كۆریای باشور بەهۆی سێ هۆكارەوە ڕوداوەكانی هاتوچۆی بەڕێژەی لە60% كەمكردوەتەوە

22/10/2017 - 09:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/ئۆتۆمبێل

 

بانكی نێودەوڵەتی لەڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەسێ‌ خاڵی گرنگ‌ و سەرەكی دەكات بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لەهەر وڵاتێكی جیهاندو هەر وڵاتێكیش بەجێبەجێكردنی ئەو سێ‌ خاڵە كەبریتین "جێبەجێكردنی ڕێنمایی‌و یاساكانی هاتوچۆ، ئەندازیاریی هاتوچۆ‌و هۆشیاركردنەوە" لەماوەی 22 ساڵدا سەركەوتووبووە لەكەمكردنەوەی ڕوداوەكانی هاتوچۆ بەڕێژەی لە 60%.

 

كۆریای باشور دوای پلاندان‌و جێبەجێكردن سەركەوتوو بووە، لەكەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لەماوەی 22 ساڵی ڕابروودا لەسەر ڕێگەوبانەكان بەڕێژەی لە 60% ئەو سەركەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێنمایی‌و یاساكانی هاتوچۆ، باشكردنی ڕێگەوبان‌و شەقامەكان‌و گرنگیدان بەسەلامەتی لەنوێكردنەوە ڕێگەوبان‌و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان بەتایبەتی شۆفێران.


بانكی نێودەوڵەتی هۆكارەكانی كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ بۆ سێ‌ خاڵی سەرەكی دەگێڕێتەوە كە بریتین لە:
یەكەم/ جێبەجێكردن، ئەوەیش بەپێداچوونەوەیەكی گشتیگرانە‌و تەواوكردنی كارەكان‌و یاساكانی سەلامەتی ڕێگەوبان‌و جێبەجێكردنی یاسا‌و ڕێنمایەكان، هاوكات دانانی كامێرایی چاودێریی خێرایی‌و هێمای هاتوچۆ‌و ترافیك لایت.


دووەم/ ئەندازیاریی هاتوچۆ، ئەویش لەڕێگەی نوێكردنەوەی هۆكارەكانی گواستنەوە، باشكردنی ژێرخان‌و بنەماكانی سەلامەتی هاتوچۆ لەوانە: دانانی هابل لەكەنار ڕێگەوبانەكان‌و نوێكردن‌و نۆژنەكردنەوەی ڕێگەوبانەكان بەگوێرەی ستانداری سەلامەتی هاتوچۆی نێودەوڵەتی.


سێیەم/ فێركردن‌و هۆشیاركردنەوە، لەڕێگەی پێداچوونەوە بەپرۆگرامەكانی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریی، دانانی پلانێكی گشتیگر لەپێتناو ڕێگریكردن لەشۆفێریكردن بەشێوەیەكی مەترسیدار لەوانە، ڕێگریكردن لەشۆفێریكردن لەژێر كاریگەریی مەی‌و خێرایی لێخوڕین‌و ڕێگریكردن لەپێشێلكاریەكانی دیكە.


بانكی نێودەوڵەتی لەڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە: پێویستە ناوچەی قوتابخانە‌و خوێندنگەكان لەڕووبەری 300 مەتر لەدەرگای سەرەكی قوتابخانە‌و خوێندنەگەكان كارابكرێت‌و بەشێوەیەكی توند ڕێنمایی‌و یاساكانی هاتوچۆ لەو زوونەدا بەسەر شۆفێراندا پەیڕەوبكرێت.


لەهەرێمی كوردستانیش ئێمە ڕێنمایی‌و یاساكانی هاتوچۆی باش داڕێژراوە‌و پەیڕەو دەكرێت، تەنها ئەوە ماوە ئیرادەیەكی جدیتر هەبێت بۆ پەیڕەوكردنی یاسا‌و ڕێنمایەكان‌و نوێكردنەوەی هۆكارەكانی گواستنەوە‌و ڕێگەوبانەكان‌و گرنگیدانی زیاتر بەفێركردن‌و هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە، لەپێناو كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ‌و قوربانیانی كارەساتە دڵتەزینەكانی ڕێگەوبان.

 

 


ئامادەكردنی: فوئاد جەلال

س ب