واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی كه‌مئه‌ندامان دیاریكرا

22/04/2016 - 20:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

لەماوەی سێ مانگدا پكشنین بۆ كەمئەندامان دەكرێتەوە وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتیش رایدەگەیەنێت"دوای تەواوبوونی پشكنینیەكە، راستەوخۆ موچەی كەمئەندامان دابەشدەكرێت بەبێ پاشەكەوتكردن".
ئەنجومەنی وەزیران لەڕۆژی ٥ی نیسانی ٢٠١٦دا، فەرمانی دەركردووە لەماوەی سێ مانگدا وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی پكشنین بۆ كەمئەندامان بكاتەوە.

لەو بارەوە محەمەد هاودیانی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم بە سایتی ئێس ئێن ئێنی راگەیاندوە: لەبەر رۆشنایی رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران، سەرلەنوێ پشكنین بۆ كەمئەندامان دەكرێتەوە، ئەوانەی لەپشكنینەكە دەردەچن بەگوێرەی رێنماییەكان، راستەوخۆ لەمانگی كانوونی دووەمی ٢٠١٦ەوە بەبێ پاشەكەوتكردن، موچەكانیان پێدەدرێت.

وتیشی:"دوای چەند ھەنگاوێكی وردبینی بۆ لیستی موچەی خاوەن پێداویستی تایبەت، لەكۆی ١١١ ھەزار كەمئەندام ئێستا نزیكەی ٨٣ ھەزار كەمئەندام ماوەتەوە". ئاماژەی بەوەشكرد،"بەدڵنیاییەوە ئەگەر پشكنین بۆ كەمئەندامان بكرێتەوە، ژمارەكە كەمتر دەبێتەوە، چونكە بەشێكیان كەمئەندام نین و بەكەمئەندام نوسراون".

وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم راشیگەیاند:"بێگومان دەبێت لەو ماوەیەی ئەنجومەنی وەزیران دیاریكردووە، پێداچوونەوەكە بكرێت و دواتر موچەكانیان دابەشدەكرێت".


ڕێبین عه‌لی