چەند ڕێنمایی و ئامۆژگارییەك ئاڕاستەی دایكانی شیردەر دەكرێت

21/04/2016 - 10:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

    بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی چەند ڕێنمایی و ئامۆژگارییەك ئاڕاستەی   دایكانی شیردەر دەكات و ڕایدەگەیەنێت: هەمیشە گریانی مناڵ نیشانەی برسێتی ئەو نیە، زۆرجار ڕەنگە ئازاری ناوسكی وابكات ئەو مناڵە بگری.


بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی  لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە ئاگاداری نامەیەكیدا بۆ دایكانی شیردەر نوسیویەتی:" لەمانگەكانی سەرەتای شیرپێداندا مناڵی تازە لەدایكبوو هەر 45 بو 60 خولەكێك یەك جار شیر دەخوات، كەواتە ئەوە سروشتییە دایكان لەوكاتەنەدا پێویستی بە ووزە و ڤیتامین هەبێت و  هەمیشە گریانی مناڵ نیشانەی برسێتی ئەو نیە، زۆرجار ڕەنگە ئازاری ناوسكی وابكات ئەو مناڵە بگری و بەگشتی لە كۆتایی ڕۆژدا ڕێژەی شیرەكە كەم دەكات بە تایبەت لەو كاتانەی كە هیلاكیت، هەوڵبدە كە مناڵەكەت نوست خۆشت پشوو بدەیت".


هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە:"  بوونی خواردن لە تەنیشتەوە پێوستە ئەویش پێك هاتبێت لە میوە و سەوزە تاوەكو وەك یارمەتی دەرێك بێت و ئەو ڕۆژانەی ڕێژەی شیرەكەت زۆرترە هەوڵبدە دایبدۆشیتە ناو شوشەیەك و لە بەفرگردا تا 2 ڕۆژ هەڵی بگرە و لەو كاتانەی شیرت كەمە بەكاری بهینە بۆ مناڵەكەت".


بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆتای ئاگاداری نامەكەیدا نوسیەتی:"  دەبێت لە ڕۆژێكدا ( 6 تا 7 ) بەرداخ ئاو و ( 2 تا 3 ) پەرداخ شیر بخۆیتەوە و  كەمكردنەوەی خواردنەوەی قاوە و چای زۆر ڕەش تا نزیكەی سێ مانگی یەكەم پێویستە و  هەوڵبدە دووربین لە پێدانی شیری ووشك و ئاو، تا نزیكەی 4 مانگی تەمەنی مناڵەكەت تەنها شیری خۆت پێویستیەكانی پڕ دەكاتەوە و خواردنی شووتی،كاڵەك، ترێ، هەنجیر، لیمۆ، پرتەقاڵ، گێزەر، پەتاتە و نیسك یارمەتیدەرە بۆ زیاد بوونی شیری دایك".


سەلام بێستانسوری