كوردیو راپرسیەكی نێو زیندانیانی پۆلیس و ئاسایشی هەڵەبجە بڵاودەكاتەوە

22/04/2016 - 16:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمەصاڵح

پێنجەمین پرۆژەی چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە ئەنجامەكەی راگەیەندرا كە لە گرتوخانەكانی هەڵەبجەدا ئەنجام درابوو ئەگەرچی ئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەبووە مۆڵەتی پێ نەدراوە بەڵام بەپێی ئەنجامەكان: لە %76 زیندانیەكان ڕازین بە شوێنی دەستبەسەر كردنیان ,وە لە%52 زیندانیانیش دەڵێن لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ڕوبەڕووی ئەشكەنجەو ئازار نەبوینەتەوە  .

رۆژی پێنج شەممە 2016/4/21 بەئامادەبونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی فەرمانگە حكومیەكان و چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان ئۆفیسی هەڵەبجە بەهاوكاری ڕێكخراوی (  NED  ) گفتووگۆیەكی تایبەت بە (ڕەوشی مافی مرۆڤ و گیرو گرفتەكانی خەڵكی شار پاشان نمایشكردنی بەرەنجامی ڕاپرسیەكی تایبەتی بەڕەوشی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەكانی هەڵەبجەدا لە چوار چێوەی پرۆژەی ڕەوشی مافی مرۆڤدا سازكرد.

ئەرسەلان عابید، لێپرسراوی  سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان ئۆفیسی هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند : ئەوەی ئەمرۆ ئەنجام دەدرێت پێنجەمین پرۆژەی چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤە لە هەڵەبجەدا كەبەرەنجامی ڕاپرسیەكی تێدا ڕاگەیەنرا كەلە گرتوخانەكانی هەڵەبجەدا ئەنجام درابوو ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەبوو بەڵام بەداخەوە ئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەبوو مۆڵەت نەدرا سەردانی زیندانیەكانیان بكەین .

ڕاشیگەیاند: ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەبوو ڕاگیراوەكانە و سەردانمان كردوون و فۆرممان بۆ پڕ كردونەتەوە و دەرەنجامەكەشی ئەرێنی بووە بەڵام وەك شوێنی ڕاگرتنەكان و بیناكەیان وەك پێویست نییە پێویستە ئەوە بڵین بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە بە هەموو شێوەیەك هاوكاربوو بۆ سەركەوتنی پرۆژەكەمان بۆیەی زۆر سوپاسیان دەكەین .

لێپرسراوی  سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئێمە دەرەنجامی ڕاپرسیەكە دەنێرینەوە بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە و سلێمانی و هەندێك لە ڕێكخراوە بیانیەكان ،هەندێ لەكارەكان پەیوەندی بە قایمقایەتەوە  هەیە پێویستە ئەو ئەنجامی بدات وێنەیەكی بۆ دەنێرین بەهەمان شێوە وێنەیەك بۆ بەڕێوەبەرایەتی مافی مرۆڤی هەڵەبجە دەنێرین لەبەرئەوەی ئەوانیش لایەنی پەیوەندی دارن بە پرۆژەكە .

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد : لەم پرۆژەدا ڕێكخراوی (NED) كە ڕێكخراوێكی ئەمریكیە سپۆنسەری كارەكەمانە بەشێوەیەكی بەردەوام ،وەك لایەنی حكومیش هەرچەندە ڕێگری كەمە لەبەردەم ئیش و كارەكانماندا بەڵام وەك ئەوەی كە بەشاهیدی هەموولایەك بەردەوام لە خزمەت شارەكەداین بەداخەوە بەبەراورد بەچالاكیەكانمان كارەكانمان نە نرحێنراوە .

لە لایەكی ترەوە هەرچی پەیوەندی بە ئەنجامی ڕاپرسیەكانەوەیە تێیدا هاتووە كە : لە %76 زیندانیەكان ڕازییە بە شوێنی دەستبەسەر كردنیان ,وە لە%52 زیندانیانیش دەڵێن لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ڕوبەڕووی ئەشكەنجەو ئازار نەبوینەتەوە ,

م. كانی