرامبەر خەڵكی سلێمانی خۆت بە بەرپرسیار بزانیت. ئە گین سەرۆك وەزیرانی كوێیت؟... تەنیا هەولێر و دهۆك؟!!! ".


ئاری هەسین ئاشكراشی دەكات دوای هەولێر دیسان سەرەی سلێمانیش نایەت و پلانی ستراتیجی دووەم بۆ دهۆك دەبێت و دەڵێت" هەواڵەكان هەنگاوی داهاتوو پارێزگای دهۆكە. دهۆك دەلالە و بەڕێزو خۆشەویستە، بەڵام دڵنیام دهۆكیش ڕازیە سەرەی خۆی بداتە سلێمانی. با هەنگاوی داهاتوی كوردایەتی و دەوڵەتمەداریت سلێمانی بێت".

هەروەك دەنوسێت" ئێمەی پارتیەكانی سلێمانی نە قوربانین و نە گوناحین و نە خۆشمان بە كۆیلە دەزانین. ئێمە بە شانازیەوە پارتین، بەڵام گەر بەڕێزیشت خەمسارد بیت بەرامبەر شارەكەمان، ئەوا بێ ئەندازە نیگەرانمان دەكەیت".


دوێنێ چوار شەممە بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت، لەژێر ناوی هەولێر پایتەختی لێبوردەیی و پێكەوەژیانە، پارێزگای هەولێر پلانی پەرەپێدانی ستراتیژیی هەولێر بۆ سێ ساڵی داهاتوو 2016 تا 2020 راگەیاند.

 

 

a,m