كۆبونەوەی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی بەردەوامەو لەسەر ئەم خاڵە رێكەوتون

27/04/2016 - 17:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

 

كوردیو - هەولێر

لە خورماتوو كۆبوونەوەی سەركردە باڵاكانی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی تا ئێستا بەردەوامەو ئەمەش دووەمین كۆبونەوەی نێونیانە .

لەگەڵ یەكەم رۆژی دەستپێكردنی شەڕی نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە هادی عامری، سەرۆكی هێزی بەدر لەگەڵ نەجمەیدن كەریم پارێزگاری هەولێرو فەرماندە سەربازیەكانی ئەو ناوچەیە كۆبۆوە، بەڵام هەر دوای كۆبونەوەكە شەڕ دەستی پێ كردەوەو چەندین قوربانیتر لەهەردوولا كەوتەوە .

لە ئێستاشدا جارێكیتر كۆبونەوە بەردەوامە بەڵام بەپێی زانیاریەكان تەنها لەسەر یەك خاڵ رێككەوتوون ئەویش بریتیە لەوەی لەنێوان هەردوولا بە بەردەوامی بەرپرسێكی باڵای سەربازی ئامادەبێت و لەناوچەكە بێت .

سەرچاوە عەرەبیەكانیش دەڵێن: حەشدی شەعبی فەرماندەیەكی خۆی بەناوی ئەبو مەهدی موهەندیسی لە خورماتوو دەست نیشانكردووە كە جێگری هادی عامریە .

لەبارەی دیاریكردنی فەرماندەیەكیش بۆ دووزخورماتوو لەلایەن كوردەكانەوە تا ئێستا دیار نیەو روون نەكراوەتەوە كە كێ دادەندرێت .

جێی باسە تا ئێستا كە كاتژمێر دوای 5ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2016/4/27 ە كۆبونەوەكە بەردەوامە .

م. كانی