هەڵسوڕاوێکى دەستلەکارکێشاوەى بزوتنەوەى گۆڕان باسی ئه‌م كێشانه‌ ده‌كات

22/04/2016 - 20:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

هەڵسوڕاوێکى دەستلەکارکێشاوەى بزوتنەوەى گۆڕان هێرش دەکاتە سەر بزوتنەوەى گۆڕان و ڕێکخەرى گشتى و ڕایدەگەیەنێت، بزوتنەوەکە حیزبی تاکەکەسیە و ڕێکخەرى گشتى بۆ خۆی دروست کردووە.
محمد حاجى هەڵسوڕاوى دەستلەکارکێشاوەى بزوتنەوەى گۆڕان، لە هەژمارى خۆی لە فەیسبووک، نووسینێکى بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە "لەماوەی شەش ساڵی ڕابردووی تەمەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، هیچ کەسێک لەخوارەوە بۆ سەرەوە جورئەتی ئەوەی نەکردوە بپرسێ، ئایا کاک نەوشێروان بە چ شەرعیەتێک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە؟ لەلایەن کێ و چۆن هەڵبژێرراوە؟ بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە ڕێکخەری گشتی لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەوە هەڵببژێرێت. لەماوەی سێ ساڵ و نیوی تەمەنی جڤاتی نیشتیمانی تەنانەت بەیەک تاکە وشەش باس لە ڕێکخەری گشتی و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی نەکراوە".

حاجى ئاماژەى داوە بەوەى "بەشێک لە برادەرە کۆنەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، بێ هیچ شەرعیەتێک و سیفەتێکی فەرمی بونەتە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و بەشداری کۆبونەوەکانی جڤات دەکەن. تەنانەت هەندێکیان خۆشیان زۆر بە بەرزتر ئەزانن لە جڤاتی نیشتیمانی و ئیعترافیشی پێناکەن".

ناوبراو نووسیوێتى "ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دروستکردنی بڕیار و دەرکردنی بڕیار لای خودی نەوشێروان مستەفایەو دەزگا فەرمیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر بەکەمی ئاگادارن. ئەگەر جارجار باس لە پرسێکیش دەکرێت، ئەوا لە مەجلیسی چا خواردنەوەی بەیانیانەو ئەویش خۆت و بەختی خۆت ئەگەر لەوێبیت. زۆرجار ئەم مەسەلەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و لەگەڵ خودی نەوشێروان مستەفاش باسکراوە، بەڵام ئەو زۆر جار و لە زۆر بۆنەدا وتویەتی ئەوەی ڕازیە ڕازیە، ئەوەی ڕازیش نیە خوا حافیزی بێت".

ئەو ئەندامە دەستلەکارکێشاوەى بزوتنەوەى گۆڕان هەروەها دەڵێت "زۆربەی برادەران لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەی کە نەوشێروان مستەفا گۆڕانی بۆخۆی دروستکردوەو خۆیشی چۆن حەزبکات وادەکات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بزوتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانی سنوری حزبیە تەقلیدیەکانی ناوچەکە تەجاوزبکات و ببێتە حزبێکی دیموکرات بە پێوەرەکانی دیموکراسی، بەڵکو ئەمیش بوبە حزبی تاکەکەس".


ڕێبین عه‌لی