"به‌م نیشانانه‌ ده‌زانیت كاتی گۆڕینی پلاكه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ته‌"

دوو شەممە, 19 شوبات 2018 13:12

 

پلاك یه‌كێكه‌ له‌گرنگترینی ئه‌و پارچانه‌ی ناو بزوێنه‌ر، كه‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر كار و توانای بزوێنه‌ر هه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیش كار له‌سه‌ر چه‌ندێتی سه‌رفكردنی سوته‌مه‌نیش ده‌كات.

ئه‌ركی سه‌ره‌كی پلاك بریتییه‌ له‌بڵاچه‌ و ئاگر خستنه‌ ناو بستۆنه‌كان تا ئه‌و تێكه‌ڵه‌ هه‌وا و به‌نزینه‌ی هاتۆته‌ ناوه‌وه‌ گڕ بگرێت و له‌ڕێیه‌وه‌ وزه‌ی گه‌رمی بگۆڕێت بۆ جوڵه‌ وزه‌. 

پلاك هه‌ر جۆرێك بێت كاریگه‌ریی نییه‌ له‌سه‌ر زیادكردنی توانای بزوێنه‌ر له‌ڕووی ژماره‌ی (HP)یه‌كان یان گوڕ و تاودانییه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌وڵبدرێت جۆری باش و گونجاو به‌كاربێت تاهێزی كاری بزوێنه‌ر باشتر بكات. 

به‌شێوه‌ی ستاندارد هه‌ر پلاكێكی ئاسایی ده‌توانرێت بۆ ماوه‌ی (30 تا 60) هه‌زار كیلۆمه‌تر به‌باشی كاربكات، له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌ ملیاره‌ها جار پریشكی ئاگری خستۆته‌ ناو پستۆنه‌كانه‌وه‌ و به‌وه‌ش ته‌مه‌نی كورت ده‌بێته‌وه‌ تا به‌ته‌واوه‌تی له‌كار ده‌كه‌وێت.- 

له‌نیشانه‌كانی لاوازبوون یان له‌كاركه‌وتنی پلاكه‌كان

- سه‌رفكردنی ڕێژه‌یه‌كی زۆری سوته‌مه‌نی، كاتێ یه‌كێ له‌پلاكه‌كان تێك ده‌چێت سوتانی ته‌واو له‌نێو مه‌كینه‌كه‌ ڕوونادات و تێبینی زیاتر سه‌رف كردنی سوته‌مه‌نی ده‌كرێت.

- دره‌نگ وه‌رگرتنی سلف و كاركردنی مه‌كینه‌، كه‌ هه‌ندێ جار یه‌كه‌م جار سلف وه‌رناگرێت

- هه‌ندێ جار له‌كاتی ڕۆیشتندا ده‌یبڕێت

- هه‌ندێك جار له‌كاتی وه‌ستاندا هه‌ست به‌ له‌رزینێ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌كه‌یت.

_ به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای مه‌كینه‌كه‌

- نیشانه‌كان له‌ئۆتۆمبێلیكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر ده‌یگۆڕێت 

بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر (3 تا 4) مانگ جارێك پلاكه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ و ته‌ماشایان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌ستمان به‌ تێكچوون یان سووتان و كه‌مبوونه‌وه‌ێ كرد، بیگۆڕین، نرخه‌كه‌شی گونجاوه‌ و زۆر گران نییه‌، به‌ڵام پشتگوێ خستنی ده‌كرێت زیانی گه‌وره‌تر بخاته‌وه‌.

 

م-ع-كانی