بۆچی حەماوەی ئۆتۆمبیل بەرزدەبێتەوە؟

28/08/2017 - 17:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

زۆربەمان كە حەماوە یان پلەی گەرمی ئۆتۆمبیلەكەمان بەرز دەبێتەوە سەرمان لێدەشێوێ و نیگەران دەبین، ئەم راپۆرتە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و حەماوە روون دەكاتەوە.

ئەگەر هەستت كرد ئۆتۆمبیلەكان وەك جاران نییە و جار بەجار حەماوەی بەرز دەبێتەوە ئەوا بەهۆی یەكێك لەم هۆكارانەوەیە:

1- رەنگە سیستمی هاتن‌وچوونی ئاوی ئۆتۆمبیلەكەت خراپ بوو بێ، یان كون بووبێ، یان رادیتەرەكە سەرەكەی قەپات نەكرابێ یان رادیتەرەكە كون بووبێ یان بەكەڵك نەمابێ، یان سیستمی سارد كەرەوەی ئۆتۆمبیل خەلەلی تێكەوتبێ.

2- رەنگە سۆندەو جاینی سیستمی ساردكەرەوە و مەكینەكە بەشێوەیەكی گشتی كون بووبێ یان گیرابێ، هۆكاری سەرەكی ئەوەش بەكارهێنانی ئاوی ئاسایی یان ئاوی بەلوعەیە كە هەندێ مادەی تێدایە بۆ ماوەی دوور زیان لە سۆندەو جاینەكان دەدات.

3- لە كاركەوتن یان لاوازبوونی پانكەكان، پانكەی ئاسایی یان پانكەی تایبەتی تەبرید لە هەندێ ئۆتۆمبیلدا.

4- لاوازبوونی واتەر پەمپ (پەمپی ئاو) یان دزەكردنی ئاو چونكە واتەر پەمپ تەمەنی هەیەو تا هەتاهەتایە ناتوانێ لەكار كردن بەردەوام بێ. رەنگە ئاویش زەرەری لێدابێ و كلسی كردبێ.

5- زوو زوو چێكی قایشی تەبریدەكەت بكە، رەنگە قایشەكە لاواز بووبێ یان بەكەڵك نەمابێ.

زۆربەی شارەزایان پێیان وایە باشترە ئاوی دڵۆپێنراو بۆ ئۆتۆمبیل بەكاربێ چونكە دژی كردەی ئۆكسان و داخوران و كلس كردنەوە، بۆ ئەوەش ئێستا لەبازاڕەكانی كوردستان ئاوی تایبەت بە مەكینەی ئۆتۆمبیل هەیە.

ئەگەر ئەوەشت دەست نەكەوت، دەتوانی ئەو ئاوەی لە سپلیتەوە دێتە دەرێ بۆ ناو ئۆتۆمبیل بەكاری بهێنێ، بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانێ دەبەیەك یان سەتڵێكی پاك لەبەردەم سۆندەی سلپیتەكاندا دابنێی و ئاوێكی زۆری تێدا كۆبكەیتەوە و بیكەیتە ناو دەبەی ئاو یان رادێتەرەكەوە.

 

م-ع -كانی

س: كوردئۆتۆ