چەند مووشەکێک بە گازی کیمیایی ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا

22/04/2016 - 09:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

ماوەیەكە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە رێگای مووشەكەوە ماددەی كیمیایی بەكاردەهێنن و بەڕێوەبەری گشتی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا جەیمس كلاپەر لە سەرەتای مانگی 2 بە كۆنگرێسی ڕاگەیاندبوو كە ئەو گرووپە توندڕەوە چەكی كیمیاییان لە عێراق و سووریاش بەكارھێناوە.

بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێر سیروان بارزانی ئاماژە بەوە دەكات كە لە میحوەرەكەی ئەوان، چەكدارانی داعش لە رێگای مووشەكەوە گازی كیمیاییان بەكارهێناوە و بەم هۆیەوەش چەند پێشمەرگەیەك بریندار بوون.

سیروان بارزانی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەكدارانی داعش هەفتەی رابردوو دووجار چەكی كیمیاییان بەكارهێنا دژی پێشمەرگە و ئێوارێ دوێنێش 12 مووشەكیان ئاراستەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و 6 پێشمەرگەمان بریندار بوون كە تەندروستی 5 پێشمەرگەیان باشە".

لەبارەی پێداویستییەكانی سەلامەتی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ خۆپاراستن لە هەر مادەیەكی هاوشێوە، بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێڕ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان پێداویستییەكانیان زۆر كەمە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێداوستییەكانی سەلامەتیمان زۆر كەمە بەڵام گازەكەش بەو شێوەیە نییە كە بڵێن زۆر مەترسیدارە".

سەبارەت بە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێر ئاماژە بە ژمارەی لیوایەكان دەكات و ئاشكرای دەكات كە هێشتا هاوكارییەكان نەگەیشتوون و لەمبارەیەوە سیروان بارزانی گوتی: "هاوكارییەكانی ئەمریكا هێشتا نەگەیشتووە و بڕیارە ئەو دوو لیوایەی پێشمەرگە پڕ چەك بكرێت بە چەكی نوێ و جگە لەوەش لە رووی دابینكردنی ئازووقەش هاوكاری پێشمەرگە دەكرێت".

لەبارەی بەشداریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، سیروان بارزانی رایدەگەیەنیت كە هێزەكانیان بڕیاری بەشداریكردنی كۆنترۆڵكردنەوە مووسڵیان داوە بەڵام ئاماژەی بە چۆنییەتی بەشداریكردنەكە كرد و گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە بڕیاری بەشداریكردنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵیان داوە بەڵام مەرج و پلانەكان دیارنییە كە لە كام میحوەر و چۆن بەشداردەبین".

سەبارەت بە هێز و توانای داعش لە ئێستاشدا، سیروان بارزانی پێی وایە كە داعش توانای كەم بووتەوە و بە بەراورد لەگەڵ پێشووتردا و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێمە دەیبینین توانای گرووپە تیرۆریستییەكانی داعش لاوازە و هێرشی گەورە ئەنجام نادەن بەڵام هەندێك جار لە رێگای مووشەكەوە بۆردومان دەكەن".

لەبارەی راوەستانی شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و تیرۆریستییەكانیش، بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێڕ پێی وایە هێزەكانی سوپای عێراق هەنووكە خەریكی گۆڕینی پلانی شەڕكردنن و ئاماژەی بەوەش كرد كە پێدەچیت كەشوهەوا لەبار نەبووبیت بۆ شەڕكردن و لەمبارەیەوە گوتی: "هێزەكانی سوپای عێراق لە ئێستادا بۆ شەڕكردن پلانەكەیان گۆڕیوە و دیارە پلانی یەكەمجاریان سەركەوتوو نەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا كەشوهەواش لەبار نەبووە بۆ چۆنیەتی شەڕكردنییان لەگەڵ تیرۆریستییەكانی داعش".

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، فیرقەی 15ـی سوپای عێراق ماوەی زیاتر لە 3 مانگە لە مەخموور جێگیركراون و لە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-3-2016 یەكەم هێرشی بەرفراوانیان لە باشووری رۆژئاوای مەخموور و بەرزاییەكانی سوڵتان عەبدوڵڵا دەستپێكرد و هەمان رۆژ گوندەكانی كەرمردی و كودیلەیان بەبێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەكی داعش كۆنترۆڵكردەوە و دوای سێ هەفتەش بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك توانییان بچنە ناو گوندی نەسڕ و دواتر لە ئەنجامی هێرشێكی داعش بۆ ئەو گوندە، لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراق ئەو گوندە چۆڵكرا و لە ئێستاشدا ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنترۆلكردنەوەی شاری مووسڵ راوەستاوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە رۆژی ١٢-٨-٢٠١٥ بۆ یەكەمجار چەكدارانی داعش نزیكەی ٤٥ گولـلەھاوەنی جیاوازیان ئاراستەی پێشمەرگە كرد و لەو ھێرشەی داعشدا كە تەنیا لەڕێگەی ھاوەنەوە بوو، چەند پێشمەرگەیەك بەھۆی ماددە كیمیاوییەوە جەستەیان سووتا، دەستبەجێش تیمێكی سەربازیی ئەمریكی و فەڕەنسی گەیشتنە میحوەرەكە و لێكۆڵینەوەیان لە ماددەكە دەستپێكرد و دواتر وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ھەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند كە پێشمەرگە بە چەكی كیمیایی ماددەی كلۆرین لەلایەن داعشەوە ھێرشی كراوەتەسەر.