عادل موراد باسی مایەپوچی و ئیفلاسبونی سیاسی و ئەخلاقی كەسانێك دەكات

27/04/2016 - 16:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

كوردیو - هەولێر

لەسەر ئەوبابەتەی بڵاوبۆتەوە كە گوایە عادل موراد دەڵێت: هێزە چەكدارەكانی شیعە خۆبەخشن و هیوایەكن بۆ داهاتوو ناوبراو دەڵێت: بەبەرنامە و پیلان كار دەكەن بۆ ناو زڕاندنم، دەشڵێت:  ئەوانەی دەیانەوێت بێ متمانەیی و دڵەراوكێ بخەنە ناو دڵی خەڵكەوە خەیاڵیان خاوە و ئەو كارانە لە مایەپوچی و ئیفلاسبونی سیاسی و ئەخلاقیانە .

عادل موراد، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لە رونكردنەوەیەكیدا دەڵێت: ماوەیەكە چەندین لاپەڕەی ساختە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەناوی منەوە كراونەتەوە بابەتی جۆراو جۆر سەبارەت بە پرسە گرنگەكانی هەرێم و عیراق بڵاو دەكەنەوە هەروەك پێشتریش چەندین جار رونكردنەوەم لەوبارەوە داوە و كە ئەو پەیج و ئەكاونتانە دوور و نزیك هیچ پەوەندییەكی بە منەوە نیە، مەبەستەكەیش زۆر رون و ئاشكرایە و بە بەرنامە وپیلانی داڕێژراو كار دەكەن بۆ ناو زڕاندنم لەرێی منیشەوە بۆ سەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەوبابەتانەی لەچەند روژی رابردو لەفەیسبوكێكی ساختەوە بە هەمان ناوی پەیجە تایبەتەكەمەوە بابەتیان لەسەر بەبارودۆخی شاری دوزخورماتوی خۆڕاگڕ بڵاوكردوەتەوە.

لێرەوە بەگرنگی دەزانم بۆ رای گشتی روون بكەمەوە كە ئەو پەیج و ئەكاونتانە دوور و نزیك هیچ پەیوەندیەكی بەمنەوە نیە و بەوانەش دەڵێم كەدەیانەوێت بێ متمانەیی و دڵەراوكێ بخەنە ناو دڵی خەڵكەوە بەبڵاو كردنی هەواڵی بێ بنەما و چەواشەكار، خەیاڵیان خاوە و ئەو كارانە لە مایەپوچی و ئیفلاسبونی سیاسی و ئەخلاقیانە و دەیانەوێت شكستی خۆیان بەم جۆرە هەواڵە چەواشەكارییانە لەبیری خەڵك بەرنەوە، بەڵام خۆشبەختانە خەڵك وشیارە و هەموو راستیەكان بە چاوی خۆیان بینیوە و دەبینن و وەك پەندە كوردییەكە دەڵێت"بەری خۆر بە بێژنگ ناگرێت"

هەروەها نوسیویەتی: لەكۆتاییدا دووپاتی دەكەمەوە كە هەر لێدوان و بۆچونێكم هەبێت لە لاپەرەی تایبەتی خۆم لە فەیسبووك یان لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی ناوەندی بڵاوی دەكەمەوە، جگە لەوە هەر هەواڵ و لێدوانێك یاخود نوسێنێك پەیوەندی بەمنەوە نیە .

م. كانی

 

 

 

م. كانی