دوای داعش كێشە بۆ كورد دروست دەبێت

22/04/2016 - 21:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

 

حەشدی شەعبی بەردەوامە لە ناردنی هێزی زیاتر لەبەغداوە بۆ باشووری كەركوك بەبیانووی هێرشكردنە سەر گوندی بەشیر، لەبەرامبەریشدا فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێت، بەغدا دەیەوێت بەبیانووی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو گوندە كەركوك پڕ لە هێز بكات.
عەقید روكن (تاریق ئەحمەد) جێگری لیوای (9) ی هێزەكانی پێشمەرگە لەباشووری كەركوك رایگەیاند، گوندی بەشیر (40) چەكداری داعشی تێدایە، كەچی نزیكەی (11) هەزار چەكداری حەشد لە ناحیەی تازە كۆكراوەتەوەو تاكودێت هێزی زیاتریش لە بەغداوە رەوانە دەكرێت. فەرماندەكەی پێشمەرگە، كۆنترۆڵ نەكردنەوەی گوندی بەشیر بە سیناریۆ دەزانێت و روونیكردۆتەوە ئەوان بە (200) پێشمەرگەوە توانای كۆنترۆڵكردنەوەی بەشیریان هەیە، وتیشی، ئەو هێزە شیعیە لەداهاتوودا كێشەی گەورە بۆ كورد دروست دەكەن.
لەبەرامبەردا (نەجات حوسێن) فەرماندەی حەشدی شەعبی رەتیكردەوە حكومەتی عێراق مەبەستی هەبێت لەناردنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ كەركوك و رایگەیاند، فیرقەی عەباسی قیتالی بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری كەركوك هاتوونەتە ناحیەی تازە خورماتوو بەمەبەستی جیهاد كردن.
ئەو بۆ دەنگی ئەمریكا وتیشی، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی گوندی بەشیر، هێزەكانی حەشد لە كەركوك نامێننەوەو بەرەو موسڵ دەرۆن.
گوندی بەشیر گەورەترین گوندی پارێزگای كەركوكەو لەزیاتر لە (2) هەزار ماڵی توركمانی شیعە پێكهاتووەو لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدایە.

 

ئـ . كـ