"پێشمەرگە هاوكاری تەواوی رۆژنامەنوسان بوون "

23/04/2016 - 12:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

كوردیو -
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی كردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە شاری كەركوك، راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی رۆژنامەنووسان لە شاری كەركوك بڵاوكردەوە و رێكخەری سەنتەرەكەش دەڵێت پێشمەرگە هاوكاری تەواوی رۆشنامەنوسان بوون .

ئەمڕۆ شەممە 23ی نیسانی 2016، لە شاری كەركوك بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و د. نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك و بەرپرسانی ئەمنی و میدیاكاران، یادی 118 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی كرایەوە.

لە مەراسیمەكەدا رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی كردن لە مافی رۆژنامەنووسان وتاری سەنتەرەكەی لەسەر رەوشی رۆژنامەنووسان لە شاری كەركوك خوێندەوە.

رەحمان غەریب وتی: "سەنتەری‌ میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی‌ رۆژنامەنووسان كە لە پێنج ساڵی‌ رابردودا ئەركی‌ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان و تۆماركردنی‌ رووداو و پێشێلكارییەكانی‌ بەرامبەر میدیاو میدیاكاران‌و دواتریش بڵاوكردنەوەی‌ بەیاننامەو راپۆرتی‌ ساڵانەی‌ لەو چوارچێوەیەدا لە ئەستۆ گرتووە".
ناوبراو وتیشی، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هاوكاری تەواوی رۆژنامەنوسان بوون.
راشیگەیاند، پێویستە سەرجەم كۆسپەكانی بەردەم رۆژنامەنوسان بۆ گەیشتن بەسەرچاوەی وردو راستی زانیارییەكان و پێشێلكارییەكان دژ بە رۆژنامەنوسان بوەستێنرێت.

رێكخەری سەنتەری میترۆش رایگەیاند، داوا دەكەن كەیسەكانی تاوان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان سەرلەنوێ بكرێتەوە و دیاردەی‌ داخستنی‌ نووسینگەی‌ كەناڵ و رۆژنامەكان كۆتایی‌ پێبهێنرێت.

هونەر نامق