هه‌شت ڕێگا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رفكردنی به‌نزین

15/09/2017 - 08:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

زۆركات شۆفێران په‌نا ده‌به‌ن بۆ كڕینی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی به‌نزینێكی كه‌م سه‌رف ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌چینی خه‌ڵكانی هه‌ژارو فه‌رمانبه‌ران‌و ئه‌وانه‌ی داهاتیان سنورداره‌، به‌ڵام زۆرجار سه‌ره‌ڕای مواسه‌فاتی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ له‌كه‌م سه‌رفكردنی به‌نزین‌و بونی سیستمی (eco) بۆ به‌كارهێنانی به‌نزینی كه‌م، به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌نزینێكی زۆر سه‌رف ده‌كات.

 

دانا كه‌ریم، مامۆستا له‌په‌یمانگای ته‌كنیكی ده‌ربه‌ندیخان هه‌شت ڕێگا ئاشكراده‌كات، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل به‌نزینی كه‌م سه‌رف بكات.


یه‌كه‌م: شتی زیاده‌ی ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌ت لاببه‌، چونكه‌ دانانی هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی زیاد له‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ به‌نزینێكی زیاتر سه‌رف ده‌كات.


دووه‌م: په‌ستانی تایه‌كانت با ته‌واو بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمپانیا دایناوه‌، چونكه‌ كه‌میی‌و زۆری هه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هێزی لێخشانی تایه‌كه‌و شه‌قام هه‌یه‌.


سێیه‌م: شێوازی لێخوڕینت با ئاسایی بێت، زیادكردنی خێرایی له‌ناكاو (ئۆڤه‌ركردن) به‌نزینی زیاتر سه‌رف ده‌كات.


چواره‌م: ته‌برید به‌پێی پێویست دابگیرسێنه‌، چونكه‌ ڕێژه‌ی به‌نزین سه‌رفكردن بۆ نزیكی (20%) زیاد ده‌كات.


پێنجه‌م: به‌خێرایی به‌رز لێمه‌خوڕه‌، چونكه‌ به‌خێرای (90)كم/كاتژمێر نزیكی له‌ (20%)ی به‌نزینت بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ (110)كم/كاتژمێر لێ بخوڕیت‌و سه‌لامه‌تتریشه‌.


شه‌شه‌م: چاكسازی ئۆتۆمبێل له‌كاتی خۆیدا بكه‌و ڕۆن‌و فلته‌ری گونجاو هه‌ڵبژێره‌.


حه‌وته‌م: ده‌چیت بۆ شوێنێك كورتترین ڕێگه‌ هه‌ڵبژێره‌.


هه‌شته‌م: له‌ڕۆژی سارددا با مه‌كینه‌كه‌ت گه‌رم بێت، چونكه‌ مه‌كینه‌ به‌ساردی به‌نزینی زیاتر ڕاده‌كێشێت به‌تایبه‌ت تا پێنج كیلۆمه‌تر ڕۆیشتن.