مامەڵەی دروستی شۆفێر لەكاتی لەكاركەوتنی بزوێنەردا

شەممە, 11 تشرینی دووەم 2017 09:39

 

هەموو یەكێك لەئێمەی شۆفێر لەگەڵ ساردبونی كەشوهەواو بارینی باراندا ڕوبەڕوی ئەگەری لەكاركەوتنی لەناكاوی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكانمان دەبینەوە، بەتایبەتیش ئەگەر ئۆتۆمبێلەكانمان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك كار پێنەكرد.

 

پرسیارەكە لەوەدایە، ئەی ئەگەر هاتوو تۆی شۆفێر پێویستت بەدەركردنی ئۆتۆمبێلەكەت بوو، بەڵام كەشوهەوای سارد كاریگەری كردبوە سەر بزوێنەركەی‌و ئۆتۆمبێلەكەت كارنەكات چی بكەیت باشە؟


لەم حاڵەتەدا ڕێگەیەكی ئاسان‌و پراكتیك هەیە، كە بتوانین كار بەئۆتۆمبێلەكەت بكەیت.
كاتێك تۆی شۆفێر گومانتكرد پاتری ئۆتۆمبێلەكەت متبوە یاخود وزەكەی لەئەنجامی كارپێنەكردنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك دابەزیوە‌و ترسی ئەوەت هەیە بزوێنەرەكە هەڵنەبێت، پێویستە تەواوی دەرگاكان دابخەیت‌و هەرچی كەرەستەی ئەلكترۆنی هەیە كە وزە سەرف دەكات وەك تەسجیل‌و ڕوناكی ناوەوەو دەرەوە بكوژێندرێتەوە، ئەمەش وادەكات گوڕو تینێك بداتەوە بەپاتری تا بەیەكەم سلف بزوێنەر كارپێبكات.


بەشێوەیەكی زانستیش دوای ئەوكارە، پێویستە شۆفێر لەو كەشە ساردەدا كە ئۆتۆمبێلەكەی بەهۆیەوە پەكی كەوتوە، ڕۆژانە بۆ ماوەی (20) خولەك كار بەئۆتۆمبێلەكەیان بكەن، تاوەكو لە لەناوچوونی پاتری‌و مەترسیەكانی (مردن)ی پاتری ڕزگاریان ببێت.


دوا هەنگاویش كە پێویستە شۆفێر ئەنجامی بدات ئەوەیە، لەكاتی كردنەوەی سویچدا بۆ وەگەرخستنی بزوێنەر، 10 چركە زیاتر فشار نەخایەنێت، چونكە لەوە زیاتر بخایەنێت كاریگەری نەرێنی لەسەر پاترییەكە دەبێت.


هەموو ئەم هەنگاوانە بوار بەچالاكبونەوەی پاتری دەدات، ئەگەریش لەیەكەم هەوڵدا كارەكەت شكستی هێناو ئۆتۆمبێلەكەت هەڵنەبوو، ئەوا دوبارە هەوڵبدەوە، بەڵام پێویستە ماوەی دوو خولەك بەینی هەبێت، تاوەكو بوار بەپاتری بدرێت‌و بزوێنەر بەبێ‌ گرفت بخاتەوەكار، چونكە هەموو كردنەوەی سلفێك وزەی گەرمی دەدات بەتێزابی پاتری.

 

 

سەرچاوە/ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی

س ب