هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌م موچانه‌ دابه‌شده‌كرێن

22/04/2016 - 20:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

بەوتەی سەرچاوەیەك بڕیارە  هەفتەی  داهاتوو، مووچەی مانگی سێی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە دابەشبكرێت كە تائێستا دابەشنەكراون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گەنجینەی هەرێمی كوردستان كە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمە رایگەیاند: لیستی مووچەی زۆربەی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە وردبینی تێدا كراوە كە تائێستا مووچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە، هەفتەی داهاتوو چەكی مووچەكانیان پێ دەدرێت و مووچەكانیان دابەشدەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی باس نیوز راشیگەیاندووە، هەفتەی  داهاتوو وەزارەتی دارایی، بەخشتەیەك دابەشكردنی مووچەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت كە مووچەیان پێ نەدراوە.
هەر لەو بارەوە عوسمان ساڵح بەڕێوەبەری گەنجینەی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لەهەفتەی داهاتوودا بەردەوام دەبن لەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەكەن، بۆ پێدانی چەكی مووچە بە فەرمانگەكان.

تائێستا، هەریەك لە  وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، ئاسایش، پەروەردە، تەندروستی، دارایی و ئابووری، كاروباری شەهیدان‌ و ئەنفالكراوان، سامانە سروشتییەكان و پلاندانان)، لەگەڵ (دەزگای مین، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی ژینگە، دەستەی دەستپاكی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان)، مووچەی  مانگی ئازاریان وەرگرتووە.


ڕێبین عه‌لی