بەم نزیکانە شاندێکی ئەمریکا بۆ پێدانی بوودجە دێنە هەرێم

23/04/2016 - 08:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی سەبارەت بە سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا ئاماژەی بە کۆبوونەوە و دیدارەکان کرد و لە لێدوانێکی بۆ ئانادۆڵو وتی: "ئەوەی ئێمە بەدی دەکەین، سەفەرێکی باش بووە و پێشتریش سەفەری هاوشێوەمان هەبووە بەڵام سەفەری ئەمجارە تایبەت بووە چونکە لە کاتێکدا بووە کە دوو هەفتەی رابردوو عێراق لە بارودۆخێکی خراپدا بووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر سەفەرەکەی حکوومەتی هەرێم هەبووە بۆئەمریکا، لەوێش ئەوەندەی ئاگاداربین ئاستی دیدارەکان باش بووە و پێشوازییەکی باشیان لێکراوە، لە هەموو بوارێکەوە، چ لە بیروبۆچوونەکان، چ لە پێشنیازەکان و ھەندێک بڕیاری باشیش دراوە کە ھەندێکی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە و بەشێکی بڕیارەکەش لە چەند رۆژانی داھاتوو رادەگەیەندرێت".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن لەبارەی ئاشکرا کردنی شێوازی پێدانی ئەو بوودجەیەی کە باسکراوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە سەفین دزەیی گوتی: "بەم نزیکانە شاندێکی ئەمریکا دێنە ھەرێمی کوردستان و شێوازی پێدانی بوودجەکە ئاشکرا دەکەن و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بێگومان ھاوکارییەکی مەزنە و ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە پشتگیری ھێزی پێشمەرگە کە بەردەوام ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان پاڵپشتێکی بەھێزبوون بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش سەرەڕای ئەوەی کەلوپەلی سەربازییان پێشکەش کردووە و مەشق و راھێنانیان بەردەوامە، ئێمە ھەمیشە داوامان کردووە ھاوکارییەکان زیاتر بێت، خۆشبەختانە ئێستا پێدەچێت ئەمریکا بە جددی ھاوکاری پێویست پێشکەش بکات ئێمەش سوپاسیان دەکەین".

سەبارەت بە زانیاری زیاتری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میدیاکاران دانیشتنێک ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی وردەکارییەکان باس بکات".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و کێشەکانی پەرلەمانی عێراقی کرد و گوتی: "هەموو لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستێکی جوامێرانەیان نواند و پێگەی کوردیان لە بەغدا بەهێزکرد و ئێمەش وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێمان خۆش نییە کە ئەم بارودۆخە لە بەغدا دروستبووە چونکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت و پێمان باشە لایەنەکان زوو بگەنە رێککەوتن و حکوومەتێکی نوێ دروست بێت لەسەر بنەمای تەوافق کە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، چونکە عێراق ناتوانێت ئەمڕۆ رووبەڕووی ئەو هەموو قەیرانە بێتەوە کە شەڕی داعش و پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و قەیرانی دارایی و کۆمەڵێک کێشەی دیکە هەیە، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر بارودۆخی عێراق".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی لەبارەی پێنەدانی مووچەی خانەنشیان ئاماژەی بە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەکە کرد و گوتی: "مووچەی خانەنشینان پێداچوونەوە بە هەندێک حاڵەت دەکرێت چونکە لەماوەی رابردوودا نەبوونی داتا وایکردووە کە هەندێک ئاڵۆزی هەبێت لە پێدانی مووچە و ئێستاش وەزارەتی دارایی پێداچوونەوە بۆ لیستی مووچەخۆران دەکات بۆ ئەوەی ئەوانەی مافی وەرگرتنی ئەو مووچەیان هەیە و ئەوانەشی کە مافی وەرنەگرتنی ئەو مووچەیان هەیە، ئەم دوو توێژە لەیەکتر جیابکرێنەوە و پێدانی مووچەش بە شێوەیەکی مانگانە دەبێت".


ڕێبین عەلی